بۆچی کاندیدە ژنەکان هێندەی کاندیدە پیاوەکان دەنگیان نەهێنا؟
  2024-10-29       553       
ئایا ئەو ژنانەی دەچنە پەرلەمان‌ داکۆکیکاریی ئازادی‌و مافەکانی ژنانن؟

ئا: هێڤی ئاوات

 

لەو ١٠ کاندیدە یەکەمەی هەڵبژاردنی کوردستان کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا، هیچیان ژن نەبوون، تەنانەت لەهیچ کام لەلیستەکاندا کاندیدە ژنەکان براوەی یەکەمی لیستەکانیان نەبوون، ژنە کاندیدێک دەڵێت "بەداخەوە هەمیشە لەناو حزبەکاندا بەعەلمانی، ژنە کاندیدێک دەڵێت "بەداخەوە هەمیشە لەناو حزبەکاندا بەعەلمانی‌و ئیسلامی‌و چەپەکانیشەوە هەمیشە ژن هەر بە پلە دوو دەبینرێت".

 

 نەشمیل غەفور، مامۆستایەکی تەمەن ٤٥ ساڵەو بەدەم سەیرکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان‌و دەرچوونی کاندیدەکانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، سەری لەوە سوڕماوە لەناو ئەو هەموو ژنە کاندیدانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، کە زۆرترین ژنە کاندیدی هەبوو،  یەکێکیان بەدەنگی خۆیان سەرنەکوتوون‌و ئەگەر کۆتا نەبێ، کەسیان ناتوانن بچنە پەرلەمانەوە، ئەو وتی "هەڵبژاردن بەلیستی کراوە لەبەرژەوەندی ژانان نییە، لەبەرئەوەی سروشتی کۆمەڵگەی کوردی وایە، هەتا پیاوێکی ناسراوی سیاسی یان کۆمەڵایەتی هەبێت، خەڵک دەنگ نادات بەژنێک".

وتیشی "راستان دەوێ کۆی مەسەلەکە ئەوەیە حزب‌و لایەن‌و لیستەکان ئەوەندەی بەپێی یاسای کۆتا رێژەیەکی دیاریکراو لەژنانیان بەسەردا سەپێنراوە، نیو ئەوەندە بەبڕوای تەواوی خۆایان نەبووەو نییە لەبەرئەوە چاوەڕوانکراوە کە ئەنجامەکان وابێت‌و کاندیدە ژنەکانی ناو لیستەکان هێندەی کاندیدە پیاوەکان دەنگ نەهێنن".

 

زۆرێک پێیانوایە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژنانیان تووشی شۆک‌و نائومێدی کردو کۆمەڵگای کوردستانی خستە ژێر پرسیارەوە کە ئایا تێڕوانینیان بۆ ژنان کراوەو سەردەمیانەیە؟ ئەمە جگە لەوەی ئایا لیستەکان ئەوەندەی ئیشیان بۆ کاندیدە پیاوەکان کرد هێندە ئیشیان بۆ کاندیدە ژنەکانیش کرد؟

 

شەیدا مەعروف، کاندیدی لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تووشی نائومێدی کردووە، بەتایبەتی کە زۆربەی هەرە زۆری ژنان ئەو رێژە دەنگەیان بەدەستنەهێناوە کە بۆ بەئەندامبوونی پەرلەمان دیاریکراوەو دەبێت سیستەمی کۆتا بیانگرێتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەداخەوە هەمیشە لەناو حزبەکاندا بەعەلمانی‌و ئیسلامی‌و چەپەکانیشەوە هەمیشە ژن هەر بەپلە دوو دەبینن، ئەوەی نەیهێشت کە ژنان هاوشانی پیاوان دەنگ بهینن ئەو فکرە سیاسییە دواکەوتووەو پارتەکان هیچ ئامادەکاریی ئەوەیان تیا بەهەمان ئەندازە پشتگیری ژنان بکەن کە پشتگیری پیاوەکانیان کرد، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەو دەرفەتانەی بۆ پیاوانیان رەخساند بۆ ژنیانیان نەڕەخساندو پشت‌و پشتیوانیان نەبوون".

وتیشی "کۆمەڵگەی پیاوسالاریی‌و دواکەوتوو کە ژن دەگەڕێنێتەوە بۆ ژێردەستەیی خێزان‌و کۆمەڵگە، نایەڵێ ژن پێشبکەون، لەمەشدا کۆمەڵگە بەگشتی‌و پارتەکان بەتایبەتی رۆڵیان هەیە، ئەمە دەرەنجامی ئەو پەروەردەیەیە لەخێزان‌و کۆمەڵگەو دواجار لەناو پارتەکانیشدا هەیە، ئێمە نەمانتانیوە تاک بەجۆرێک پەروەردە بکەین بڕوای بەتوانای بەژن بێت، ژنەکان خۆیان‌ وا پەروەردە بکەین بڕواو متمانەیان بەخۆیان بێت‌و پشت بەخۆیان ببەستن".

شەیدا جەغت لەوە دەکات کە بەشێکی بەرچاو لەو ژنانەی لەهڵبژاردنیشدا سەرکەوتوون، ژنی شایستەو کارامەو لێهاتوو نین‌و تەنها بەویست‌و خواستی پیاوی پارتەکان سەرکەوتون، ئەمەش بەکاریگەری پیاو ناودەبات لەسەر کۆمەڵگە کە دەبێ هەر پیاو پێشەنگایەتی بکات، ئەو وتی "ئایا ئەو ژنانەی دەچنە یان چوونەتە پەرلەمان‌و نوێنەری ئەم خەڵکە باشترین‌و بەتواناترین ژنن؟ ئایا ئەوانە داکۆکیکاریی ئازادی‌و مافەکانی ژنانن؟ نەخێر ئەمانە ئەو ژنانەن تەنها (بەڵێ)یان پێدەکەن".

وتیشی "ژن هەیە دەرچووەو چووەتە پەرلەمان لەهیچ دانیشتنێکدا ئەلف‌و بێیەکی نەوتووە، بەڵام بۆچی دەرئەچن؟ لەبەرئەوەی حزبێک‌و پیاوێک لەپشتیان بووە".

 

زۆربەی بۆچوونەکان باس لەوە دەکەن کە دەنگ نەهێنانی ژنان لەهەڵبژاردندا زیاتر پەیوەندی بەبیرکردنەوەی خەڵکەوە هەیە، کارێکی ئاسان نییە لەکۆمەڵگەی کوردیدا ژنان لەبەرامبەر پیاواندا بتوانن دەنگی زیاتر بهێنن، بەڵام بەشێک لەکاندیدەکان پێیانوایە دەنگیان هێناوەو بەهۆی ئەنجامدانی پێشێلکاریی‌و ساختەکارییەوە، سەرکەوتنیان بەدەستنەهێناوە.

 

پەیمان ئەحمەد کەلاری، کاندیدی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات کە حزبەکەیان کەمتەرخەم نەبووە بەرامبەر بەژنە کاندیدەکان، بەڵام رەنگە زیاتر بایەخ‌و گرنگی بەکاندیدێک دابێت بەراورد بەکاندیدێکی تر، ئەو بەئاوێنەی وت "بەبڕوای من هۆکاری ئەوەی کاندیدە ژنەکان هێندەی کاندیدە پیاوەکان دەنگیان نەهێنا، تێڕوانینی کۆمەڵگەیە بۆ ژنان، کەوا دەزانن ژن ناتوانن رۆڵی پیاو ببینن".

وتیشی "من خۆم بەکەسێکی بەتوانا دەزانم، بۆیە خۆم هەلبژاردووە، یەکەم ژن بووم لەگەرمیان کە مۆڵەتی شۆفێریم وەرگرتووە، زانکۆم تەواو کردوەو ئێستا کاری پارێزەری دەکەم، هۆکاری زۆرە کە دەنگی پێویستم نەهێنا، گرنگترینیان ئەو  پێشێلکاریی‌و ساختەکارییەیە کراوە، ئەگینا من هەر لەدەنگی تایبەت خۆیان پێیانوتم تۆ یەکەم بوویت".

 

هەروەها شنۆ عەبدوڵا، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری باس لەوە دەکات کە سەرچاوەیەک پێیوتووە ٣٤٠٠ دەنگی هێناوە، بەڵام بە بەرنامە کەمکراوەتەوەو دەرفەتی دەرچون بۆ پەرلەمانی لێزەوت کراوە، ئەو بەئاوێنەی نەوت کە کێ دەنگەکانی کەم کردووەو وتی "كێ کردویەتی؟ ئەوە وردەکارییەکەی لای خۆمەو باسی ناکەم".

بەڵم بەپێی ئەو ئەنجامانەی کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، شنۆ دەنگی پێویستی بەدەستنەهێناوە بۆ بوون بەئەندامی پەرلەمان، ئەو وتی "من بەتەما بووم بەدەنگی خۆم دەرچم نەک بگەمە کۆتاکانیش، بەڵام هەستم کرد ئەمە دەستێکی دەرەکی بووەو هاتوەتە ناو ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەو ئەوانەی مەبەستیان بووە نەیانهێشتووە دەربچن".

بەڵام سەڕەرای ئەوەش ئاماژە بەوە دەکات کە لەلیستەکەیاندا تەنها ٣ پیاو دەرچون‌و تەنانەت ئافرەتێکیشیان بەکۆتاش دەرنەچووە، ئەو وتی "ژن خۆی توانای هەیە وەک پیاو، بەڵام کێشەکە ئەوەیە خودی کۆمەڵگا وایەو زۆرجار ژن دەنگ بەژن نادات یاخود کەمترین ژن دەنگ بەژن دەدەن، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە ئەو متمانەیەی بەپیاوی هەیە بەژنی نییەو تێڕوانینی باو وایە کە پیاوەکە باشتر کار دەکات لەژن، ئەمەش تێگەیشتنێکی هەڵەیە".

وتیشی "لەحزبی ئێمەدا ژن‌و پیاو وەکو یەک کاریان بۆ کراوە، بەڵام سەرباری ئەوەش هەر دەنگی پیاوەکان زیاتر بووە، کاندیدە ژنەکان لەناو حزبە عەلمانی‌و ئیسلامییەکانیشدا دەنگیان کەم هێناوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×