ئەو خێزانانەی بەھۆی لەشکرکێشی تورکیاوە ئاوارە بوون، ناتوانن بگەرێنەوە
  2024-11-23       406       
ئاگرکەوتنەوە لەگوندێکی سنوری ئامێدی بەهۆی لەشکرکێشی تورکیاوە

ئا: عەمار عەزیز

 

بەھۆی ھێرشە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی بادینان رۆژ بەرۆژ گوندی زیاتر چوڵدەکرێن و خەڵک زیاتر ئاوارەدەبێت ، ئەو ھاونیشتیمانیانەی ئەم ساڵ ئاوارەی دھۆک بوونە تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەرێنەوە زێدی خۆیان‌و داوا لەحکومەتی هەرێم‌و دەوڵەتی عێراق دەکەن بەدەنگ کێشەکەیانەوە بێن.

 

" لە ٢٧ی حوزویرانی ئەمساڵەوە لەگوندەکەی خۆمان ئاوارەی دھۆک بووین، زیاتر لە ٤ مانگە تەنھا یەک داواکاری دەکەین کە ئەویش بگەڕێنەوە سەر گوندەکەی خۆمان، بەڵام رێگا نادەن، بێزار بووین‌و ھیچ کەس لێمان ناپرسێت، تاکەی لەم دۆخە ناخۆشەدا بێمێنینەوە"، ئەمە قسەی ساڵح کامیل، مۆختاری گوندی دەرگەلێ-ی سەر بەناحیەی کانی ماسییە لەقەزای ئامێدی .

  ساڵح، لەگەڵ ٢٠ خێزانی تر لەھەمان گوند ئاوارە بوون، بەشێکیان چوونەتە زاخۆو بەشێکی تریان لەسنوری پارێزگای دھۆک دەژین، ئەو بەئاوێنەی وت "لەسەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە شەڕی سوپای تورکیاو گەریلاکانی پەکەکە کەوتە ناو گوندەکەمان. ئێمەش بەناچاریی گوندەکەمان بەجێھێشت، زیاتر لەچوار مانگە لەدھۆک دەژین، ھەندێک لەو خێزانانە لەخانووی کرێدا دەژین‌و ھەندێکی تر بەھۆی خراپی دۆخی ژیانیان لای کەسوکاریان ماونەتەوە".

 وتیشی "بێزاربووین لەم دۆخە، سەڕەرای ئەوەی زیانی زۆرمان بەرکەوتووە، تەنھا داواکاریمان ئەوەیە بگەڕێینەوە سەر گوندەکەی خۆمان‌و حکومەتی هەێم‌و عێراق هاقکاریمان بکەن، بەھەموو کەس‌و لایەنێکمان وتووە تاوەکۆ بەھانای ئێمەوە بێن، بەڵام بێسوود بووەو تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە".

 

دوای چەند رۆژێک لەچوڵبوونی گوندی دەرگەلێ بەھەمانشێوە لە ١ی تەمۆز، گوندی میسکا ھەر لەسنوری ناحیەی کانی ماسی چوڵکرا، لەو گوندەدا ١١ خێزان دەژیان، تەنیا یەک خێزان موسڵمان بوون ئەوانەی تر کریستیانن. میسکا بەیەکێک لەکۆنترین گوند لەسنورەکە دادەنرێت کە مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە .

هاوڵاتییەک: بێزار بووین‌و ھیچ کەس لێمان ناپرسێت

 

ئەدیب مەجید، موختاری گوندی میسکا بەئاوێنەی ڕاگەیاند "لەدەرگای ھەموو کەسێکمان داوە، ھەر لە پارێزگارەوە بگرە تا دەگات بە بەرپرسانی حزبی‌و کاربەدەستانی هەرێم‌و بەغدا، بەڵام ھیچیان بۆ ئێمە نەکردوە، تەنھا رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی دوو جار بەبرێک پارە ھاوکاری ئێمەی کردوە، ئەوەش لەبەر پەیوەندی من بووە لەگەڵ بەرپرسانی خاچی سوری نێودەوڵەتی، لەمە زیاتر ھیچ شتێک بۆ ئێمە نەکراوە".

ئەدیب وتیشی "نیوەی گوندەکەمان وێران بووە، خانووەکان بەر شەڕ کەوتوون، دەرگاو پەنجەرەو شتەکانی تر ھەمووی وێران بووە، پێویست بوو ھەموومان قەرەبوو بکرێینەوە، بەڵام نەک قەرەبوو نەکراوینەتەوە، بەڵکو ھاوکاریشمان ناکەن تا بگەڕێینەوە، دەمێکە ھیچ شەڕو ئاڵوزی لەدەوروبەری گوند نەماوە، دۆخەکە ئارام بووەتەوە، سوپای تورکیاش دوو بنکەی خۆی لەبەرازییەکانی بەرامبەر گوندەکەمان داناوە، دەمانەوێت بگەڕێینەوە بەڵام رێگا نادەن".

 

لەسەرەتای ساڵی ١٩٩١ تا حوزەیرانی ئەمساڵ ٢٠٢٤، نزیکەی ٣٤٤ ھاوڵاتیی مەدەنی ھەرێمی کوردستان بەھۆی ھێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوەو ٣٥٨ کەسی دیکەش بریندار بوون، لەوەشدا پارێزگای دھۆک بەرێژەی ٤٤٪ پشکی شێری بەرکەوتووە، بەپێی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەوەش بۆتە ھۆی چۆڵبوونی دەیان گوند، لەناو سنوری پارێزگاکەشدا ٣٩٪ زیانی گیانی‌و ماددی دەکەوێتە قەزایەکانی ئامێدی‌و سیدەکان.

 

کامەران عوسمان، لەڕێکخراوی "سی پی تی"، کە بەردەوام چاودێری دۆخی ئەو ناوچانە دەکەن، بەئاوێنەی ڕاگەیاند "بەپێی نوێترین ئاماری رێکخراوەکەمان ٩٤ گوند لەبادینان چۆڵبوون‌و ٢٥٠ گوندیش بەھۆی بوردۆمان‌و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە، ھاوکات ٧٠٢ قوربانی ھەیە بەھۆی ھێرشەکانی تورکیا، لەم ژمارەیە ٣٠٦ لەدەڤەری بادینان تۆمار کراون".

لەبارەی ھاتنی سوپای تورکیا بۆناو خاکی ھەرێمی ھەرێمی کوردستان، کامەران عوسمان وتی "تورکیا بەقوڵایی ٧ تاوەکۆ ٣٩ کێلومەتر ھاتۆتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە، ٧٤ بنکەو بارەگای سەربازی دامەزراندووە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە ١٠٣ خێزانی زیانلێکەوتووی دوایین ئوپەراسیۆن‌و شەڕی تورکیا، ناوەراستی مانگی ئابی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە ھەریەکێکیان بە ٥ ملیۆن تا ٢٠ ملیۆن دینار، بەپێی بڕو جۆری زیانەکانیان قەرەبوو کراونەتەوە .

 

شەمعون شلیمۆن، جێگری پارێزگاری دھۆک بۆ کاروباری کارگێری بەئاوێنەی وت "وەجبەیەکی قەرەبۆکردنەوە بەسەر ھاوڵاتیانی سنوری قەزای ئامێدی کە زیانیان بەرکەوتووە دابەشکرا، بەڵام ئەو ھاوکارییە ناگاتە ١٠٪ چونکە زیانەکان یەکجار زۆرن، ئەوە دەبێت حکومەتەکانی تورکیاو عێراقیش ھاوکاری حکومەتی ھەرێم بکەن بۆ قەرەبۆکردنەوەی ئەو ھاوڵاتیانە، بەڵام تا ئێستا نەیانکردووە".

وتیشی "حکومەتی ھەرێم ئەو توانایەی نییە، ھەموو ئەو خێزانانە قەرەبوو بکاتەوە، داواکراوە کە عێراق‌و تورکیاش بەشدار بن لەو قەرەبوو کردنەوە، بەڵام ئەوان پارە دابین دەکەن یان نا، ئەوە دەمێنێتەوە سەر رێککەوتنی سیاسی نێوان ھەردوو لایەن".

 

فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان بووەتە هۆی چۆڵکردنی دەیان گوندو زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی، بەتایبەت لەڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا .

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×