ئۆپۆزسیۆن بەشێواویی‌و پەرتەوازەیی، بەرەو یەکەمین کۆبونەوەى پەرلەمان دەچێت
  2024-11-18       210       
بەرەى ئۆپۆزسیۆن ئێستا دوو بەشە: (کۆمەڵ‌و یەکگرتوو)و هێزە نوێکانى (هەڵوێست‌و بەرەى گەل)ن ١٦ کورسىییان هەیە، لەبەرامبەردا نەوەى نوێ ١٥ کورسى هەیە

ئا: وریا حسێن

 

پارتەکانى ئۆپۆزسیۆن بەڕوخسارێکى شێواوو پەرتەوازیى بەرەوو یەکەمین کۆبونەوەى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان هەنگاو دەنێن، ئەوە لەکاتێدایە پێشبینى دەکرێت خاوەن لاوازترین کوتلەى ئۆپۆزسیۆن بێت.



بەگوێرەى ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى (نەوەى نوێ، یەکگرتووو کۆمەڵى دادگەرى)و هێزە نوێیەکانى وەکو (بەرەى گەل‌و هەڵوێست) لەکۆى ١٠٠ کورسى پەرلەمان ٣١ کورسى پەرلەمانیان بەدەستهێنا، کە دەکاتە ٣١% ڕێژەى پەرلەمانى کوردستان.
بەگوێرەى پێوەرى بیرکاریانە دەنگى ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمان لە ٢١%وە هەڵکشاوە بۆ ٣١%، بەڵام لەهەمانکاتدا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان خۆیان بەستەملێکراو دەزانن، بەشێوەیەکى یەک گوزەریى ڕووبەڕوى قەیرانە شۆکھێنەرەکە نابنەوە کە "ساختەکاریە".

ڕۆژى ٤ى تشرینى دووەم، نوێنەرى حەوت لایەنى سیاسى لەبارەگاى مەکتەبى سیاسى کۆمەڵى دادگەرى لەسلێمانى کۆبونەوە، کاتێک هاتنە دەرەوە نوێنەرى حەوت لایەنە سیاسیەکە بەچەند دێڕێک بەکورتى ئەوەیان وت کە "ساختەکارى گەورە کراوە، تانەیان لەئەنجامى هەڵبژاردنەکان داوەو چاوەڕوانى تانەکانن یەکلایى ببنەوە".

نوێنەرى کۆمەڵى دادگەرى‌و بەرسى هەڵبژاردنی حیزبەکە، بێستوون حەمە ساڵح لەبارەى هەڵوێستى کۆمەڵ گفتوگۆى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە کرد، پێىوابوو ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى خولى شەشەم بۆ کۆمەڵ جێگەى نیگەرانى قوڵن، بۆیە هەر دەرەنجامێک لەو ئەنجامانە بکەوێتەوە ئەوان بەشدارى تێداناکەن، بڕواى وایە حیزبەکە تەنها خەباتى پەرلەمانى نیە بۆیە دەتوانن بەڕێگاى دیکە قەرەبووى فەراغى پەرلەمانى بکەنەوە، ئەو وتى "ئێمە بڕیارى خۆمانمان داوەو بەلامانەوە گرنگە هێزەکانى دیکە پشتیوانیمان بکەن، بەڵام ڕێزیش لەبڕیارى ئەوان دەگرین".

سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى عەلى باپیر، دواى دەرچوونى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان، سەرپەرشتى کۆبونەوەیەکى سەرکردایەتى پارتەکەى لەسلێمانى کرد، هەر دواى کۆبونەوەکە ڕایگەیاند "بەهۆى ئەو ساختەکارییەى کراوە کورسیەکانى لە ٧ کورسیەوە بۆ ٣ کورسى کەمیان کردووە، بۆیە نەچنە خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانەوە".

بەرپرسى بەشى هەڵبژاردنى کۆمەڵى دادگەرى زۆر جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوان‌و لایەنە هاوبۆچونەکانیان هاوڕان ساختەکارى ئەنجامدراوە، بۆیە تانەیان پێشکەشکردووەو چاویان لەوەیە کورسیەکانیان بۆ بگەڕێننەوە، ئەو بەئاوێنەى وت "ئەو کورسیانەى هاتوون کورسى ئێمە نین، بەڵام ناتوانین بڵێین چەند دەنگمان ساختە کراوە".

حیزبى هەڵوێستى نیشتمانى، یەکەم خولى بوو بەشدارى هەڵبژاردن بکات‌و توانى ٤ کورسى پەرلەمانى بەدەستبهێنیت، بەڵام سەرۆکەکەى، عەلى حەمەساڵح ئاشکرایکرد "ئەنجامەکان قبوڵناکەن".

بەدەل بەروارى، وەکو سەرۆک لیستى دهۆکى هەڵوێستى نیشتمانى توانى دەنگى پێویست بۆ پەرلەمانى کوردستان بەدەستبهێنیت، ئەو هیچ گومانى لەوە نیە کە ساختەکارییەکى گەورە ئەنجامدراوە، چونکە ئەو دەنگانەى پارتەکانى دەسەڵات هێناویانە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو واقعە تاڵەى خەڵک هەیەتى، بۆیە دەنگەکانى دەسەڵات بەلۆژیکى نازانێت، سەربارى ئەوە بڕواى وایە ئەو دەنگانەى بەدەستىهێناوە بەسەختى بەدەستهێناوە، بۆیە باشترین وەڵامدانەوە بۆ ئەو دەنگانە ئەوەیە ئەوان لەپەرلەمان بن‌و نابێت ئەو دەنگانە رادەستیى دەسەڵات بکرێن، ئەو بەئاوێنەى وت "گرنگە هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان پێکەوە پەرلەمان بایکۆت بکەن، دەنا بەپێچەوانەوە کارەساتە بەشدارى پەرلەمان نەکەین".

ڕاى بەدەل بەروارى هاوتا نیە لەگەڵ سەرۆکى حیزبەکەى، عەلى حەمەساڵح کە هاوڕابوو لەگەڵ کۆمەڵى دادگەرى لەکاردانەوەى ساختەکارییەکان ئەنجامەکان ڕەتبکەنەوەو نەچنە پەرلەمان.

بەبڕواى بەدەل بەروارى، یەکێتى‌و پارتى پاشان نەوەى نوێ هەریەکیان ئەجێنداى تایبەتى‌و شەخسیان هەیەو پارێزگارى لەئەجێنداى خۆیان دەکەن، نمویەکەشى لەسەر سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ هێنایەوە بۆ پەیامنێرى ئاوێنەو ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، نامەى شاسوارى لەلایە کاتێک داواى لێکردووە کە هاوهەڵوێست بن بۆ بایکۆتى پەرلەمان، بەڵام زۆر بەهەڵچوونەوە وەڵامى ئەوى داوەتەوەو وتویەتى "بۆخۆتان چى ئەکەن بیکەن و پەیوەندى بەمنەوە مەکەن".
بۆیە بەدەل بەروارى لەبەرامبەر ئەو پرسیارەى پەیامنێرى ئاوێنە ئایا ئۆپۆزسیۆنى داهاتوو لەپەرلەمان لاواز دەبێت یان بەهێز، ئەو وتى "ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن یەک کەسیش بێت‌و خۆى نەفرۆشێت بەپارتى‌و یەکێتى کاریگەرى دەبێت".

بەڕوونى بەرەى ئۆپۆزسیۆن ئێستا دوو بەشە، بەشێکى (کۆمەڵ‌و یەکگرتوو) هێزە نوێکانى (هەڵوێست‌و بەرەى گەل)ن، ١٦ کورسى پەرلەمانیان هەیە، لەبەرامبەردا نەوەى نوێ ١٥ کورسى پەرلەمانى هەیە.

نەوەى نوێ، بەهێزترین کوتلەى پەرلەمانییەو دڵخۆشە بەدەنگەکانى، بەڵام لەدەرەوەى هێزەکانى دیکە ئەجێندایەکى تایبەتى بۆخۆى هەڵبژاردووە، کورسییەکانى تێکەڵاوى هێزەکانى دیکە ناکات.

ئاوێنە گفتگۆى لەگەڵ چەندین سەرکردەى نەوەى نوێ کرد، بەڵام ئەوان خۆیان لەلێدوان‌و زانیارى پێدان بە پەیامنێرى ئاوێنە لادا.

ئاوێنە لەچەند سەرچاوەیەکەوە لەناو نەوەى نوێ جەختى لەبوونى دوو ئەجێنداو گفتوگۆ لەناو ئەو هێزە سیاسیە کردەوە، کە یەکەمیان ئەوەیە هەر هێزێک بەتایبەت سێ هێزە سەرەکیەکەى کوردستان (پارتى، یەکێتى، نەوەى نوێ) لەسەر بنەماو دیزانێکى نوێ پۆستەکان دابەش بکەن، بەجۆرێک هەر هێزە بەگوێرەى ڕێژەى دەنگەکانى بەشدارى حکومەت بکات‌و پۆستى بەربکەوێت.

ئاوێنە لەزارى سەرچاوەیەکى نەوەى نوێوە بەشدارى ئەو حیزبەى لەحکومەت بەئەگەرێکى دوور زانى، ئەگەرچى ئێستا باڵانسى پێکهێنانى حکومەت لەنێوان یەکێتى‌و پارتى نەوەى نوێیە.

هاوکاتى ئەوە، ئێستا بەئەگەرى بەهێز نەوەى نوێ یەکەمین دانیشتنى پەرلەمان بەڕێوە دەبات بەهۆى ئەوەى خاوەنى بەتەمەنترین پەرلەمانتارە، بۆیە خۆى بۆ ئەو پرسە ئامادە دەکات، بەرپرسانى نەوەى نوێ لەگفتوگۆیان لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە ئەوەیان ڕەتنەکردەوە.

پێشبینی کەسانى شارەزا لەپەرلەمان بۆ ئۆپۆزسیۆن لەخولى شەشەمى پەرلەمان ئەوەیە: لەخراپترین دۆخى خۆیدا دەبێت تەنانەت لەخولى پێنجەمى پەرلەمانیش خراپتر دەبێت، کە ئۆپۆزسیۆن گاپى زۆرى بەدەستەوەدا.

سەروەر عەبدوڕەحمان، سەرۆکى ئنستیوتى پەى کە تایبەتە بەتوێژنەوەو بڵاوکردنەوەى داتاى پەرلەمان، قسەى بۆ ئاوێنە کرد، پێى وابوو نەئەو ساختەکارییە کراوە هەندێک لەلایەنەکان دەیڵێن، نەئەو پاکەش بوو هەندێکى دیکە پێیانوایە، بەڵام دواجار هەموان بەشدارى پەرلەمان دەکەن، تانەکان ئەگەر ئەنجامى هەبوایە دەیبوو چونکە تانەلێدان لەدەنگى پوچەڵ کە لایەنەکان گومانیان لەساختەکاریان لێکردووە لەتانەى ئەو قوتابیە دەچێت کاتێک گومانى هەبوو لەنمرەکانى، نمرەکانى سەر بەرگەکەیان بۆ دەکردەوە نەوەکو دووبارە دەفتەرەکەى بۆ سەح بکەنەوە، ئەو وتى "هەڵبژاردنەکە وەکو خۆى دەڕوات‌و لایەنەکانیش دەچن بەشدارى هەڵبژاردن دەکەن".

ئەو شارەزایەی بوارى کاروبارى پەرلەمان، کە خۆشى پێشتر پەرلەمانتار بووە، زۆر دڵنیایە لەوەى پەرلەمانى خولى شەشەم ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێزى نابێت، چونکە ئێستا بەهێزترین کوتلە نەوەى نوێیە لەلایەکەو ئەوانی دیکەش لەلایەکى دیکەن، کە ئەوانیش لەناوخۆیان پەرتەوازەن ئەگەر تەماشاى بکەیت، یەکگرتووو کۆمەڵ‌و بەرەى گەل‌و هەڵوێست نزیک نین لەیەکتر، ئەو وتى "ئۆپۆزسیۆنى ئەمجارە وەکو هەمیشە لاواز دەبێت‌و دەسەڵاتیش هەوڵى کڕینیان دەدات، ئەگەر هەمووشیان نەبێت هەندێکیان دەکڕێت".

وتیشى "بەم مۆزائیکەى ئێستا هەیە، پەرلەمان چەندە لاواز بوو ئەوەندەى دیکە لاواز دەبێت، ئەجێنداى دەسەڵات وایە پەرلەمان لاواز بێت، ئەگەر پەرلەمان لاواز بێت ئۆپۆزسیۆن چۆن بەهێز دەبێت!".

پێچەوانەى پێشبینیەکان و بەرزى ڕێژەى بەشدارى خەڵک بۆ دەنگدانى ٢٠ى مانگى ڕابردوو بۆ بەهێزکردنى دەنگى ناڕازى لەپەرلەمان، دەنگى کەم‌و پەرتەوازیى ئۆپۆزسیۆن ڕەنگە کاریگەرى نەرێنى لەسەر دەنگە ناڕازاییەکان دابنێت، بەتایبەت لەهەڵبژاردنى دووەمى پەرلەمانى عێراق‌ لەمانگى تشرینى یەکەمى ساڵى ٢٠٢٥.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×