ئا: ئاوێنە
دوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی خۆڕوتكردنەوەی كچێك لەنێو حەرەمی زانكۆی ئازادی تاران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كارەكەی ئەو كچە جارێكی تر پرسی حیجابی زۆرەملێی لە ئێران هێنایەوە بەر باس.
دوێنێ شەممە، ڤیدیۆی كچێك لەنێو حەرەمی یەكەی زانست و لێكۆڵینەوەی زانكۆی ئازادی تاران بڵاوكرایەوە كە بە جلی ژێرەوە لەنێو حەرەمی زانكۆ دەگەڕێت كە دواتر دەستگیركرا. ئەوەش كاردانەوەی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیدا هێناوەو جارێكی دیكە پرسی حیجابی زۆرەملێی لە ئێران هێنایەوە بەر باس.
لێرە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆكە
لە ڤیدیۆكە كچێك لەنێو حەرەمی زانكۆ دەبینرێت كە بە جلی ژێرەوە سەرەتا لەسەر سەكۆیەك دانیشتوەو وا دەردەكەوێت كە لەگەڵ پاسەوانانی زانكۆكەدا لە مشتومڕدا بن بەڵام دەنگیان نابیسترێت.
پاش ئەوە لە ڤیدیۆكەدا كچەكە دەبینرێت كە زۆر بە ئاسایی لەنێو حەرەمی زانكۆكەدا بە جلی ژێرەوە دەگەڕێت.
لە ڤیدیۆكاندا تەنیا ساتەكانی پاش خۆڕوتكردنەوەی كچەكە تۆماركراون و ئەو كاتەی كچەكە خۆی روتدەكاتەوە لە ڤیدیۆكاندا نابینرێت.
لە ڤیدیۆیەكی دیكەدا كە كاتی دەستگیركردنی كچەكە دەردەخات و لە مەودایەكی دورەوە گیراوە، كچەكە دەبینرێت كە بە شەقامێكی نزیك زانكۆكەدا تێدەپەڕێت و چەند ساتێك دواتر یەك ئۆتۆمبێلی پراید دێتە شوێنەكە و چەند پیاوێك لە ئۆتۆمبێلەكە دادەبەزن و بە لێدان كچەكە سواری ئۆتۆمبێلەكە دەكەن و دەیبەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەلایەن میدیاكانی دەرەوەی ئێران و ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە ئەو كچە وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ ئەو كارەی ئەنجام داوە.
لە بەشێكی زۆر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەبارەی خۆڕوتكردنەوەی كچەكەوە ئاماژە بەوەدراوە كە ئەو كچە دوای ئەوەی كەسێكی بەسیجی، بەهۆی ئەوەی لەچكەكەی بەتەواوەتی لەسەر نەبوە روبەروی دەبێتەوەو هەروەها جلەكانی لەلایەن پاسەوانەكانی زانكۆوە دەدڕێنرێن، وەك كاردانەوەیەكی ناڕەزایەتی خۆی روتكردۆتەوە.
دو شایەتحاڵ كە قسەیان بۆ بی بی سی فارسی كردوە، وردەكاری جیاوازتریان باس كردوە لەوەی كە كاری ئەو كچە بەهۆی دروستبونی دەمەقاڵەو شەڕ بوبێت لەگەڵ پاسەوانەكانی زانكۆدا
بەپێی قسەی ئەو دو شایەتحاڵە، بەرلەوە كچەكە چوەتە نێو چەند كڵاسێك و بە مۆبایلەكەی وێنەی گرتوەو یەكێك لە مامۆستاكان توڕە بوەو چەند خوێندكارێكی ناردوە بەدوای كچەكەدا بۆ ئەوەی بزانن بۆچی ئەو كارەی كردوە، بەڵام بەپێی قسەی یەكێك لە شایەتحاڵەكان كچەكە لە كاتی روبەڕوبونەوەی ئەو خوێندكارانەدا دەستی بە هاواركردن كردوە.
یەكێك لە شایەتحاڵەكان وتویەتی، كاتێك ئەو گەیشتۆتە حەوشەی زانكۆكە بینیویەتی كچە خۆی روتكردۆتەوەو هەردو شایەتحاڵەكە وتوشیانە ئاگاداری ئەوە نین كە بەرلەوەی كچەكە بچێتە كڵاسەكان چی رویداوە.
بەپێی قسەی ئەو دو شایەتحاڵە، كچەكە لە كاتی چونە نێو كڵاسەكان بەردەوام وتویەتی، "من هاتوم رزگارتان بكەم." رستەیەك كە خوێندكارێكی دیكەی زانكۆكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس پشتڕاستی كردۆتەوە كە كچەكە هەمان شتی وتوە.
بەپێی قسەی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی زانكۆكە، هیچ شەڕێك لەنێوان ئەو كچەو پاسەوانانی زانكۆكە روی نەداوەو لێكۆڵینەوەكان دەریدەخەن كچەكە "بەهۆی جێگرنەبونی باری دەرونی"، چوتە نێو كڵاسەكان و وێنەی خوێندكاران و مامۆستاكانی گرتوەو پاش ئەوە خوێندكاران و پاسەوانانی زانكۆكە لەسەر ئەوە روبەڕوی بونەتەوە كە بۆچی بێ مۆڵەت وێنەیان دەگرێت، كچەكەش پاش ئەوە خۆی گەیاندۆتە حەوشەی زانكۆ و لەوێ خۆی روتكردۆتەوە.
جەختیشی كردۆتەوە كە روبەڕوبونەوەكە هیچ پەیوەندییەكی بەوەوە نەبوە كە كچەكە رەچاوی حیجابی نەكردبێت. میدیا رەسمییەكانی ئێرانیش هەمان شت دەڵێن، گوایە هۆكاری خۆڕوتكردنەوەی كچەكە ئەوە بوە كە خوێندكاران روبەڕوی بونەتەوە لەسەر ئەوەی كە وێنەی گرتون.
بەپێی قسەی زانكۆكە، كچەكە لە ئێستادا گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەكی دەرونی.
لای خۆیەوە رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ داوای كردوە دەستبەجێ ئەو كچە ئازادبكرێت و خۆڕوتكردنەوەی ئەو كچەیشی بە "ناڕەزایەتی دژبە بەكارهێنانی توندوتیژی بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ" ناوبردوە.
رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران خۆیان بەدور بگرن لە ئەشكەنجەدان و ئەنجامدانی رەفتاری خراپ لەگەڵ ئەو كچەو مافی بەدەستهێنانی پارێزەری هەبێت و لێكۆڵینەوە لەو بانگەشانەش بكرێت كە دەوترێت لەكاتی دەستگیركردنیدا كچەكە روبەڕوی لێدان و توندوتیژی سێكسی بۆتەوە.
مای ساتو، نێردەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، وتویەتی، لەنزیكەوە بەدواداچون بۆ ئەو روداوەو لێكەوتەكانی دەكات.
روداوەكە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو جارێكی دیكە پرسی حجابی زۆرەملێ و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژبەو پرسەی هێناوەتە بەر باس.