هەموو دنیا چاوی لەسەر ئەمەریکایە
  2024-11-03       864       

ئا: ئاوێنە

 

هەموو دنیا بەبایەخەوە چاویان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکایە، هاریس دەیباتەوە یان ترامپ؟ هەر کامیان سەرکەون دیدو روانین‌و سیاسەت‌و ستراتیچییان کاریگەری لەسەر سەرتاسەری جیهان بەباش یان خراپ دەبێت، سیاسەتمەدارێکی لوبنانی ناحەقی نەبووە کە وتویەتی "حەق وایە هەموو دانیشتوانی ئەم هەسارەیە مافی دەنگدانیان لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا هەبوایە".

 

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌چه‌ندین روه‌وه‌ جێی‌ بایه‌خ‌و گرنگه بۆ هەموو جیهان‌، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە تا ئەمڕۆ بزوێنەری هەموو رووداوە گەورەکانی جیهانە، له‌م وڵاته‌دا كه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی‌ كیشوه‌رێك به‌رین‌و فراوانه‌و له‌باوه‌شی‌ دوو ئۆقیانووسی‌ گه‌وره‌ی‌ جیهاندا هه‌ڵكه‌وتووه‌، یه‌كێك له‌سیسته‌مه‌ هه‌ره‌ دیموكراسییه‌كانی‌ جیهان سه‌قامگیره‌. ره‌نگه‌ گرنگی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌وه‌وه‌ بێت كه‌ خاوه‌نی‌ به‌هێزترین‌و تۆکمه‌ترین هێزی‌ سه‌ربازی‌ جیهانه‌، بودجه‌ی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌گه‌وره‌ترین بودجه‌ی‌ سه‌ربازی‌ دونیا داده‌نرێت، زۆربه‌ی‌ ئه‌م بوجه‌یه‌ی‌ په‌نتاگۆنیش ته‌رخان كراوه‌ بۆ داهێنانی‌ نوێی‌ ته‌كنیك‌و ته‌كنه‌لۆژیا كه‌ بنه‌مای‌ باڵاده‌ستی‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌سه‌ر جیهاندا.

 ئه‌مه‌ریكا زیاتر له‌700 بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌36 وڵاتی‌ جیهاندا هه‌یه‌، گرنگترین ئۆقیانووس‌و ده‌ریاكانی‌ جیهان‌و بگره‌ ئاسماتیش له‌ژێر چاودێری‌ ئه‌مه‌ریكادایه‌، فه‌رمانده‌ییه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاش به‌سه‌ر چه‌ند روبه‌رێكی‌ جوگرافیدا دابه‌شكراون كه‌ سه‌رتاسه‌ری‌ گۆی‌ زه‌وی‌ ده‌گرنه‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌و به‌رپرسیارێتی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ دیاریكراوی‌ ئه‌م دونیایه‌یان له‌ئه‌ستۆدایه‌.
له‌ڕووی‌ ئابورییه‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا به‌وڵاتی‌ "سه‌رمایه‌" ناوده‌برێت، له‌دوای‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ بریتنودزی‌ 1944ه‌وه‌، دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ گرنگترین بزوێنه‌ری‌ پرۆسه‌ی‌ بازرگانی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، تاكه‌ دراویشه‌ له‌ئاستی‌ جیهاندا كه‌ به‌های‌ هه‌موو دراوه‌كانی‌ تر له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نرخه‌كه‌ی‌ دیاریده‌كرێت، له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا دیاریكردنی‌ نرخی‌ زێڕ‌و نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا به‌دۆلاره.

گه‌وره‌ترین بۆرسه‌ی‌ جیهان "ۆل ستریت" له‌ئه‌مه‌ریكادایه‌ كه‌ رۆژانه‌ ده‌یان ملیار دۆلاری‌ تێدا ئاڵووێر ده‌كرێت. به‌شێكی‌ زۆری‌ ملیاردێره‌كانی‌ جیهان كه‌ هه‌ندێكیان ته‌مه‌نیان له‌خوار چل ساڵه‌وه‌یه‌ دانیشتووی‌ ئه‌مه‌ریكان.

له‌كۆی‌ 30 فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ی‌ جیهان، حه‌ڤده‌یان له‌ئه‌مه‌ریكادان، باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ سندوقی‌ دراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، بانكی‌ جیهانی‌‌و رێكخراوی‌ گات "بازرگانی‌ جیهان" له‌ئه‌مه‌ریكادان كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ئابوری‌ جیهان دیاریده‌كه‌ن. باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ئه‌مه‌ریكادایه‌.

به‌پێی‌ پله‌به‌ندی‌ باشترین زانكۆكانی‌ جیهان، له‌نێو بیست زانكۆدا حه‌ڤده‌یان ئه‌مه‌ریكین. دە کۆمپانیای هەرە گەورەی یەکەمی دنیا ئەمەریکیین. زۆرترین رێژه‌ی‌ وه‌رگرانی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبل ئه‌مه‌ریكین. ئینگلیزی‌ كه‌ زمانی‌ ره‌سمی‌ ئه‌مه‌ریكایه‌، ئه‌مڕۆ بووه‌ به‌زمانێكی‌ جیهانی‌‌و له‌سه‌رتاسه‌ری‌ دونیادا قسه‌ی‌ پێده‌كرێت.

ئه‌مه‌ریكا خاوه‌نی‌ گه‌وره‌ترین ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌‌و زانیاری‌ كۆكردنه‌وه‌، گه‌وره‌ترین‌و گرنگترین ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵ‌‌و كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان‌و رادیۆو رۆژنامه‌‌و گۆڤاره‌ جیهانیه‌كان‌و به‌رهه‌مهێنه‌ری‌ نوێترین داهێنانه‌كانی‌ ته‌كنیك‌و ته‌كنه‌لۆژیا‌و سه‌رنجڕاكێشترین فلیمه‌كانی‌ سینه‌ماو داهێنه‌ری‌ مۆزیكه‌ هاوچه‌رخه‌كان‌و ئامڕازه‌ سه‌رگه‌رمییه‌كانی‌ جیهانه.

ئەمەریکا هێزێکی گەردونییەو هەموو دنیا درک بەوە دەکەن کە واشنتۆن ئه‌و پایته‌خته‌یه‌ چاره‌نوسی‌ زۆربه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ دونیای‌ لێوه‌ دیاریده‌كرێت، هەربۆیە بەبایەخەوە چاویان لەسەر ئەوەیە رۆژی سێشەمە کێ دەیباتەوە: ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان یاخود هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×