هەناردەى نەوت‌و تەوتین، دوو تەلیسمى نەشکاو
  2024-11-29       990       
کۆمپانیاو بەرپرسان بەقاچاخ ڕۆژانە سەروو ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەقاچاخ دەبەن

ئا: وریا حسێن

 

دواهەمین هەواڵ لەچیرۆکى دانوستانى دە ساڵەى نێوان هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان ئەوەیە، "تەوتین" جارێ دیارنیە کەى دەکرێت. رێکەوتن لەسەر هەناردە کردنەوەى نەوتیش تەنها لەڕووخساردا هیوابەخشە.

 

١٣ى ئەم مانگە محمەد شیاع سودانى هاتە هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بەحیزبى‌و حکومییەوە کۆبویەوە، سەردانەکەى ئەلقەیەک بوو لەو ئەلقە درێژانەى کەوا بەزنجیرە دانوستانى ١٠ ساڵەى نێوان هەرێم‌و عێراق هەژمار دەکرێت. پێش هاتنى سودانى موژدەیەک لەعێراق‌و تورکیاوە هات ئەویش ئەوەبوو لایەنە ناکۆکەکانى نەوت نزیکن لەهەناردە کردنەوەى نەوتى خاوى هەرێمى کوردستان بۆ بازاڕەکانى جیهان، کە نزیکەى دوو ساڵە بەفەرمى وەستاوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند کۆمپانیایەک ڕۆژانە سەروو ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەقاچاخ دەبەن.

 

ئاوێنە لەبەغدا قسەى لەگەڵ چەندین سەرچاوەى تایبەتى خۆى لەوەزارەتى نەوتى عێراق کرد بەڵام هەموان خۆیان لادەدەن لەو پرسە، دواجار یەکێک لەسەرچاوەکان ئامادەبوو گفتوگۆ لەگەڵ ئاوێنە بکات بەبێ ئەوەى ناوى بهێنرێت، ئەو وتى "هەموو پڕۆسەکانى هەناردە کردنەوەى نەوتى هەرێم تەواو کراون، تەنها بڕیار ماوە بدرێت، بەڵام بڕیاردان لەو پڕۆسەیە سەد هێندەى پڕۆسە تەکنیکیەکە دەبات، چونکە عێراق بۆرى نەوتى کەرکوک – جەیهانى تاقیکردووەتەوەتەوە، بۆریەکى زۆر سەرکەوتووەو ئامادە نیە بەبۆرى کۆمپانیاى کار نەوت هەناردە بکرێت".

وتیشى "بۆرى کەرکوک – جەیهان تەنانەت بەغاز تاقیکراوەتەوەو زۆر سەرکەوتووە، تەنها یەک ڕۆژى پێویستە بۆ ئەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى لێوە بکرێت، بەڵام کەى بڕیار دەدرێت ئەوە بڕگە قورسەکەیەو ئێمەش چاوەڕێى سەروو خۆمانین".

 

٩ی کانوونى یەکەمى ئەمساڵ بڕیارە خوێندنەوەى دووەم‌و کۆتایى لەپەرلەمان بۆ یاساى بودجەى گشتى عێراق بکرێت کە بڕگەى دووەم/ج ماددەى ١٢ى تایبەت بەتێچووى بەرهەمهێنانى بەرمیلێک نەوت کە بڕەکەى لە ٦ دۆلارەوە بۆ ١٦ دۆلار بەرزکردووەتەوە تا بگونجێت لەگەڵ پرۆتۆکۆڵى دارایى بەرهەمێنانى نەوت لەهەرێمى کوردستان، سەرچاوەیەکی نیمچە فەرمى لەنوێنەرانى عێراق پێشبینى شکستى ئەو دانیشتنەى بۆ ئاوێنە کرد، ئەو وتى "لایەنە شیعیەکانى پەرلەمان ئەگەری نیە دەنگ بدەنە هەموارى دووەم، چونکە بڕوایان وایە سودانى لەژێر کاریگەرى تورکیاو پارتى ئەو بڕیارەى داوە، بۆیە بەگومانەوە لەو پرسە دەڕوانن".

 

هەناردە کردنەوەى نەوتى هەرێم بۆیە گرنگە، چونکە قەیرانى مووچەش هێواش دەکاتەوە، بەڵام ئێستا وەزارەتى دارایى عێراق پرسى مووچەى بە "تەوتین"ى مووچەى فەرمانبەران بەستووتەوە کردویەتى بەمەرج ئەگەر پرۆسەى بەنیشتمانیکردنى مووچە نەکرێت مووچەش بەم سیستمە بەردەوام نابێت، بۆیە ئێستا لەنێوان وەزارەتى دارایى عێراق‌و سەرۆکایەتى وەزیرانەکەى وردە بۆڵە دروست بوون، چونکە زۆربەى کاتەکان مووچە بەفشارى سودانى دێت.

 

غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتار لەئەنجومەنى نوێنەراتى عێراق لەسەر پشکى یەکێتى، خاوەنى ئەو تیۆریەیە کە بڕواى وایە مووچەى کۆتا مانگى ئەمساڵى فەرمانبەران نایەت، ئەو گفتوگۆى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە کرد لەبارەى پرسى "تەوتین"ەوە، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد "لەئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەدوو کوتلەى جیاواز لەکێبرکێداین، ئێمە لەبەغداد کار لەسەر ئەوە دەکەین مووچەى فەرمانبەران لەڕێگەى بانکى ڕەشیدو ڕافیدەین بەنیشتمانى بکرێت، بەرامبەرەکانیشتمان کار بۆ ئەوە دەکەن مووچە لەڕێگەى هەژمارى من-ەوە بێت".

ئەو وتى "ئەو پرسە بەردەوامى هەیەو کۆتایى نەهاتووە، هیوادارین بتوانین ئەوەی لەبەرژوەندى خەڵکە ئەوە بکەین کە ئەویش بێگومان تەوتینە".

ئەو پەرلەمانتارەى عێراق سەبارەت بەکاردانەوە بۆ پرسى تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى عێراق جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوەى ئێستا فراکسیۆنەکەى جەختى لێدەکاتەوە هاوتەریبە لەگەڵ بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێراق بۆیە ڕێزى بڕیارى دادگاکە دەگرن، ئەو وتى "نازانین کەى تەوتین دەسپێدەکات، بەڵام بەرژوەندى خەڵکى سورمان دەکات لەسەر ئەو پرسەو کارى بۆ دەکەین".

 

هەولێر خۆى بوارد لە "تەوتین" زۆرینەى ڕەهاى فەرمانبەرانى بەفەرمانى حکومەتى هەرێم "هەژمارى من"یان هەڵبژارد، بەڵام سلێمانى مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی هەر لەسەرەتاوە ئەو پڕۆسەیان ڕەتکردەوە، ئەگەرچى حکومەت سەپاندى, بەڵام لەکۆتایدA پڕۆسەکە ڕاگیراو لەفەرمانگەکانەوە تەوتین دەستىپێکرد.

 

ئاوێنە لەوبارەیەوە بەدواداچوونى کرد، بۆى دەرکەوت زۆرینەى فەرمانگەکانى سلێمانى فۆڕمێکیان پێ پڕکراوەتەوە بۆ تەوتین، ئەم فۆڕمە لەلایەن بەشى ژمێریاریی بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکان کۆکراوەتەوە، هاوپێچ لەگەڵ بەڵگە نامە یاساییەکان دواتر دراوە بە دیوانى پارێزگارى سلێمانى کە زۆینەى ڕەهاى فەرمانگەکانى سلێمانى ئەو پڕۆسەیەیان تەواوکردووە.

 

ئاوێنە پەیوەندى بەشاهۆ عوسمان جێگیرى پارێزگارى سلێمانى کرد، نوسینگەکەى بەپەیامنێرى ئاوێنەیان ڕاگەیاند " ئەوان نوسراوى فەرمیان ئاڕاستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ "تەوتین" لەئێستادا چاوەڕێى دەرئەنجامن بۆیە ناتوانن لەسەر ڕێکارەکان لێدوان بدەن".

 

بێ مووچەیى و هێواشى پڕۆسەى تەوتین خەریکە مامۆستایان و فەرمانبەران ڕووە و بایکۆت هاوشێوەى ساڵى ڕابردوو دەبات.

 

عادل حەسەن، ئەندامى ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازى هەموو ئەگەرەکان بە"بایکۆت"ى هۆڵەکانى خوێندنەوە بەهۆى نەبوونى مووچەوە لەبەردەم خۆی و هاوڕێکانى بەکراوە دەبینێت، دەڵێ "جگە لەبایکۆت هەنگاوى ترمان دەبێت، بەڵام جارێ ئاشکراى ناکەین".

ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازى لەبارەى تەوتینەوە ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، تەوتین خواستى ئێمەیە و چوارجار بۆ ئەو پرسە چووینەتە بەغداو دواجاریش کە سەرۆکوەزیرانى عێراق هاتە هەرێمى کوردستان یاداشمان پێدا، ئەو وتى "داوکاریمان پێشکەشى پەرلەمانى عێراق کردووەو چاوەڕوانى ئەوانین تەوتین یەکلایى بکەنەوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×