ئەمڕۆ هەردوو شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبونەوە و لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندەکە رایدەگەیەنێت، كۆبونەوەكە لەکەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچو، وە دەشڵێت "هەردوولا ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبونەوەکانی نێوانمان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی دیكەش".
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، نوسینگەی قوباد تاڵەبانی لەمیانی ڕاگەیەندراوێكدا وتویەتی "لە كۆبونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ پارتیدا كەلە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو".
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری یەکێتی رونیشیکردووەتەوە "پێکەوە باسمان لەبابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستان کرد و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت".
وتوشیەتی "هەردوو شاندنی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی تری".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژە بەوەش دەکات "سەبارەت بەدانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش کەبڕیارە 2ی مانگی (كانونی یەكەم/12) بەڕێوەبچێت، هاوڕابووین لەبارەی گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەکە.