دەستەی "تەحریر شام" و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی، لە گرتنى تەواوەتى حەلەب نزیکبوونەتەوە، بەڵام هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەى شارەکە لەژێر دەستى هێزەکانى سوریاى دیموکراتدایە.
ئاوێنە: رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ وتی "ئێستا زۆربەی حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیدایە".
وتیشی "پارێزگار و فەرماندەکانى پۆلیس کشاونەتەوە و دامەزراوە سەرەکییەکان و زیندانەکان و ناوەندی شارەکەش کەوتوونەتە دەستى گرووپە چەکدارەکان".
رامى ئاماژە بەوەش دەدات "نەخشەى کۆنترۆڵى حەلەب لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و کوردەکاندا دابەشبووە.
جەختی لەوەش کردەوە، هێزە شیعییەکانیش لە حەلەب شکستیان هێنا و رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار بوونەتەوە، هەروەها ئەمەریکا و تورکیا بەتەواوی پشتیوانیی لە هێرشەکان دەکەن بۆسەر حەلەب، ئەگەر تورکیا نکۆڵیش بکات کە پشتیوانی ناکات ئەوە راست ناکات.
ڕامی عەبدولڕەحمان باسی لەوەشکرد "ئامانج لە پشت هێرشەکانی سەر حەلەب دابەشکردنی سوریا و شکستپێهێنانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدە. چونکە "دەبێت بەشار ئەسەد واز لە پۆستی سەرۆکایەتی سوریا بێنیتم بەڵکو دەشبێت دادگایی بکرێت".
میدیای یەکێتیش رایدەگەیەنێت "هەردوو گەڕەکى کوردنشینى شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب و رێگاى حەلەب_شەهبا لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سوریاى دیموکراتدایە".
لای خۆشیەوە سیامەند عەلى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى یەکینەکانى پاراستنى گەل رایگەیاند "هێزەکانى رژێم بەرگریى ناکەن و چەکدارەکانى تەحریرى شام بەخێرایى پێشڕەوى دەکەن، وتیشى "هەر کاتێک گرووپە چەکدارەکان هێرشبکەنە سەر ناوچەکانى ژێر یەکینەکان، ئەوا هێزەکانیان بەرگریى دەکەن و سەرجەم رێکارەکانى پاراستنى خەڵکەکەیان گرتووەتەبەر".
لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکاشەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی ئاکسیۆسی راگەیاندووە "ئیدارەی بایدن شۆکبوون بەو هێرشانە و سوپای ئەمریکا لەو ناوچەیە هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ لایەک".
بەڕێوەبەری روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ لەبارەی هەڵوێستی ڕوسیا لەسەر گرژییەکانی سوریا باسی لەوەشکرد "هەڵویستی ڕوسیا بەڕاستی شەرمنانەیە، لە هەندێک ناوچەی باکوری سوریا کشاوەتەوە، دەیانەوێت نەخشەی ناوچەکە دابڕێژنەوە و بەشار ئەسەدیش هەر لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، ئێرانیش وردە وردە ناوچەکان ڕادەست دەکات".