بەفرو کۆڵبەریی، "گیان" بەرامبەر بە"نان"
  2024-11-29       401       
دوو سێ ساڵ لەمەوبەر دوو مەتر بەفر باری، ئێمە رێگەکەمان بەخاکەناس پاک کردەوەو کۆڵبەریی خۆمان کرد

ئا: هێڤی ئاوات

 

له‌سه‌ر سنوری‌ نێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێران، بەهەزاران كه‌س هه‌موو رۆژێك ژیانی‌ خۆیان ده‌خه‌نه‌ ‌مه‌ترسییەوە لەپیناو دابینکردنی بژێوی ژیانیاندا، کۆڵبەرێک دەڵێت "ئەم رۆژانە بەفرو سەرما لەتولەڕێکانی سەر سنووردا هەڕەشە لەگیانی هەزاران کۆڵبەر دەکات".

 

کەریم خەلیل، گران بەدەست کاری کۆڵبەرییەوە چەشتویەتی، جگە لەوەی برایەکی تەمەن ٢٧ ساڵی کە کۆڵبەر بوو، چوار مانگ لەمەوبەر لەمەرزی سیپە بەتەقەی پاسەوانی سنور گیانی لەدەست داوە، خۆیشی دوای ٥ ساڵ لەکاری کۆڵبەریی‌، بەهۆی چەند جارێک هەڵخلیسکان لەسەر بەفرو هەڵگرتنی بارو کۆڵی قورسەوە، ئێستا بەدەست ئازاری فەقەراتی پشتییەوە دەناڵێنێت‌و پزیشک پێیوتووە نابێ لەمەودوا کۆڵبەری بکەیت‌و هیچ شتێکی قورس هەڵگریت، کەریم بەخەمناکییەوە بەئاوێنەی وت "جگە لەکۆڵبەری هیچ کارێکی تر نییە بیکەین، بەتایبەتی کە سەرماو زستان دەستپێدەکا‌و وەرزی گەشتیاری نامێنێ، ئیتر هیچ ئیشێک نییە لەخورماڵ ناچارین هەر کۆڵبەری بکەین".

کەریم، ئاماژە بەوە دەکات کە بەفر ئێستا بەشاخەکەوەیەو هێشتا رێگاکانی کۆڵبەریی نەگرتووە، بەڵام دنیا زۆر ساردی کردووەو بەشەوان رێگەی سیپەو سەرگەت‌و حاجییەڕێ‌و هانەی تێ دەیبەستێ کە رێگەی هاتووچوونی کۆڵبەرانن، ئەو وتی "دوو سێ ساڵ لەمەوبەر دوو مەتر بەفر باری، ئێمە رێگەکەمان بەخاکەناس پاک کردەوەو کۆڵبەریی خۆمان کرد".

وتیشی "کە بەفرو سەرما دەستپێدەکات، کاری کۆڵبەریی لەو مەرزانە سەخترو قورستر دەبێت، ئیتر کۆڵبەر زیاتر رووبەڕووی مەترسی بەربوونەوە لەبەرزایی‌و رەق بوونەوەو رێ ونکردن لەتاریکی‌و بەستەڵەکدا دەبێتەوە، ئەو رێگایانەی بەهاوینان بەسێ کاتژمێر کۆڵبەر دەیانبڕێ، لەزستاندا تێپەڕاندنیان ٥ کاتژمێری پێویستە".

کەریم ئەزمونێکی پڕ لەئازاری خۆی بۆ ئاوێنە دەگێڕێتەوە کە چۆن پاسەوانی سنووری عێراقی‌و پاسداری ئێرانی رێگەیان لێگرتوون‌و ئەمیش لەئێوارەوە تا بەرەبەیان بەکۆڵێکی قورسەوە چەندین تولەڕێی بڕیوە بۆ ئەوەی گولەی بەرنەکەوێ، ئەو وتی "بەفر تازە زەوی سپی کردبوو، لەسەرگەتەوە بارم بار کردو کاتژمێر ٦ی ئێوارە رۆشتم بۆ کاتژمێر ٦ی بەیانی هاتمەوە، ١٢ کاتژمێر کۆڵم بەکۆڵەوە بوو، پاسەوانی سنوورو پاسدار تەقەیان دەکرد، ناچار بووم رێگە بگۆڕم، ئەچووم بەرەو سەر رێگە نەبوو، بگەڕامایەتەوە دەیانکوشتم، دابنیشتمایە بەو سەرمایە رەق ئەبومەوەو نەمدەتوانی".

وتیشی "کاتێک پاسەوانی سنوور یان پاسدار کەمین دادەنێن‌و رێگە دەگرن دەبێ زیاتر لەهەشت نۆ کاتژمێر بەڕێگەی قورسترو دوورتردا بڕۆی‌و رێگە ببڕی‌و رێگە بگۆڕی‌، هەموو شەوێکیش کۆڵبەر رووبەڕووی ئەم مەترسیانە دەبێتەوە".

کۆڵبەریی هاوین‌و زستانی بۆ نییە

كۆڵبه‌ره‌كان، ئه‌و كه‌سانەن‌ كه‌ ساڵانێكی‌ دوورو درێژه‌ له‌نێوان سنووری ئێران‌و هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌كۆڵ‌و بەپێ‌و له‌رێی‌ وڵاخ‌و مێک زەمینییه‌وه‌، باری‌ قاچاغ دەبەن‌و دەهێنن، کۆڵبەریی بووەتە سەرچاوەی داهاتی هەزاران کەس بەدرێژایی هەردوو دیووی ئەو سنوورە.

 

"ئەم رۆژانە بەفرو سەرما لەتولەڕێکانی سەر سنووردا هەڕەشە لەگیانی هەزاران کۆڵبەر دەکات"، ئەمە قسەی کامەرانە، کە زستانی پار بەهۆی هەڵخیسکانەوە لەسەر بەفر، لەکاتی گواستنەوەی باری جگەرەدا بۆ سەر سنوری ئێران، ئەژنۆکانی ئازاریان پێگەیشتووەو ئێستا پزیشک بۆ چارەسەرکردنیان داوای چەند هەزار دۆلارێک دەکات، لەکاتێکدا وەک خۆی دەڵێت "ئەو شەوی بە ١٠ هەزار دینار کۆڵبەریی کردووە".

کامەران کە گەنجێکی تەمەن ٢٨ ساڵەو خەڵکی خورماڵە، باس لەوە دەکات بەشێکی زۆر لەگەنجانی ناوچە سنوورییەکان لەتاو بێکاریی ریسک بەژیان‌و گیانیان دەکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "هەموو ئەوانەی کە دنیا تاریک دەکاو بەم کڕێوەو سەرمایە دەچن بۆ کۆڵبەریی، بەتەما نین جارێکیتر بێنەوەو خێزانەکەیان ببینەوە".

وتیشی "کۆڵبەریی لەو شوێنەوە دەستپێدەکات کە ئیتر رێی‌ ئۆتۆمبێل نامێنێت‌و رێی‌ وڵاخیش زه‌حمه‌ت ده‌بێ‌، ئینجا ئه‌و كه‌سانه‌ باره‌كان به‌كۆڵ هه‌ڵده‌گرن‌و به‌ناو چیاو دۆڵه‌كاندا ده‌یبه‌نه‌ دیوی‌ ئێران یان بەپێچەوانەوە، مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر ژیانی‌ كۆڵبه‌ران ئەو كاتە‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن كه‌ كۆڵبه‌ره‌كان رووبەڕووی تەقەی  هێزه‌کانی پاسەوانی سنوورو پاسدار دەبنەوەو به‌كۆڵه‌ قورسه‌كانیانه‌وه‌ چوار كیلۆمه‌تر به‌پێ ده‌بڕن‌و تاریکی‌و سەرماش لەولاوە بوەستێت".

کامەران باس لەوە دەکات بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی لەهەرزەکارییەوە وازی لەخوێندن هێناوەو خەریکی کۆڵبەرییە، ئەو وتی "مردن لەکۆڵبەریی خۆشترە، بەڵام چی بکەین ناچارییە، یان دەبێت لەبرسدا بمرین یان کۆڵبەریی بکەین".

 

له‌نێوان ئێران‌و هەرێمی كوردستاندا چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ هه‌یه‌ كه‌ دیارترینیان ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی‌ پێنجوێن‌و پشده‌ر له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌‌و شارۆچكه‌ی‌ سۆران‌و حاجی ئۆمەران له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ هه‌ولێر، به‌ڵام له‌دووری‌ ئه‌و ده‌روازانه‌وه‌ هەزاران کەس، کە زۆربەیان گەنجن، ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە به‌توله‌رێی‌ قاچاغ له‌نێوان هه‌ردوو به‌ری‌ سنوره‌كه‌دا هاتوچۆ ده‌كه‌ن‌و هەریەکەو بەئەندازەی توانای خۆی باری ٣٠ کیلۆیی تا ٨٠ کیلۆیی توند بەکؤڵیانەوە دەبەستن‌و بەو شاخ‌و سەرماو تاریکییەدا مەودای ٣ تا ٥ کیلۆمەتر رێگە دەبڕن، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

کە بەفرو سەرما دەستپێدەکات، کاری کۆڵبەریی سەخترو قورستر دەبێت

 هاوکار کە تەمەنی ٢٣ ساڵە، باس لەوە دەکات ساڵێکە خەریکی کۆڵبەرییەو پارە کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی ئایفۆنێکی پێبکڕێت، بەڵام تا ئێستا پارەکەی تەواوی نەکردووەو بۆی نەکڕاوە، ئەو بەئاوێنەی وت "هەرچییەکت دەستکەوێ شایستەی ئەو ئازارو ماندووبوونە نییە کە بەدەست کۆڵبەرییەوە دەیچێژیت، هەموو شەوێک بەو سەرماو تاریکی‌و مەترسییە دەبێت خەریکی راکە راک بیت، بۆ پارەیەک کە بەشی هیچ ناکات، سەرەنجامیش یەکێك بەدەست پشت ئێشەوە دەناڵێنێ، یەکێ بەدەست ئەژنۆو قاچییەوەو خەڵکیشمان هەیە ئێستا پەککەوتەیەو دوو سێ ساڵە لەجێگادا کەوتووە". 

وتیشی "کۆڵبەریی هاوین‌و زستانی بۆ نییە، کەی پارەمان پێنەبوو ناچارین رێگەی هات‌و نەهات بگرینەبەر، بەڵام بەفرو سەرمای زستان کاری کۆڵبەری مەترسیدارتر دەکات، وەک ئەوەی لەساڵانی رابردوودا چەند کەسێک لەکۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە ژێر هەرەسی بەفرەوە یان لەسەرمادا رەق بوونەوە".

هاوکار ئاماژە بەوەش دەکات کە چه‌ندین كه‌لوپه‌لی‌ وه‌ك ماكیاژ، بۆن، جلوبەرگ، جگه‌ره‌، ته‌له‌ڤزیۆنی زیرەک، جۆرەکانی‌ تری‌ ئامێره‌ ئه‌لكترۆنییه‌كان‌و ماده‌ كحولییه‌كان بۆ ئێران دەبەن، بەڵام گەنجانی تەوێڵەو بیارە بەپێچەوانەوە لەئێرانەوە بەنزین بۆ ئەمدیوی سنوور دەهێنن، ئەو وتی "ئه‌م كه‌لوپه‌لانه‌ ئێران رێیان نادات به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌مەرزەکانه‌وه‌ بچنه‌ ئه‌و وڵاته‌،  چه‌ند بازرگانێكی‌ عێراقی‌و ئێرانی‌ رێکدەکەون تا به‌قاچاغ ئاودیوی‌ سنوری بکەن".

وتیشی "خاوەن بارەکە تەلەفون بۆ ئێمە دەکات‌و دەڵێت بارەکان لەفلان شوێنە بڕۆن بیبەن بۆ فڵانە سنوور، لەوێ کابرایەکی ئێرانی دانیشتووە بەو ناوەوە بیدەنێ، ئیتر کۆڵبەر کە تاریکی کرد دەڕواو لەسەر سنوور رادەستی کەسی دیاریکراوی دەکات، بەپێی رێککەوتنی خاوەن بارەکەی عێراق‌‌و ئێران".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×