هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا دەبێت؟
  2024-11-19       253       
کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق لەسەر چەندین دۆسیەی جیاوازو ئاڵۆزە

ئا:هاوژین شکور

 

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، بەدرێژایی ساڵانی رابردوو چەندین هەڵکشان‌و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوانەی سیاسەتی هەرێم بەرامبەر بە بەغدا دادەڕێژن، حزبە سەرەکیەکانی کوردستانن، ئەم حزبانە مانگی رابردوو لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ململانێیەکی توندیان کرد بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان، ئەم هەڵبزژاردنە چ کارییەگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا دەبێت؟

 

کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێم‌و بەغدا نابێت، چونکە لەڕابردوودا پەیوەندییەکانی هەرێم پەیوەندییەک بووە لەسەر ئاستی حزبەکان دامەزراوە، پارتی لەگەڵ لایەنێکدا نێوانی باشبووەو یەکێتیش لەگەڵ لایەنێکی تردا، ئەو بەئاوێنەی وت "نەک هەر لەسەر ئاستی پەیوەندی لەگەڵ عکومەتی ناوەندی بەغدا، بەڵکو لەسەر ئاستی پەیوەندی دەرەوەش هەر بەو شێوازە حزبییە بووە، ئێمە وەک یەکێتی لەگەڵ وڵاتێک نێوانمان باشبووەو پارتیش لەگەڵ وڵاتێکی تر نێوانی باشبووە، لەبەر ئەوە پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی دامەزراوەیی کوردستانی نەبووە".

یاروەیس، ئۆباڵێ ئەمەش دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، ئەو وتی "دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم دەبێت ئەمە چارەسەر بکات بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم پەیوەندییەکی کوردستانیانەی هەبێ، نەک پەیوەندیەکی حزبیانە لەگەڵ عێراق‌و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ".

وتیشی "یەکێک لەکێشە هەرە گەورەکان‌و یەکێک لەو هۆکارانەی هەڵوێستی کوردی لەبەغدا لاواز کردووە، پەرتەوازەیی لایەنە سیاسیەکان بووە لەهەرێمی کوردستان، قوڵبوونەوەی کێشەکانمان لەهەرێمی کوردستان وایکرد کە نەتوانین لەبەغدا یەک گوتارو یەک هەڵوێست بین‌و کوردستانیانە سیاسەت بکەین لەبەغداو نەمانتوانیوە لەسەر هێڵە نەتەوەیی‌و نیشتیمانیەکان‌و ئەو پرسانەی کە پرسی ستراتیژین یەک هەڵوێست بین".

یاروەیس جەغت لەوە دەکات "ئەگەر یەکێتی‌و پارتی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر نەکەن‌و بەم پەرتەوازەییە بچنە ناو کابینەی دەیەم، ئەوا لەقۆناغی دوای هەڵبژاردندا، پێگەی هەرێمی کوردستان لەناوخۆو دەرەوە، زیاتر لاواز دەبێت".

 

بەپێچەوانەی ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەبڕوای بەشێک لەشرۆڤەکاران ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا دەبێت، چونکە جۆرێک لەهاوسەنگی لەنێوان پارتی‌و یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا هاتۆتە ئاراوە.

 

د. موئمین زەڵمی، مامۆستای زانکۆو شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان هەمیشە کێشەی لەگەڵ پەیوەندییەکاندا هەبووە، جا لەسەر ئاستی عێراق‌و لەگەڵ حکومەتە جیاوازەکانی بەغداو لەسەر ئاستی ناوچەکەو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، چونکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر دوو بنەما بەڕێکراون، کە تەواو حزبین‌و بەرژەوەندییەکانی حزب لەئەولەوییەتدایە، ئەو بەئاوێنەی وت "لەئێستادا هۆکاری ئەوەی وا دەردەکەوێت کە پەیوەندییەکی ئارام هەیە لەنێوان هەولێرو بەغدادا، ڕاستییەکەی متبوونێکە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی حوکمڕانانانی کوردستان بووە. بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا دەبێت، چونکە جۆرێک لەهاوسەنگی لەنێوان پارتی‌و یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا هاتۆتە ئاراوە، چاوەڕێ دەکرێت ئەم هاوسەنگییە بەهەردوو باردا کاریگەری لەسەر دۆخی پەیوەندییەکان دروست دەکات، هەڵبەت هەموو ئاماژەکان لەسەر ئەوەن کە پاش دروستکردنی کابینەی نوێ، کاریگەرییەکە دەردەکەوێت، تا رادەیەکیش دەتوانین بڵێین هەر جۆرە مامەڵەیەکی نوێی هەرێمی کوردستان لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢٠٢٥ەوە روونتر دەبێتەوە".

وتیشی "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی دوو ساڵ بەسەر وادەی یاسایدا تێپەڕی، بەڵام نەیتوانی وێنایەکی جیاوازترو ئارامتری هەرێمی کوردستان بۆ بەغداو عێراق‌و وڵاتانی ناوچەکەش بخاتەوە، بەڵام بانگەشەکانی هەڵبژاردن بەتایبەت بانگەشەکانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی ئەوەیان لێدەخوێنرێتەوە کە خواستێکیتر هەیە جیاواز لەمامەڵەی پێشووی هەولێر بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت لەپرسی موچەو تەوتینکردنی موچەو گواستنەوەی موچە بۆ سەر بەغدا".

 

کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق لەسەر چەندین دۆسیەی جیاوازو ئاڵۆزە، کە گرنگترینیان کێشەی نەناردنی مووچەو بودجەو ناوچە کێشە لەسەرەکان‌و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەیە، لەئێستادا جگە لەهەرێم‌و بەغدا، وڵاتانی دەوروبەرو جیهانیش کاریگەرییان لەسەر جۆنیەتی ئەم پەیوەندییانە هەیە.  

 

د.یاسین ئاشور، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لەزانستی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات کە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی سیاسی بونیاتنراوەو کاری پێدەکرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "بەهۆی بارودۆخی سیاسی‌و ئەمنی‌و پەیوەندی مێژوویی نەتەوەی کورد بەحکومەتی ناوەندەوە، دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی لەپرسی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیەکە زیاتر لەفەزایەکی سیاسیدا بەڕێوەدەچێت، زیاتر لەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستوری وەرگرێت، بۆیە سەبارەت بەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەم پەیوەندییەیە بەکوێ دەگەیەنێت، پەیوەستە بەوەی ئەو حکومەتەی لەداهاتوودا لەدەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنەدا لەهەرێم دروست دەبێت، ئاقاری پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر دیاری دەکات".

وتیشی "ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە بەجۆرێک نییە یەکلاییکەرەوە بێت، بەڵکو لەسەر ڕێکەوتنی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکە بۆ پێکهێنانی حکومەت وەستاوە، ئەگەر لایەنە براوەکان ڕێکبکەون لەسەر ئەوەی لەڕێگەی پەرلەمان‌و حکومەتیشەوە دەتوانرێت گۆتارێکی کوردی خاوەن ڕەهەندی یاسایی‌و شەرعی گەڵاڵە بکرێت‌و لەڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ‌و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەماکانی دەستوور ڕێکبخرێت‌و پەیوەندیەکی پشتئەستوور بەدەستور بێتەکایەوەو کۆتایی بەزۆر کێشەی نێوانیان بهێنێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×