ئا: ئیمان زەندی
ڕێکەوت نەبوو کە سەرۆککۆماری نوێی ئێران، "مەسعودی پزیشکیان" یەکەم گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات، بەعێراق دەستپێکرد، ئەو بەغداو هەولێرو سلێمانیو نەجەفو بەسرەشی بەسەرکردەوە، پزیشکیان پەیامی ئەوەی گەیاند کە عێراقو هەرێمی کوردستان دەروازەی ستراتیجیین لەپڕۆژەو ئەجنداکانی ئێراندا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران دەڵێت "ئامانجێکی سەرەکی ئەم سەردانە لەڕووی ئەمنییەوە زیاتر وابەستەکردنی عێراقو هەرێمی کوردستانە بەئێرانەوە".
وەزیری ناوخۆی هەرێمو بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی رێککەوتنی ئەمنی جێبەجێ دەکەن
هەڵبژاردنی عێراقو هەرێمی کوردستان لەلایەن پزیشکیانەوە لەیەکەم گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات، پەیامێکی روونی بەهەموو لایەک گەیاند کە ئێران وەک دەروازەو راڕەوێکی ستراتیجی روەو سوریاو لوبنانو جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەی بە"هیلالی شیعی" ناودەبرێت، لەعێراقو هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.
بەسەردانەکەی پزیشکیاندا وادەردەکەوێ تێڕوانینی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان گۆڕابێت، پێشتر هەولێر بەهەڕەشە ناودەبرا بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانو ئێستا هەردوولا لەهەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیاندان. ئێران رێککەوتننامەیەکی ئەمنی لەگەڵ عێراقو هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە، کە خزمەت بەئەجنداکانی دەکاتو سەرەتاکەشی بەگواستنەوەی کۆمەڵەکان بۆ کەمپی سورداشو رادەستکردنەوەی دوو ئەندامی حزبی دیمکراتی کوردستانی ئێران دەستیپێکرد.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران، نازم دەباغ لەمبارەوە راشكاوانە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران خوازیارە هەرێمی کوردستان لەڕووی ئەمنییەوە وابەستەی بێت، دەباغ بەئاوێنەی وت "ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەنێوان ئێرانو عێراقو هەرێمی کوردستان کراوە، لەڕووی ئەمنییەوە هەرێم زیاتر وابەستەی ئێران دەکات، من وایدەبینم. پزیشکیان وتبووی: ئێمە هاتووین لەهەموو بوارەکان پەیوەندیکانمان بەهێز بکەین لەبواری ئابوریو سیاسیو ئەمنیو فەرهەنگیش، واتە مەسەلەی ئەمنو ئاسایش وەک خوێدان وایە لەسەر سفرەو خوان، کە هەمیشە پێویستو لەبەرچاوە".
وتیشی "بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لەگەڵ عێراق کراوە، ئەنجومەنی ئاسایشی عێراقی کوردستانیش دەگرێتەوە، چونکە وەزیری ناوخۆی هەرێم ئەندامە لەو ئەنجومەنەدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی".
نازم دەباغ، ئەوەش رووندەکاتەوە کە ئامانجێکی سەرەکی دیکەی سەردانەکەی پزیشکیان بۆ کوردستان بەهێزکردنی پەیوەندی ئابوریو بازرگانیو دەرفەت رەخساندانە بۆ سەرمایەگوازاریی، چونکە هەرێمی کوردستان دەتوانێت پردێک بێت بۆ پەڕینەوەی ئەو ئاڵوگۆڕە لەهەرێمەوە بۆ ناوەڕاستو خوارووی عێراقو تەنانەت بەرەو سوریاو لوبنانیش.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتی، شوان کەلاری ئاماژە بەوە دەکات کە لەرووی ستراتیژییەوە حکومەتی هەرێم باوەڕیان بەوەیە نابێت خاکی هەرێم ببێتە هەڕەشەو فاکتەری نائارامی بۆ دەوڵەتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران، ئەو وتی "ئێمە هەرێمێکی دەستورین لەچوارچێوەی عێراقدا، بەشدار بووین لەگفتوگۆ ئەمنییەکانو خاکی هەرێمی کوردستان نابێت بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان".
بەوتەی د. مەهدی ئەبوبەکر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لەزانکۆی سلێمانی، ساڵی رابردوو لەنێوان ئێرانو عێراقدا کە رێککەوتننامەی ئەمنی واژۆکراوە بەئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان، ئێرانییەکان نیگەران بوون لەبوونی بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لەکوردستان، داوایان کردووە ئەو بنکەو بارەگایانە زیاتر دووربخرێنەوە لەسنورەکانی ئێرانو داواکەشیان جێبەجێکراوە، ئەو وتی "بمانەوێتو نەمانەوێت ئێران دەوڵەتێکی گەورەیەی ناوچەکەیەو هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی نادەوڵەتی ڕەنگە نەتوانێت بەوشێوەی خەڵکی چاوەڕوانی دەکات لەهەر روویەکەوە رووبەرووی ئێران ببێتەوە، هەربۆیە ڕەنگە لەهەندێک کاتی دیاریکراودا هەرێم ناچاربێت سازش بۆ ئێران بکات لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی".
پزیشکیان لەهەولێر
سەردانی پزیشکیان کێشەکانی هەرێمو بەغدا چارەسەر دەکات؟
یەکەمجارە لەمێژووی پەیوەندییەکانی ئێرانو عێراقدا، سەرۆککۆمارێکی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەم سەردانەی پزیشکیان پاش ئەوە دێت کە پەیوەندییەکانی نێوان تارانو هەولێر لەسەردەمی ئیبراهیمی رەئیسی سەرۆککۆماری پێشووی ئێراندا، گرژیو ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیو چەند جارێک هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە موشەکباران کراو بەدرۆنیش لەلایەن هێزە هاوپەیمانیەکانیەوە لەعێراق پەلامار دەدرا، بەو پێیەی هەولێر کراوەتە بنکەی موسادی ئیسرائیلی بۆ سیخوڕی کردن بەسەر ئێرانو هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بەم سەردانەی پزیشکیان سەردەمێکی نوێ لەپەیوەدنی نێوان ئێرانو هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتو دەرگا بەڕووی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا دەکرێتەوە؟
نازم دەباغ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا ئاماژە بەوە دەکات کە عێراقو هەرێمی کوردستان بەهەمووییەوە گرنگە بۆ ئیران، ئەو بەئاوێنەی راگەیاند "سەردانەکەی پزیشکیان، لەم قۆناغو کاتەدا گرنگیەکەی لەوەدایە کە هەرێمی کوردستان بەهەموویەوە بۆ ئەوان گرنگە لەچوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا، پزیشکیان تەئکیدی کردەوە لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت سنوور لەنێوان وڵاتە ئیسلامییەکاندا نەمێنێت، ئێران دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵی حێراقو هەرێم پتەوو بەهێزتر بکات".
وتیشی "ئێران لەهەموو روویەکەوە عێراقی بەهەموو پارچەکانەوە دەوێت، پزیشکیان چوە بەسڕەو نەجەفیش، ئەگەر وڵاتێک بیەوێت ئارام بێت دەبێت هەوڵبدات بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی کە هەیە، دەبێت شتێکیش بڵێین کە چەپڵە بەیەک دەست لێنادرێت، لەم ئاشتەوایەدا چارەسەرەکان سێ لایەنە، یەکەم کوردستان دەبێت خۆی لەهەوڵدا بێت کە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی بدات، دووەم عێراق، ئینجا سێیەم ئێران دەتوانێت کارێک بکات".
شوان کەلاری، رایەکی دیکەی هەیەو پێیوایە سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران دەبێتە مایەی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمو بەغدا، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێران رۆڵێکی میحوەری هەیە هەم لەناوچەکەو هەم لەعێراقیش، ئێران کاریگەریی لەسەر بەغدا زۆرە، بۆیە بەدڵنیاییەوە هاتنی پزیشکیان دەبێتە مایەی نەهێشتنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمو بەغدا، چونکە مەبەستیەتی عێراقێکی سەقامگیر هەبێت کە لەبەرژەوەندی ئەوانیشە".
وتیشی "باشبوونو بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان هەرێمو تاران، هۆکار دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێرو بەغدا".
بەڵام د.مەهدی ئەبوبەکر، چاودێری سیاسی پێیوایە نابێت بنمیچی چاوەڕوانیەکان بۆ ئەم سەردانە زۆر بەرز بێتو چاوەڕێ بکرێت کە سەردانەکەی پزیشکیان بۆ بەغداو هەولێر، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستانو بەغدا چارەسەر دەکات، چ کێشە داراییو ئابورییەکان، چ سیاسییەکانو ئەمنییەکان، ئەو وتی "دەتوانین بڵێین ڕەنگە لەنزیکمەودا یان دوورمەوداشدا سەردانەکەی پزیشکیان کاریگەرییەکی ئیجابی لەسەر خاوکردنەوەو گرژیەکانی نێوان هەرێمی کوردستانو بەغدا دەبێت، بەڵام ئەم سەردانە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانو عێراق بەتەواوی ئاسایی ناکاتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە پزیشکیان کۆتایی بەگەشتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بەسلێمانی هێنا، وەک ئەوەی پەیامی دڵنیایی بەیەکێتی بدات کە هیچ لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ ماڵی بارزانی لەسەر حسابی پەیوەندییەکانی نێوان ئێرانو ماڵی تاڵەبانی نابێت.
پزیشکیان لەسلێمانی
بەکوردی قسەکردنەکەی پزیشکیان تەنها مجامەلەیە
پزیشکیان لەهەولێر لەگەڵ سەرکردەکانی حکومەتی هەرێمو پارتی کۆبۆوەو دوور لەنەریتە دیبلۆماسییەکان بەزمانی کوردی قسەی کرد، بەبێ ئەوەی پێویستی بەوەرگێڕ بێت، نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران پێیوایە بەکوردی قسەکردنەکەی پزیشکیان "تەنها مجامەلەیە".
دەباغ وتی "من کەسێکم زۆر بڕوام بەوە نییە کێ بەکوردی قسە دەکاتو کێ بەعەرەبی قسان دەکات، خەڵک هەیە کوردەو کوردزوبانیشە سوودو کەڵکی نییە بۆ وڵاتەکەی. پزیشکیان لای ئێمە ویستی ئەوە نیشانبدات کە کەسێکە دایکی کوردەو باوکی ئازەرییە، بەڵام لەگرتەیەکدا من گوێم لێبوو دەیوت دایکیشم هەر ئازەرییە! بۆیە لێرەدا ئەمە جۆرێک لەمجامەلەو تەعاروفە دەیکات، ئەگەرنا مومکینە زمانی کوردی گرنگ نەبێت بەئەندازەی ئەوەی کە نیەتی ئەوەی هەبێت بۆ هاوکاری چارەسەرکردنی ئەو شتانەی لەناوچەکە هەیە، بەتایبەتی کێشەی کورد، کە ئێرانو عێراقیش دەگرێتەوەو شوێنی تریش دەگرێتەوە، کوردیەکە مجامەلەیە ئەگەر ئەنجامی نەبێت".
وتیشی "خەڵک هەیە لێرە بەکوردی قسە دەکاو بەکوردی شیعریش دەڵێ، بەڵام چی بۆ کورد دەکات؟ هیچی بۆ کورد نەکردووە، پێویست ناکات کوردیش ئەوەندە سادە بێت بەکوردی قسەکردنێک هەڵبخەڵتێت! پزیشکیان لەدانیشتنێکدا کە زۆر بەلامەوە سەیر بوو دەڵێت: من مەسعودم، بارزانیش مەسعودە، من لەمەهاباد لەدایکبوومو ئەویش لەمەهاباد لەدایکبووە، هەردووکیشمان دوو بەرپرسین، ئەمە تا ئێرە. کەواتە دەتوانن بەو رۆحیەتە لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکاندا بن، هەربۆیە ئێمەش با پەلەمان نەبێت جارێ تازەیەو بزانین کۆتاییەکەی چۆنە".
دەباغ، رەشبینی خۆی لەبارەی ئایندەی کوردو حزبەکانی رۆژهەڵات ناشارێتەوە، ئەو وتی "من حەز دەکەم قسەیەک بکەم کەمێک ڕەشبینییە، ئەگەر کورد بۆ خۆی وریاو هۆشیار نەبێ، من پێموایە ئەمجارە رێککەوتنی ئاشتەوایی گشتی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست مومکینە لەسەر کەوڵکردنی پێستی کورد بێت، چونکە تورکیاو سوریاو عێراق لەگەڵ ئێران کێشەیەکی هاوبەشیان هەیە کە کێشەی کوردە".
وتیشی "ئەمڕۆ کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیش وەکو هێزێک فاکتەرێکن لەو بابەتانەی کە باس لەکێشەو چارەسەرکردنیان دەکرێت، ئەوەیان دەبێت سەیر بکەین بزانین ئەو وڵاتانە چۆن بیر لەچارەسەرکردنی کێشەکانی کورد دەکەنەوە، مومکینە ڕێکەوتنێکی دیکەی جەزائیر بەشێوازێکی تازە نەک هەر لەنێوان ئێرانو عێراق، بەڵکو لەنێوان هەرچوار وڵاتدا ئێرانو عێراقو تورکیاو سوریا بکرێت لەسەر حسابی کورد".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.