کچانی دھۆک بەنیو کیلۆ زێڕ شوودەکەن
  2024-11-25       711       
پێشتر کچان بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیریی داوای ٤٠٠ غرام‌ یان نیو کێلو زێڕیان دەکرد

ئا: عەمارعەزیز

 

سەڕەرای گرانبوونی نرخی زێر لە بازارەکاندا بەڵام کچانی دھۆک ھەر دەستبەرداری زێر نابن، پێشتر بەنیو کیلۆ زێڕ شوویان دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخییەوە داوای ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ غرام زێر دەکەن، ئەوەش بارگرانی زۆری خستووەتە سەر شانی گەنجان‌و کەمتر هاوسەرگیری دەکەن .

 

 کاژین رەمەزان، تەمەن ٣٤ ساڵ، ھێشتا هاوسەرگیریی نەکردوە، باس لەوە دەکات ئەگەر هاوسەرگیریی بکات سورە لەسەر داواکردنی زێرو بەمافی خۆیشی دەزانێت، ئەو بەئاوێنەی وت "داواکردنی زێر لەلایەن کچانەوە شتێکی زۆر سروشتییەو مافی خۆیانە، چونکە ھەر ئەو زێرە ئایندەی ئەو داپارێزێت، ئەگەر لەیەکتر جیاببنەوە یان ھەر کێشەیەکی تر رووبدات، ئاگاداری دەیان نموونەم لەرێگای ئەو زێڕەی بۆیان کراوە، ژنان بۆ خۆیان خانوویان پێکڕیوە یاخود ئۆتومبێلی گرانبەها، ئەوەش لەبەرژەوەندی ھەردوولادایە".

وتیشی "هێشتا بڕیارم نەداوە، بەڵام ئەگەر هاوسەرگیری بکەم لەوانەیە داوای ٢٠٠ غرام زێر بکەم، ئێستا زۆرینەی کچانی دھۆک داوای ١٥٠ بۆ ٢٥٠ غرام ئاڵتون دەکەن، بەبڕوای من ئەوە برێکی زۆر نیەو ئاساییە، بەدڵنیایی ئەوەی بیەوێت ھاوسەرگیری بکات دەبێت مەسرەفیش بکات، ئەم تێچوونە لەژیاندا یەکجارە، جگە لەوانەی دوو ژن‌و سێ ژن دەھێنن".

 

پرۆسەی شەکراوخواردنەوەو مارەبڕین‌و ئاهەنگی بووک گواستنەوەو زەماوەندو هاوسەرگیری، یەکێکە لەگرانبەهاترین پرۆسەکانی هاوسەرگیریی لرهەرێمی کوردستان‌و عێراقدا، کچانی دهۆک بەناوبانگن بەوەی بڕێکی زۆر زێڕیان بۆ دەکرێت.

 

 بوخاری ئیبراھیم، تەمەن ٣٠ ساڵە، دەرچووی پەیمانگایەو تا ئێستا لەھیچ شوێنێکی حکومی دانەمەزراوە، لەبەر تێچووی زۆری ھاوسەرگیری تا ئێستا نەچووەتە ناو ئەو پرۆسەیەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "سێ ساڵە پەیمانگام تەواوکردوەو ئێستا کرێکاری دەکەم، ئیتر بەچی ژن بهێنم کە کچان بۆ ئەنجامدانی هاوسەگیری داوای لانیکەم داوای زێڕ بەبڕی دەفتەرێک دۆلار دەکات".

 

بەشێک لەکچان پێیانوایە کە داواکردنی زێڕ‌و زێڕ کڕین بۆ ئەو کچانەی هاوسەرگیریی دەکەن، بووە بەنەریتێکی باو لەکۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەتی لەدەڤەری بادینان.

 

ھێڤی دیوالی ، کچێکی رۆژنامەنوسە لەشاری دھۆک ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ژنێک زێری ھەبێت ئەوە بۆ ئایندەی پیاویش باشە واتە ھەردووک سوودی لێی وەردەگرن، ئەو وتی "سێ ھۆکار ھەن کە کچان داوای زێر دەکەن: یەکەم، ھەر لەکۆنەوە ژنان حەزیان لەزێڕو جوانکارییە. دووەم، زیاتر بۆ ئەوەیە تا لەناو کۆمەڵگا باس بکرێت‌و بڵێن فلانە کچ ئەوەندە زێڕی بۆکراوەو خۆیانی پێوەبادەن. سێیەم، چاولێکردن روڵی سەرەکی دەبینێت، بۆ نموونە دەڵێن کچی فلان کەس یان کچێکی دراوسێمان ئەوەندە زێڕی داوی کردوە، دەبێ منیش ئەوەندە داوا بکەم، ئەوەش زۆر ھەڵەیە".

وتیشی "سوشیاڵ میدیا بەگشتی بەشێکە لەم بابەتەو کاریگەری خۆی ھەیە، بۆیە دەبێت کچان باشتر بیر لەم بابەتە بکەنەوەو شتێکی وا گەورە لەکوڕان داوا نەکەن، کە دواجار وابکات کوڕان خۆیان بەدوور بگرن لەھاوسەرگیری".

 

بەشێک لەشارەزایانی بواری چڤاکی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا بەهۆی گرانبوونی نرخی زێڕەوە دیاردەیەکی نوێ سەریهەڵداوە لەنێوان ئەو کچ‌و کوڕانەی هاوسەرگیری دەکەن.

 

پەری بەرواری، شارەزایەکی جڤاکییە لەدھۆک ئەو دەڵێت پێشتر کچ ھەبووە داوای نیو کێلو زێری کردوە، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە، ئەوەش لەبەر گرانی نرخی زێڕ، ئەو بەئاوێنەی وت "ھەر کۆمەڵگایەک دابونەریتی جیاوازی ھەیە بۆ ھاوسەرگیری، ھەموو کەسێک دەزانێت کە کچانی دھۆک زێڕ بەلایانەوە گرنگە، ئەوەش ھی ئێستا نیە، بەڵکو لەمێژە ھەروا بووە، ھەر کەسێک شتێکی بەلاوە سەرنجڕاکێش‌و جوانە، کچانیش زیاتر زێڕ".

پەری بەمافی کچانی دەزانێت کە داوای زێر بکەن، ئەو وتی "بۆ ھاوسەرگیری ھەمووان چاویان لەسەر بابەتی زێڕە، لەدیدی خەڵکیشەوە بابەتێکی گرنگە، گەربێتوو کچێک بەبڕێکی کەم لەزێڕ شوو بکات، گاڵتەی پێدەکەن‌و دەڵێن کەس پێی رازی نەبووە بۆیە بەبڕێکی کەم لەزێڕ شوودەکات، دایک‌و باوک‌و کەسوکاریشی کاریگەرییان ھەیە لەسەر ئەم بابەتە".

پەری باس لەسەرهەڵدانی دیاردەیەک دەکات لەنێو ئەو کوڕو کچانەی پرۆسەی هاوسەرگیریی ئەنجام دەدەن، ئەو وتی "دوای گرانبوونی نرخی زێڕ، ئێستا دیاردەیەکی نوێ سەیهەڵداوە، ئەویش ئەوەیە کاتێک کچێک داوای زێر دەکات‌و کوڕەکە نەتوانێت بۆی بکات، لەدادگا هەردووکیان نوسراوێکی فەرمی واژۆ دەکەن‌و تیایدا بڕی ئەو زێڕە دەنوسن کە کچەکە داوای کردوەو ھەر کاتێک نرخی زێر دابەزێت لەسەر کوڕەکە پێویستە بۆ ژنەکەی بکات".

 

زەڕەنگەرێک ئەوە رووندەکاتەوە کە سەرباری بەرز بوونەوەی نرخی زێڕ، هێشتا کوڕان ناچارن زێڕ بکڕن چونکە مەرجی سەرەکی کچانە بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیریی.

 

یونس ئەحمەد، زەڕەنگەرو ئابوریناسە لەشاری دھۆک، لەگفتوگۆیدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر کاتێک نرخی یەک مسقال زێری عەیار ٢١ بە ٣٠٠ یان ٣٥٠ ھەزار بوو، کچان داوای ٣٠٠ غرام یان ٤٠٠ غرام‌و نیو کێلو زێڕیان دەکرد، بەڵام ئێستا کە یەک مسقاڵ زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار دینارەو بەراورد بەچەند ساڵێک لەمەوبەر نرخەکەی دوو ئەوەندە زیاد بووە، داواکاری کچانش ٥٠٪ کەمیکردووەو داوای ٢٠٠ غرام یان ١٥٠ غرام زێڕ دەکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "سەڕەرای گرانبوونی نرخی زێڕ، خەڵک ھەر زێڕ دەکڕێت، بەتایبەتی ئەوانەی پرۆسەی ھاوسەرگیری ئەنجامدەدەن، چونکە ناچارە بیکڕێت لەبەرئەوەی داواکردنی زێر لەلایەن کچانەوە مەرجی سەرەکییە بۆ هاوسەرگیریی".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×