نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌: ماوه‌یه‌كه هه‌ندێك لایه‌ن‌ لێدوانی ئاژه‌وه‌گێڕانه‌ دژی ئۆجه‌لان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌
  2026-09-21       35       

نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، ماوەیەکە، هەندێک لایەن لێدوانی چەواشەکارانە و ئاژاوەگێڕانە دژی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان بڵاودەکەنەوە و ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ی كه‌ مافه‌ كه‌سییه‌كانی ئۆجه‌لان پێشێلده‌كه‌ن و له‌ كه‌سایه‌تی ئه‌ودا گه‌لی كورد به‌ كه‌م سه‌یرده‌كه‌ن، ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌روه‌ها داوای دابینكردنی پێگه‌ی یاسایی بۆ ئۆجه‌لان ده‌كات تا خه‌ڵك بتوانێت راسته‌وخۆ له‌ زاری خۆیه‌وه‌ راستییه‌كان بزانێت. ده‌شڵێت، دژ ئه‌و گوتاره‌ ئاژاوه‌گێرو كینه‌ ئامێزانه‌، له‌ چوارچێوەی یاسادا وەڵامی پێویست دەدەنەوە و ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر.

ئاوێنه‌: نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی "ماوەیەکە، هەندێک لایەنی جیاواز لێدوانی چەواشەکارانە و ئاژاوەگێڕانە دژی بەڕێز ئۆجه‌لان بڵاودەکەنەوە. بەڕێز ئۆجه‌لان کەسایەتییەکی سەرەکیی پرۆسەکەیە و دەرفەتی نوێی خولقاندوە. هەمو هەوڵەکانی خۆی لەسەر ئەوە چڕكردۆته‌وه‌ کە ئەم دەرفەتە بگۆڕێت بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و چارەسەرێکی دیموكراسیانه‌."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "ئەو کەسانەی کە هەرە زۆر لە کۆتاییهاتنی شەڕ نیگەرانن، دەیانەوێت پرۆسەکە بکەنە کەرەستەی ڕۆژەڤی میدیایی هەرزانی خۆیان. ئەم کەسانەی کە نیگەرانییان بەرامبەر بە پرۆسەکە هەیە، ئەو کەسانە نین کە باجی مرۆیی، ئابوری و کۆمەڵایەتییان دابێت. ڕاستییەکە ئەوەیە ئەو کەسانەی بە دروشمی شۆڤێنی، گڕی ڕەگەزپەرستی خۆش دەکەن، هاوکات نایانەوێت دەستبەرداری ژیانی شاهانە و خۆشگوزەرانی خۆیان بن. ئەوان دەیانەوێت هەمیشە ئەو مرۆڤانەی کە پێشتر باجیان داوە، دیسان باج بدەنەوە. دەیانەوێت خۆیان لەسەر ڕشتنی خوێنی مرۆڤەکان بەڕێوەببەن."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"پێویستە مرۆڤ چاوەڕوان بێت کە ئەو کەسانەی لەسەر ئەو دەدوێن، لانیکەم زانیارییان دەربارەی هەبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەش ڕونە کە ئێمە لە عەقڵییەتێکی ڕەگەزپەرست و دژەژن، چاوەڕێی ئاستێکی وا بەرز ناکەین."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "بابەتێکی تری چەواشەکاری، گفتوگۆکردنە لەسەر 'خانو-شوێنی نیشتەجێبون' لە ئیمراڵی. ئەم ماڵە بۆ پێشخستنی پرۆسەکە و کار و خەباتی سیاسی و یاسایی پێداویستییەکی سەرەکییە. بەڵام ئەم خانوەی کە باسی لێوە دەکرێت، لە ڕاستی خۆی دوری دەخەنەوە و کردویانەتە ئامرازی هاندانی خەڵک و دەیانەوێت بیدەنە بەر شاڵاوی ڕەشکردنەوە."

وتوشیه‌تی "ئێمە ئەم دەستپێشخەرییانەی کە مافە کەسییەکانی بەڕێز ئۆجه‌لان پێشێلدەکەن، لە کەسایەتی ئەودا گەلی کورد بە کەم سەیر دەکەن، شکۆی دەکەنە ئامانج و نیشاندەری ڕوانگەیەکی ڕەگەزپەرست و کۆلۆنیالیستین، ڕەتدەکەنەوە."

نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌ جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ "داواکردنی پێگەی یاسایی، پێویستییەکه‌ بۆ ڕەخساندنی ئەو مەرجانەی کە گەل بتوانێت ڕاستەوخۆ لە زاری خۆی و لە سەرچاوەی یەکەمەوە بە شێوەیەکی شەفاف ڕاستییەکان بزانێت."

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌"بۆ ئەوەی تورکیا خۆی لە ڕەفتاری یاسایی سەرەڕۆیی و دیکتاتۆری ڕزگار بکات، دەبێت سەرەتا لەگەڵ ڕابردوی یاسایی خۆی ڕوبەڕو ببێتەوە."

راشیگه‌یاندوه‌ "دژی هەر گوتارێکی پێچەوانە، لە چوارچێوەی یاسادا وەڵامی پێویست دەدەینەوە و ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر."

له‌ كۆتاییشدا وتویه‌تی "ئێمە مافەکانی بەڕێز ئۆجه‌لان کە دۆسیەکەی وەک 'نەپارێزراو' نیشان دەدرێت و هاوکات مافەکانی کوردو هەمو چەوساوەکان، لە ژێر هەر هەلومەرجێکدا بێت، دەپارێزین."

دەقی ڕاگەیاندراوەکە نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌:

"ئێستا بە قۆناغێکی کاریگەر و گرنگدا تێپەڕ دەبین کە تێیدا هەوڵ دەدرێت هەلومەرجێک بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی پرسی کورد کە خاوەن پاشخانێکی مێژویی و سیاسیی نزیکەی دو سەدەیە، لە جیاتی ئەوەی لە چوارچێوەی پێکدادان و توندوتیژیدا قەتیس بکرێت، لەسەر بنەمایەکی سیاسی و یاسایی چارەسەر بکرێت. ماوەیەکە، هەندێک لایەنی جیاواز لێدوانی چەواشەکارانە و ئاژاوەگێڕانە دژی بەڕێز ئۆجه‌لان بڵاودەکەنەوە. بەڕێز ئۆجه‌لان کەسایەتییەکی سەرەکیی پرۆسەکەیە و دەرفەتی نوێی خولقاندوە. هەمو هەوڵەکانی خۆی لەسەر ئەوە چڕكردۆته‌وه‌ کە ئەم دەرفەتە بگۆڕێت بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و چارەسەرێکی دیموكراسیانه‌.

ئێمە باش لەوە تێدەگەین کە ئەم عەقڵییەتە دەیەوێت قورسایی مێژویی و سیاسیی پرسی کورد بشارێتەوە و پرۆسەی بەردەوام لە چوارچێوە بنەڕەتییەکەی داببڕێت. ئەم هەڵوێستە دەیەوێت بەربەست لەبەردەم گەڕانی کۆمەڵگە بەدوای ئاشتی و دیموکراسیدا دروست بکات. ئەم بێباکییەش لەگەڵ ئەوەدا نییە شەڕ و توندوتیژی کۆتایی بێت و دەیەوێت ژیانی خۆی لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوە ببات.

ئەو کەسانەی کە هەرە زۆر لە کۆتاییهاتنی شەڕ نیگەرانن، دەیانەوێت پرۆسەکە بکەنە کەرەستەی ڕۆژەڤی میدیایی هەرزانی خۆیان. ئەم کەسانەی کە نیگەرانییان بەرامبەر بە پرۆسەکە هەیە، ئەو کەسانە نین کە باجی مرۆیی، ئابوری و کۆمەڵایەتییان دابێت. ڕاستییەکە ئەوەیە ئەو کەسانەی بە دروشمی شۆڤێنی، گڕی ڕەگەزپەرستی خۆش دەکەن، هاوکات نایانەوێت دەستبەرداری ژیانی شاهانە و خۆشگوزەرانی خۆیان بن. ئەوان دەیانەوێت هەمیشە ئەو مرۆڤانەی کە پێشتر باجیان داوە، دیسان باج بدەنەوە. دەیانەوێت خۆیان لەسەر ڕشتنی خوێنی مرۆڤەکان بەڕێوەببەن.

ئەم بازنەیەی کە ڕەگەزپەرستی و گوتاری ڕقوکینە گەشە پێدەدات، وا بیردەکاتەوە کە کۆمەڵگەی تورکیا بە چەند دروشم و زانیاریی هەڵە و وتاری ئاژاوەگێڕانە بەئاسانی چەواشە دەکرێت. ئەم کارەی ئەوان دەیکەن، بە کەم سەیرکردنی بیرکردنەوە و توانای ڕەخنەگرتنی گەلە و سیاسەتی خۆیان لەسەر ئەم گریمانانە بنیاد دەنێن.

لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تێیدا بەڕێز ئۆجه‌لان بە ڕێبەرایەتی فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی'، ئازادیی ژنان وەک ڕەگەزێکی بنەڕەتیی ئازادیی کۆمەڵایەتی دەبینێت و لەم پێناوەدا تێکۆشاوە، پێویستە مرۆڤ چاوەڕوان بێت کە ئەو کەسانەی لەسەر ئەو دەدوێن، لانیکەم زانیارییان دەربارەی هەبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەش ڕونە کە ئێمە لە عەقڵییەتێکی ڕەگەزپەرست و دژەژن، چاوەڕێی ئاستێکی وا بەرز ناکەین.

بابەتێکی تری چەواشەکاری، گفتوگۆکردنە لەسەر 'خانو-شوێنی نیشتەجێبون' لە ئیمراڵی. ئەم ماڵە بۆ پێشخستنی پرۆسەکە و کار و خەباتی سیاسی و یاسایی پێداویستییەکی سەرەکییە. بەڵام ئەم خانوەی کە باسی لێوە دەکرێت، لە ڕاستی خۆی دوری دەخەنەوە و کردویانەتە ئامرازی هاندانی خەڵک و دەیانەوێت بیدەنە بەر شاڵاوی ڕەشکردنەوە.

بێگومان، نکۆڵیکردنی گەلی کورد کە سەد ساڵە بەردەوامە، ئەو تێگەیشتنەی دەربارەی ئۆجه‌لان لە لایەن دەوڵەتەوە لە 50 ساڵی ڕابردودا دروستکراوەو سیستەمی ئیمراڵی کە 27 ساڵە ڕاگیراوە، دەرفەتی بەم هێزانە داوە کە بێپەروا ڕەفتاربکەن. ئەو هێزە سیاسییانەی هەوڵ دەدەن پرسی کورد لە چوارچێوەی سیستەم و چوارچێوەیەکی نکۆڵی و توندوتیژیدا چارەسەربکەن، تا ئەمڕۆ، لە کەسایەتی بەڕێز ئۆجه‌لاندا هێرشکردنە سەر تێکۆشانی ڕەوای گەلی کورد و بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕقوکینەیان وەک ڕێبازێک گرتوەتەبەر. لە لایەن هەمو چاودێرانی بێلایەنەوە قبوڵکراوە کە بەڕێز ئۆجه‌لان لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا کە لە جوگرافیایەکی بەرفراواندا بڵاوبوەتەوە خاوەن هێزی نوێنەرایەتییەکی بەهێزەو کەسایەتییەکە کە خاوەن متمانە و گەورەترین پشتگیرییە. بۆیە، ئاشکرایە کە ئامانجی سەرەکیی هەڵمەتی نەرێنی دژی بەڕێز ئۆجه‌لان، خودی گەلی کوردە.

ئێمە ئەم دەستپێشخەرییانەی کە مافە کەسییەکانی بەڕێز ئۆجه‌لان پێشێلدەکەن، لە کەسایەتی ئەودا گەلی کورد بە کەم سەیر دەکەن، شکۆی دەکەنە ئامانج و نیشاندەری ڕوانگەیەکی ڕەگەزپەرست و کۆلۆنیالیستین، ڕەتدەکەنەوە.

بە تەواوی ئاگاداری ئامانجەکانی ئەم ئاژاوەگێڕییەین لە لایەن ئەو کەسانەی کە بێ گوێدانە ناسنامەی سیاسییان، زمانێکی فاشیستی، هەڵوێستی دژەکۆمەڵایەتی و ڕەگەزپەرستی پیاوسالارانە بەکاردەهێنن بۆ بەئامانجگرتنی ئۆجه‌لان.

ڕێک لەبەر ئەم هۆکارەشە کە گفتوگۆکردن لەسەر پێگەی یاسایی گرنگ و بەبەهایە. چونکە دەرفەتەکانی بەڕێز ئۆجه‌لان بۆ دەربڕینی ڕای خۆی و پاراستنی هەڵوێستی خۆی تا ڕادەیەکی زۆر فەرامۆش کراون، دەبێت هەل و مەرجێک بخوڵقێنرێت کە بتوانێت ڕێگای ئاشتی نیشان بدات. داواکردنی پێگەی یاسایی، پێویستییەکه‌ بۆ ڕەخساندنی ئەو مەرجانەی کە گەل بتوانێت ڕاستەوخۆ لە زاری خۆی و لە سەرچاوەی یەکەمەوە بە شێوەیەکی شەفاف ڕاستییەکان بزانێت. هەروەها پێگەی یاسایی بەو مانایەیە کە دەبێت ئەم بازنە گەندەڵانە دەستی خۆیان لە ژیانی گەل، لە ئارامی دەرونییان و لە بەها ئەخلاقییەکانیان بکێشنەوە؛ ئەمە بەو مانایەیە کە دەبێت ڕێگایان لێبگیرێت کە دژی هەوڵەکانی ئەم وڵاتە بۆ دیموکراسی و ئاشتی، ئاژاوەگێڕی بکەن.

چۆن لە بەڕێوەبردنی دادوەریدا گوتاری ڕەگەزپەرستی و ڕقوکینە دژی کوردان فەرامۆش کراوە، بە هەمان شێوەش گوتاری وا دژی بەڕێز ئۆجه‌لان تا ئەمڕۆ لە دەرەوەی چوارچێوەی دادوەری ماوەتەوە و بەم شێوەیە ڕێگا بۆ ئەوان کراوەتەوە کە لە کایەی سیاسی و گشتیدا جێگەی خۆیان بگرن. بۆ ئەوەی تورکیا خۆی لە ڕەفتاری یاسایی سەرەڕۆیی و دیکتاتۆری ڕزگار بکات، دەبێت سەرەتا لەگەڵ ڕابردوی یاسایی خۆی ڕوبەڕو ببێتەوە.

بێگومان، پێویستە لە چوارچێوەی پرۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی'دا هەمو توێژەکانی کۆمەڵگە ڕا و سەرنجی خۆیان دەرببڕن و هەڵوێستی بونیادنەر و ڕەخنەگرانە لە کایەی گشتیدا پیشان بدرێت. بەڵام، دەبێت هەمو لایەنەکان، چ لایەنگرانی پرۆسەکە بن یان نەیارانی، دڵنیایی بدەن کە ئەمە لەسەر نزمترین ئاستی ئەخلاقی و مرۆیی بەڕێوەدەچێت. ئێمە هاوکات دەمانەوێت ڕونی بکەینەوە کە دژی هەر گوتارێکی پێچەوانە، لە چوارچێوەی یاسادا وەڵامی پێویست دەدەینەوە و ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر.

تێگەیشتنەکانی سەدە هەڵدەوەشێنەوە. هەوڵدان بەرەو کۆمارێکی دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، بەڵێنی وڵاتێک دەدات کە تێیدا هەمو جیاوازییەکان دەتوانن لەسەر بنەمایەکی ئازاد و یەکسان پێکەوە بژین. دەسەڵاتی تاڵانکاران دەلەرزێت و ئەم شڵەژانەی ئەمڕۆ شایەدیین، ڕێک لەمەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئێمە جارێکی تر دەمانەوێت ڕونی بکەینەوە کە ئێمە مافەکانی بەڕێز ئۆجه‌لان کە دۆسیەکەی وەک 'نەپارێزراو' نیشان دەدرێت و هاوکات مافەکانی کورد و هەمو چەوساوەکان، لە ژێر هەر هەل و مەرجێکدا بێت، دەپارێزین."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×