پشت دەرگا داخراوەکان: توندوتیژی دژ بەژنان لەکوردستان
  2024-11-24       1201       
توندوتیژیی دژ بەژنان بەهەموو جۆرەکانیەوە بەردەوامە

ئا: هێڤی ئاوات

 

زۆربەی خەڵکی کوردستان درک بەوە دەکەن کە توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بەژنان بەربڵاوە، بەڵام بەدەگمەن بەئاشکرا باسی لێوە دەکرێت، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان‌و ژنان دەڵێت "ژنان ئێستا‌ هوشیارن‌و بێدەنگ نابن بەرامبەر بەو توندوتیژییەی دژیان دەکرێت".‌

 

بەرەبەیانی ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، کوژرانی دوو خوشکی تەمەن ١٩و ٢٢ ساڵ لەلایەن براکەیانەوە، رووداوێک نەبوو بشارێتەوە، کاتژمێر ٨ی بەیانی لەگەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، برایەك لەشیرینی خەوو لەناو جێگەدا دوو خوشكی خۆی بەکڵاشینکۆف کوشت، خوشکە گەورەکەیان ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنابوو، بچوکەکەشیان بڕیار بوو سێ رۆژی تر مارە بکرێت.

کەسێکی نزیکی ئەو خێزانە بەئاوێنەی وت کە "ئەم دوو خوشک‌و خێزانەکەیان زۆر بێ کێشە بوون‌، تەنها گرفتیان ئەوە بوو کچێکیان دەیویست بەخواست‌و دڵخوازی خۆی هاوسەگیری لەگەڵ کوڕێکدا بکات‌و براکەشی ناڕازی بوو، سەرەنجام ئەم کارەساتەی لێکەوتەوە".

 

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی کوشتنی ئەو دوو خوشکەوە بەئاوێنەی راگەیاند کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان، باوک‌و کەسوکاری ئەو دوو کچە کوژراوە دەڵێن براکەیان کوشتونی، ئەو وتی "تۆمەتبار تەمەنی ٢٦ ساڵەو بەپێچەوانەی ئەو پاگەندانەی بڵاوکراونەتەوە، بکوژ خۆی نەکوشتووەو رایکردووەو تا ئێستاش دەستگیر نەکراوە".

وتیشی "ئەمە کەیسێکی ئاڵۆزەو ئێستا لەلای ئێمە نەماوەو لای ئاسایشە".

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی، ئاماژەی بەوەش کرد کە توندوتیژی خێزانی تا ئێستا وەک حاڵەتەو ناو بەناو رووداوو کارەساتی لەمجۆرە روودەدات، ئەو وتی "ئامارێکی فەرمی‌و تەواومان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەوەی لەئەمساڵی ٢٠٢٤دا چەند حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە".

 

  کوژرانی ئەو دوو خوشکە بەشێکە لەزنجیرەیەک کوشتن‌و توندوتیژیی کە لەساڵی ٢٠٢٤و بەدرێژایی ساڵانی رابردوو لەچوارچێوەی خێزاندا بەهۆکاری جیاوازی کۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و دەرونی بەرامبەر بەکچان‌و ژنان لەهەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.

 

رۆژی ٢٠ی ئایار، دیسان کوژرانی سارا بەچەقۆ لەلایەن باوکییەوە لەقەزای پێنجوێن، رووداوێک نەبوو بشارێتەوە، کاتژمێر ٦ی بەیانی، (سارا)ی تەمەن ١٧ ساڵ، کە ماوەیەک لەوەوبەر هەڵهاتبوو بۆ هەولێر، پاش گەڕانەوەی بەبڕیاری دادوەر درابوو بەباپیری‌و لەلای ئەو دەژیا، بەرەبەیانی ئەو رۆژە لەگەڵ رادەستکردەنەوەی بەخێزانەکەی، باوکی بەچەقۆ کوشتی.

کەسوکاری سارا باسی ئەوەیان بۆ ئاوێنە کرد کە سارا لەتاو توندوتیژیی‌و ئازاردانی باوکی هەڵهاتبوو بۆ هەولێر، کە گەڕابۆوە بۆ پێنجوێن پەڕاوی یاسایی بۆ کرابۆوەو بەمەرج درابوو بەباپیری بۆ ئەوەی لای ئەو بێت‌و گیانی پارێزراو بێت، باپیریشی بێ وەرگرتنی مۆڵەتی دادگا، رۆژیک پێش ئەوەی باوکی لەسەر هەڕەشەو توندوتیژیی بەرامبەر بەسارا بچێتە بەردەم دادوەر، ئەوی بردبوەوە بۆ ماڵی باوکی‌و ئەویش ١٤ چەقۆی لێداو سارای کوشت.

 

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان توندوتیژی‌و کوشتنی ژنان ساڵ بەساڵ روو لەزیادبوونەو ڕۆژانە چەندین ژن بەشاراوەیی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، زیاد لەو ئامارە فەرمیانەشی بڵاودەکرێنەوە ژن دەکوژرێن‌و ئاشکرا ناکرێن‌و دەشاردرێنەوە، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان لەساڵی ٢٠٢٣دا ٨٠ ژن کوژراون یاخود ناچار بەخۆکوشتن کراون.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌و خێزان، دوا ئاماری لەساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوکردوەتەوەو بەپێی ئەو ئامارە ٤٤ ژن کوژراون‌و ١٥ هەزارو ٨٩٧ کەیسی توندوتیژی خێزانی لەبەڕێوەبەرایەتییەکەیان تۆمارکراوە، لەوانە "توندوتیژی جەستەیی (لێدان)، هەڕەشەکردن، ناپاکی هاوسەری، کردنە دەرەوەی ژن لەماڵ".

 

رائید راز فریا عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان‌و ژنان لەسلێمانی، سەبارەت بەراگرتنی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی لەساڵی ٢٠٢٢ەوە، بەئاوێنەی راگەیاند "ئێمە سەر بەوەزارەتی ناوخۆین، وەزیر فەرمانی کردووە ئامارەکان ىڵاونەکرێتەوەو فەرمانیشمان پێدراوە بەهیچ شێوەیەک خۆمان لەقەرەی ئامارو ژمارە نەدەین".

سەبارەت بەوەی رێژەی توندوتیژی لەساڵی ٢٠٢٤دا زیادی کردووە بەراورد بەساڵانی رابردوو یاخود نا، ئەو وتی "ناتوانین بڵێین رێژەکە زیادی کردووە یان نا، تەنها دەتوانین بڵێین توندوتیژیی بەهەموو جۆرەکانیەوە بەردەوامە".

وتیشی "بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان‌و ژنان بەپێی یاسای ژمارە ٨ی ٢٠١١ کار دەکات، واتە هەر تاکێك روبەڕووی توندوتیژی بێتەوە لەچوارچێوەی خێزاندا تاکو پلە چوار دایک‌و باوک، ژن‌و مێرد، خوشک‌و برا، پورو پورزاو خاڵ‌و خاڵۆزاو مام و ئامۆزا، ئێمە ئاگاداربکاتەوە بەدەنگیەوە دەچین".

راز ئاماژە بەوە دەکات کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەڵمەتێکی هوشیاری راگەیەندووە لەپێناو هوشیار کردنەوەی کۆمەڵگەو ئاشناکردنی خەڵک بە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان، تاوەکو ژنان بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەو توندوتیژییەی دژیان دەکرێت‌، ئەو وتی "بۆ ئەو مەبەستە هێڵی گەرمی ١١٩مان هەیە کە رۆژانە ١٥ بۆ ٢٠ کەس پەیوەندی پێوەدەکەن، بەمەبەستی وەرگرتنی راوێژی دەرونی  یان یاسایی‌و کۆمەڵایەتی".

راز ئەوە رووندەکاتەوە کە لەڕووی تەمەنەوە، ژن لەهەموو تەمەنەکاندا روویان تێدەکات، بەڵام ئەوانەی کێشەی پەیوەست بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان هەیەو تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٢٠ ساڵیدایە زیاتر روویانتێدەکەن، ئەو وتی "زۆرترین کێشە کە ئێستا روودەدات‌و لەترۆپکدایە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردنە، لەبەرئەوەی تاکی کۆمەڵگەی ئێمە زۆر ناهوشیارانە بەکاریدەهێنێت‌و لێکەوتەی خراپی هەیە".

وتیشی "لەناو خێزانەکاندا جۆرێک لەتوندوتیژی شاراوە هەیە، بەڵام ئێمە ناتوانین مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، کوشتنیش هەر توندوتیژییە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئەو قۆناغە ئێمە مامەڵە دەکەین، کە دەبێتە کوشتن کەیسەکە دەچێتە بنکەکانی پۆلیس".

 

ساڵی ٢٠١٦ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان‌و خێزان بەهاوکاریUNFPA ، هێڵی گەرمی ١١٩ی دامەزراند، لەڕێگایەوە ژنان‌و هاوڵاتیان پەیوەندیدەکەن‌و هاوکاری وەردەگرن‌و ڕێنمایی دەکرێن، لەساڵی ٢٠٢٣دا ١٢ هەزارو ٤٣٦ پەیوەندی بەهێڵی گەرمەوە کراوە.

ئااوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×