ئەوقافی سلێمانی هەواڵی رفاندنی مامۆستایەكی ئایینی رەتدەكاتەوە
  2024-11-30       396       
مەلا تاهیر كەلەباشی

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە، هەواڵی رفاندنی مامۆستای ئایینی مەلا تاهیر كەلەباشی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بڵاوكرایەوە، ئەوقافی سلێمانی و پەیجی ئەو مامۆمستا ئایینیە لە فەیسبوك، هەواڵەكە رەتدەكەنەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی سلێمانی، كەمێك لەمەوبەر لە رونكردنەوەیەكدا وتی"بەیانی ئەمڕۆ هەندێ لەپەیجە سێبەرو گێرەشێوێنەکان هەواڵی ڕفاندنی مامۆستا (مەلا تاهیر کەلەباشی)یان بڵاوکردەوە، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی سەرلەبەری ئەو درۆو دەلەسانە ڕەتئەکەینەوەو هاوڵاتیان ئاگادارئەکەینەوە کە ئەو هەواڵە دورە لەڕاستییەوەو ئەمە کاری ئەو پەیجە ساختانەیە کە چاویان بەئارامی و ئاسایشی کوردستان و بەتایبەت سنوری سلێمانی هەڵنایەت."

هاوكات پەیجی مامۆستا تاهیر كەلەباشی لە فەیسبوك، كەمێك لەمەوبەر لە رونكردنەوەیەكدا نوسیویەتی"دەنگۆی ڕفاندن و گرتنی مامۆستا تاهیر کەلەباشی دورە لە ڕاستییەوە. زۆر سوپاسی پەرۆشی و خەمخۆری هەمو لایەک دەکەین."

ئەمڕۆ شەممە، بەشێك لە پەیجەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە مامۆستا تاهیر كەلەباشی لەلایەن هێزێكی یەكێتییەوە لە ماڵەكەی خۆی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، رفێندراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×