کەی کابینەی دەیەم پێکدەهێنرێت؟
  2024-11-30       779       
ئێستا یەکێتی دەڵێت، پێنج سەرۆکایەتی هەیە لەهەرێم جگە لەپۆستەکانی دیکە، دەبێت دوانی بەئێمە بدرێت‌و سێی بۆ پارتی بێت

ئا: ئیمان زەندی

 

مشتومڕی پێکهێنانی حکومەت لەنێوان لایەنەکان دەستیپێکردووە، شارەزایانی هەڵبژاردن پێیانوایە پێکهێنانی کابینەی دەیەم درێژە دەکێشێت‌، بەڵام لایەنەکان وەک خۆیان دەڵێن هەرچەندە کێشەیان لەگەڵ دابەشکردنی پۆستەکان هەیە، هەموو توانایەک دەخەنەگەڕ لەشەش مانگ زیاتر دانوستانی پێکهێنانی حکومەت درێژە نەکێشێت.

 

چەند لایەن بەشداری کابینەی دەیەم دەکەن‌و مەرجەکانیان چین؟

بەپێی بەدواداچونەکانی ئاوێنە هەریەکە لەحزبەکانی رەوتی هەڵوێست‌و کۆمەڵ‌و گۆڕان لەگەڵ یەکگرتوو بەشداری حکومەتی نوێ ناکەن، بەرەی گەلیش تاوەکو ئێستا بڕیاری بەشداریکردن یان نەکردنی نەداوە. هەر بەپێی بەدواداچونەکان هەریەکە لەپارتی‌و یەکێتی‌و لیستی هاوپەیمانی کوردستان بەشداری حکومەت دەکەن. هەرچی نەوەی نوێشە مەرجی هەیە.

لەبارەی بایکۆتی فەرمی کۆمەڵی دادگەری، ئەحمەدی حاجی رەشید بەئاوێنەی وت "ئێمە کاتێک بەشداری پەرلەمان نەکەین، بەشداری هیچ حکومەتێکیش ناکەین، هیچ مەرجێکمان نەخستووەتە بەردەم هیچ لایەنێکی سیاسی، چونکە دەنگەکانمان رەشکراوەتەوەو دراوە بەلایەنێکی دیکە".

وتیشی "ئەگەر هەر ئەندامێکی کۆمەڵ لەپەرلەمان بەشداری بکات لەریزەکانمان دوردەخرێتەوە، ئەو بڕیارەمان دیراسەیکی وردی بۆ کراوەو جورئەتێکی زۆری ویست".

لەلایەکی دیکەوە خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ ئاوێنە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان ناچنە هیچ گفتوگۆیەکەوە سەبارەت بەپێکهێنانی حکومەت‌و مەرجیان پێشکەش نەکردووە، ئەو وتی "وەکو یەکگرتوو بڕیاری خۆمان داوە ئێمە بەشداری لەکابینەی دەیەم ناکەین، بەئۆپۆزسیۆنبوونی خۆمان دەمێنینەوە".

لای خۆشیەوە، وتەبێژی رەوتی هەڵوێست رایی حزبەکەی ئاشکرا دەکات کە بڕیاریانداوە نەچنە حکومەتەوە لەگەڵ یەکێتی‌و پارتی، هەرچەندە رەوتی هەڵوێست چوونیان بۆ پەرلەمان نەبڕاندووەتەوە، بەڵام بەوتەی سەردار قادر ئەوەیان لێکداوەتەوە کە کورسییەکان دەچن بۆ کێ؟ نایانەوێت دەنگەکانیان بچێت بۆ لایەنە سیاسیەکان، وتیشی "ناچینە حکومەت تاوەکو دەبین بەزۆرینە".

بەڵام نەوەی نوێ جیاوازتر لەحزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بەپڕۆژەیەک مەرجی خۆی ئاشکراکردووە، بەپێی ئەو پڕۆژەیەی کە لەلایەن کەسێکی باڵای نێو جوڵانەوەکە بۆ پەیامنێری ئاوێنە نێردراوە، تیایدا نوسراوە کە پارتی‌و یەکێتی ناتوانن بەتەنیا حکومەت پێکبهێنن، هەروەها لەگریمانەی پڕۆژەکەدا مەرجەکانیش خراوەتەروو ئەوانیش "دابەشبوونی هێزە براوەکان‌و کردنیان بەدووبەرەیە، بەشێوەیەک بەرەیەک پارتی بێت کە زۆرترین کورسییەو بەرەکەی دیکەش ئەو لایەنانە بن کە دەیانەوێت بەشداری حکومەت بکەن، هاوکات هەرکام لەیەکێتی‌و پارتی پۆستی سەرۆکی حکومەتیان وەرگرت، دەستبەرداری تەواوی پۆستەکان‌و وەزارەتەکان ببن بۆ بەرەی بەرامبەر".

لەگریمانەیەکی دیکەدا نەوەی نوێ-دا دەکرێت رێکەوتنەکەش بەجۆرێک بێت کە هەردوو ساڵ جارێک تەواوی پۆستەکان ئاڵوگۆڕ بکرێت، سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو جوڵانەوەکە بەئاوێنەی وت "ئەگەر ئێمە سەرۆک وەزیرانمان لانەبێت لەبەرامبەردا هەر ٢٣ وەزارەتەکەو سەرۆکایەتی هەرێم‌و سەرۆکی پەرلەمان‌و پارێزگاکانمان دەوێت، بەڕاستی سێ بۆ چوار وەزارەت هەرگیز وەرناگرین‌و نابین بەشاگردیان‌و سبەی پولێکمان پێوەبنێن".

بەڵام دوو هێزی دەسەڵاتی هەرێم هەم بەشداری کارای پێکهێنانی حکومەتن‌و هەم مەرجەکانیان ناڕوونن، لەو بارەیەوە فازڵ بەشارەتی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان‌ لەفراکسیۆنی پارتی لەبارەی مەرجەکانی نەوەی نوێوە بۆ ئاوێنە وتی "هەر لایەنێک ببێتە ئۆپۆزسیۆن‌و بێتە ناو حکومەت نابێت مەرجی پێشوەختە دابنێت، ئێستا پارتی براوەی یەکەمە مەرجی پێشوەختەی نییە، ئەو قەپەشی نەوەی نوێ دایدەگرن یان تێنەگەیشتنە لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن یاخود حساب نەکردنە بۆ ئەنجامەکان، چونکە سەرۆک وەزیران هی ئەو کەسەیە کە براوەی یەکەمە، تەنانەت هەندێک لەپۆستە سیادییەکانیش".

وتیشی "پارتی هەموو نەرمیەک دەنوێنێت تاوەکو حکومەتەکە زوو پێکدەهێنن، چونکە هەموومان هەست بەمەترسییەک دەکەین کە لەناوچەکەدا هەیە، هەوڵدەدەین چارەنووسمان جارێکیتر نەکەوێتەوە دەست دادگای فیدڕاڵی".

مەرجی یەکێتی بۆ کابینەی دەیەم بەپێی وتەی سەعدی ئەحمەد پیرەی وتەبێژ بێت کە بۆ میدیاکەی قسەیکردووە، "داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم دەکەین". بەڵام ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە بەئاوێنەی وت "باشترە جێی بهێڵین بۆ دانوستانەکان، چونکە یەکێتی دەیەوێت لەم حکومەتەدا رۆڵێکی باڵای جێبەجێکاریی بگێڕێت".

 

پارتی‌و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەڵێن چی؟

لەوبارەیەوە ستران عەبدوڵا وتی "ئەو بەرنامەیەی یەکێتی بڕوای پێیەتی ئەوەیە شێوازی حکومڕانیی لەکوردستان گۆڕانکاری بەسەردابێت، پێش ئەوەی قسە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکەین ئایا بەرنامەی کابینەی نوێ چی دەبێت‌و دەسەڵاتە سیاسیەکان چۆن دابەشدەکرێت؟ پێویستمان بەپەرلەمانێکی کارایە، لەهەمووی گرنگیتر حکومەتێک پەیوەندیەکی باشی هەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراق، تاوەکو ئەو کێشانەی هەمانە لەگەڵ ئەوان چارەسەر بکرێت".

وتیشی "بابەت هەر ئەوە نییە بەپەلە سەرۆکی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتی‌و دواتر حکومەتی هەرێم دیاریبکرێت، ئەمانە بابەتی جدی نین بەپلەی یەکەم، پلەی یەکەم ئەوەیە ئێمە چ جۆرە حکومڕانییەکمان دەوێت".

ستران ئەوەشی وت "پێمان وایە راستکردنەوەی ڕێرەوی حکومڕانکردنی کوردستان مەتەڵێکی حزبی نییە، داوای ئەوەمان نەکردووە ئەوەندە وەزارەتمان پێبدرێت‌و نەیدەن بە فڵان حزب، هەربۆیە پێش دۆخەکە ناکەوین بەکورتی مینبەری راگەیاندن باش نییە بەکاریبهێنین بۆ دانوستان، بەڵام ئەو دروشمەی یەکێتی هەڵیگرتووە لەهەڵبژاردن ئەوە دەهێنێت".

ئاوێنە پرسی ئەگەر هەیە حکومەتەکەمان بنکە فراوان بێت؟ ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکرایکرد "ئەگەر سەیر بکەین پارتی ٣٩ کورسی هەیە لەدەرەوەی ئەو حزبە ٦١ کورسی! لەو روانگەیەوە پێمانوایە هیچ کێشەیەک نییە، پێشمانوایە کاتیەتی حکومەتێکی بنکە فراوان دەڵێی ئیتیلافی (هاوپەیمانی) دەڵێی تەنانەت یەک حزبیش دەڵێی بەمەبەستی ئێمەوە ناوەڕۆکی حکومڕانی لەئایندەی کوردستان گرنگە".

لای خۆشیەوە فازڵ بەشارەتی وتی "لەراستیدا هەندێک کاتی دەوێت پێکهێنانی حکومەت، ئەمە رای خۆمە حکومەت چەند لایەنی کەمتری تێدا بێت سەرکەووتوتر دەبێت، دەخوازین کابینەی دەیەم رۆژێک یان مانگێک زووتر پێکبهێنرێت".

سەبارەت بەوەی پارتی‌و یەکێتی چەندێک نزیکبونەتەوە لەیەکتری؟ بەشارەتی وتی "لەراستیدا ئێمە بێ یەکێتی حکومەتمان پێ پێکناهێنرێت، بەڵام پێویستە هەر یەکێکمان بچینە ژێر ئەو بەپرسیاریەتیەی لەسەرمانە، نابێت چاوەڕوانی کەسی دیکە بین حکومەتمان بۆ پێکبهێنێت".

وتیشی "دەخوازین حکومەت زووتر پێکبهێنرێت، بەڵام تموحەکان زۆر گەورەو لەحەد بەدەرن بەتایبەتی برادەرانی یەکێتی قەپی گەورە دادەگرن، ئەگەر بەو قەپەوە بیانەوێت بێنە ناو حکومەت ئەستەمەو پێکهێنانی حکومەت درێژە دەکێشێت".

هەر لەوبارەیەوە د. سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیاران‌و هەڵبژاردنەکانی عێراق بەئاوێنەی وت "ئەگەرێکی دوورە پێکهێنانی حکومەت ساڵ بخایەنێت، چونکە بیرمان نەچێت وڵاتی ئیقلیمی رۆڵی سەرەکی دەبینن لەبەڕێوەبردنی سیاسیەتی هەرێمدا کە ئێران‌و تورکیایە، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەهەند وەرگیراوە، هەروەها ئەمریکا قورسایی خۆی دەبێت لەناوچەکەو دەیەوێت بەزووترین کات حکومەت پێکبهێنرێت، چونکە هەر ئاڵۆزییەک لەبەرژەوەندی ئەمریکا نییەو لەبەرژەوەندی ئێران‌و تورکیاش نییە، بۆیە دەوڵەتەکان رێگا نادەن ئەو حکومەتە پێکنەهێنرێت، هەر چوار مانگەکە دەخایەنێت ئەویش سێ مانگی بۆ یەکلاییکردنەوەی لایەنەکان‌و مانگێکیش بۆ دادگای فیدڕاڵی فەرزە لەسەر سەرۆکی پەرلەمان لایەنەکان کۆبکاتەوە هاوپەیمانی دروست بکرێت".

ناوبراو ئاماژە بەخاڵیکی دیکە دەدات‌و دەڵێت "پێشبینی ناکەم یەکێتی‌و پارتی رێکنەکەون، چونکە ئەم دوو لایەنە چەکیان هەیەو کادری باڵاو مامناوەندی زۆریان هەیەو ئەزمونی حکومڕانیان هەیە، وە پارەی سیاسیان لەبەردەستە. هەردوو لایەنەکەش سەربە وڵاتانی ئیقلیمن‌و ناچاریان دەکەن حکومەتەکە پێکبهێنن".

لایخۆشیەوە هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان باس لەهەندێک سیناریۆ دەکات‌و ئاماژە بەوە دەکات کە لەبەردەم پارتی‌و یەکێتی تەنیا بابەتێک مابێت "رێککەوتنە"، ئەو بەئاوێنەی  وت "ئێستا سیناریۆکە لەسەر ئەوە وەستاوە پارتی تاچەند تەنازولات دەکات‌و یەکێتی داواکانی چەندە؟ ئەگەر ئەوان رێکبکەون پرۆسەکە دەچێتە پێش‌و گرفت نییە، ئەگەر رێکنەکەون بەڵێ گرفت دەبێت".

وتیشی "ئێستا یەکێتی دەڵێت، پێنج سەرۆکایەتی هەیە لەهەرێم جگە لەپۆستەکانی دیکە، دەبێت دوانی بەئێمە بدرێت‌و سێی بۆ پارتی بێت، بەمەرجێک یەکێکیان لەپۆستی تەنفیزی بێت ئەویش سەرۆکی حکومەت‌و سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکی پەرلەمان‌و سەرۆکی مەجلسی قەزا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش. ئەوەی پێشبینی دەکرێت پاکێجە، یەکێتی دەڵێت؛ هەمووی بەپاکێج ڕیککەوتن دەکەین کێ ئەو پێنج پۆستە وەربگرێت!، دواتر دەچینە نێو پەرلەمان".

 

ئەگەر هەیە هەرێم لەبەردەم هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٥دا بێت؟

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم، پەرلەمان سێ کڕۆکی هەیە بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی دانیشتن دەکات، پاشان سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت دواتر سەرۆکایەتی داوا لەو لایەنە دەکات کە زۆرترین کورسی هەیە لەماوەی ٣٠ رۆژدا حکومەت پێکبهێنن، ئەگەر نەیانتوانی ئەوا پەرلەمان دووبارە ٣٠ رۆژی دیکە دەدات بەهەمان لایەن، ئەگەر ئەو لایەنەش نەیتوانی لایەنی دووەم دەیکات دوای ئەوانیش لایەنی سێیەمە، ئەگەر لەماوەی ئەو سێ مانگەدا رێککەوتن نەکرێت! لایەنەکان دەتوانن سکاڵا لەدادگای فیدڕاڵی لەپەرلەمان تۆماربکەن.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×