١
وێرانکردنی جەلەمۆرد، گوندێکی بە نایاساییکراو
نووسینی: د. فازڵ مورادی
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
لە 10ی ئایاری ساڵی 1988، سوپای عێراق بە هاوکاریی فەوجە کوردەکان، کە هەردوو لایان لە ڕەگەزی نێرینە پێکهاتبوون و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانک و بلدۆزەر و هەلیکۆپتەر تەیارکراون، گوندی چۆڵی جەلەمۆرد لە ناوچەی گەرمیان گەمارۆ دەدەن و دەچنە ناویەوە (وردتر ئەم گوندە لە ناوچەی شواندایە و جوگرافیا گشتییەکەی گەرمیانە - وەرگێڕ). وا ساڵێک تێپەڕیوە کە دەوڵەتی بەعسی عێراق وەک زنجیرەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال ڕایگەیاندبوو کە دانیشتووانی کورد و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچە گوندنشینەکانی هەرێمی ئۆتۆنۆمیداری کوردستانی عێراقی کردبووە ئامانج. زنجیرەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال لەسەر بنەمای فەرمانی دەوڵەتیی ژمارە ٤٠٠٨، لە ڕۆژی ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨٧، کە ڕایدەگەیەنێت، "گوندە بە نایاساییکراوەکان -قەدەغەکراوەکان (outlawed) وەک ناوچەی ئۆپەراسیۆن سەیر دەکرێن کە بە توندی لە دەرەوەی سنوور دادەنرێن بۆ هەموو کەس و ئاژەڵێک... کە تێیدا سەربازەکان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان تەقە بکەن و... هێزی سەربازی دەبێت بۆردمانی کوێرانە و هەڕەمەکی ئەنجام بدات و تۆپخانە و هێلیکۆپتەر و هێزی ئاسمانی بەکاربێنێت بە مەبەستی کوشتنی زۆرترین ژمارەی کەس لە ناوچەکانی دەرەوەی یاسادا". ئەوە لە گوندە قەدەغەکراوەکاندایە، لە ناوچە دێهاتییەکانی دەرەوەی یاسادا، دەوڵەتی بەعسی عێراق لە شێوەی ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی ئەنفالدا، شێوەی خۆی وەرگرت و دواجار شکۆمەندیی خۆی ڕادەگەیەنێت. بەپێی مەرسووم، هەموو زیندەوەران لەم ناوچە قەدەغەکراوانەدا مەحکوومن و کەوتوونەتە ژێر ڕەحمەتی ئەنفالچییەوە. ئەنفالکردن واتە ژێرخانی سەربازیی دەوڵەتی مۆدێرنی عێراق، لە نێویشیدا فەوجە کوردەکان وەک موستەشار (ڕاوێژکار) و جاش (واتە بەچکەی کەر، کە پێناسەیەکی باو بوو بۆ ئاماژەکردن بە هاوکارە کوردەکانی حکوومەت) و جەللاد (بکوژ) لەگەڵ ڕێنمایی سیاسی و یاسایی سەروەری بۆ نەکردن پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، ئازادییە بنەڕەتییەکان، یان ژیان بەڵام بۆ ڕفاندن و دەستدرێژی و کوشتن، مرۆڤەکان دەکاتە دەسکەوتی شەڕ و تاڵانکردنی ماڵ و سامان. دانیشتووانی ئامانجدار دەبنە ئەنفالکراو، ئەنفالکراوان. ئەوان بۆ گۆڕینی سیاسیی توندوتیژانەی دانیشتووانی گوندنشین وەستاون بۆ "دەسکەوت"ی توندوتیژی سیاسی، کە لە هەر پەنابردنێک بۆ یاسا، دەوڵەت، ئێتیک، مۆراڵ، یان مرۆڤایەتی بە گشتی دزراون.



نەخشەی ناوچە و گوندە ئەنفالکراوەکان
بە زانینی ئەوەی کەوا گوندەکەیان یەکێکە لەوانەی کراوە بە نایاسایی، لە ناوچەیەکدا کە بە نایاسایی ڕاگەیەندراوە، دانیشتووانی جەلەمۆرد ئێستا وا گەیشتنە ئەنفالچییەکان و دۆخەکە "لە ڕۆژی قیامەت دەچوو لەسەر زەوی". ئەوان لەلایەن کەسوکاری نزیکەوە و لەلایەن هێزە چەکدارە کوردەکانەوە "پێشمەرگە" ئاگادار کرابوونەوە، کە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە شارەکانی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستاندا سنووردار بوو بۆ ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە دەستاودەستیان دەکرد، بەو پێیەی شارەکان لە ژێر کۆنترۆڵی تونددان لەلایەن دەوڵەتەوە. خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە بۆ ڕزگاریی سیاسی پشت بە گوندەکان و دانیشتووانەکەی دەبەستێت، کە میواندارییان دەکەن و جلوبەرگیان دەشۆن و خواردنیان بۆ دابین دەکەن. پەیامی ئەنفالچییەکان بێبەزەییانەیە و هەر کەسێک لە جەلەمۆرد یان دەوروبەری بمێنێتەوە دەیکوژن، بە خێرایی لە سەرانسەری ناوچەی گەرمیاندا بڵاودەبێتەوە و هەمووان لەو مەترسییە نزیکە ئاگادار دەکاتەوە. کاتێک دوو فڕۆکەی شەڕکەر کە بە نزمی دەفڕین و لە ٣ و ٥ی ئایاری ١٩٨٨دا بۆمبی کیمیایی بە سەر گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەردا بەردەدەنەوە، ئیتر دانیشتووانی جەلەمۆرد تێدەگەن کە دەبێت هەڵبێن. ئەوان زانیاریی پێویستیان هەبوو لەبارەی بێبەزەیی بۆمبی کیمیاییەوە. ئەوجا پەنا دەبەنە بەر دەریاچەی بابە ڕووشە کە ئاوێکە بە هۆی بارانبارینی وەرزییەوە دروست بووبوو. هەروەها دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەر، وەک چوغلیجە، گڵناغاج و تووتەقەل، پەنا دەبەنە بەر دەریاچەکە، کە دەبێتە خانەخوێیەکی کاتی بەڵام هاوبەشی بوون و گوزەرانیان. دانیشتووانی گەرمیان وەک دانیشتووانی ناوچە نایاساییەکانی تر پێیانوایە کە هێزە عێراقییەکان تەنها گوندەکانیان وێران دەکەن و دواتر بۆ داهاتوویەکی نادیار بە تەنها جێیاندێڵن، وەک چۆن لە هێرشەکانی تری مێژووی ئەم دواییەدا ڕوویدابوو.
ئەوانی تر گوندەکەیان بەجێهێشت بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان کۆبکەنەوە و بیانبەن بۆ لەوەڕگە لە دەرەوەی گوند، هەرچەندە هێشتا هەر لە ناوچەی نایاساییدا بوون. خەڵک جووتیارن، زەوی و ئاژەڵیش بەهای ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریی بەرزیان هەیە، چ لەم گوندە و چ لە ناوچە گەورەکەدا. شوانەکان لە ئەشکەوتەکاندا پەناگە دەدۆزنەوە بۆ پشوودان و پاراستنی مەڕوماڵاتیان لە خۆر و سەرما و باران. لێرەوە بە دوربین، کە تەکنەلۆژیای ئەو سەردەمە بوو، دەیانتوانی چاودێریی گوندەکە و چالاکیی دانیشتووانەکەی بکەن. لەم ڕۆژە مێژووییەدا کە جەلەمۆرد وێران دەکرێت، ئەم ئەشکەوتە دەبێتە پەناگەیەکی نهێنی بۆ مەحمود عەلی مستەفا کە نۆرەی چاودێریکردنی ئاژەڵەکان بوو. مەحمود بە دوربینەکەی شایەتحاڵی هاتنی ئەنفالچییەکانە بۆ گوندی چۆڵکراو و تاڵانکردنی ماڵ و سامانی گوندنشینەکان و ئەو ئاژەڵانەی کە مابوونەوە و چوار پیکاب و چوار تراکتۆر و بەتەواوی سووتاندن و ڕووخاندنی گوندەکە بە شۆفڵ و بلدۆزەر و هەڵگرتنی هەموو ئەمانە لە یادەوەریی خۆیدا.
گوندەکە چۆڵە و خەڵکی تێدا نەماوە، بەڵام دواتر شێخ بایز عەبدولڕەحمان، ئەندامی فەوجێکی کوردی و خۆیشی کوردێکی خەڵکی جەلەمۆردە، ئەنفالچییەکان بەرەو دەریاچەکە ڕێنمایی دەکات. ئەنفالچییەکان بڵاوبوونەتەوە و وردە وردە دەریاچەکەیان دەورە داوە. دەسڕێژی تەقە بە هەوادا دەکەن و بەو دار و درەختانەشدا کە لە دەوروپشتی دەریاچەی بابە ڕووشەن. ژن و پیاو لە حاڵەتی ترس و تۆقیندان منداڵەکانیان ڕادەکێشن و لەو شوێنە دووریان دەخەنەوە، هەندێکی تر بەتەواوی شۆک بوون، هاوار دەکەن و ڕادەکەن و لەتاوا بیریان چووە یارمەتیی منداڵەکانیان یان کەسانی لاواز و بەساڵاچووی خێزانەکانیان بدەن. خەڵکەکە تەنانەت لەبیریان چووە نزا و دۆعا بکەن یان لە خودا بپاڕێنەوە فریایان بکەوێت. خەڵک بە هەموو لایەکدا هەڵدێن و بەجارێ پەشۆکاون و نازانن پەنا ببەنە بەر چ شوێنێک بیانپارێزێت. قیژە و هاواری "تەقە مەکەن! تەقە مەکەن!" لە هەوادا دەنگ دەداتەوە بەڵام هیچ کاریگەرییەک لەسەر تەقەکەرەکان دروست ناکات چونکە مژدەی وێرانکاری و کاولکاری دەدەن. دواجار ئەوانەی کە بە دوای خۆپاراستن و سەلامەتیدا دەگەڕان لە دەوروبەری دەریاچەکەدا، بە ناچاری دەردەپەڕنە دەرەوە بۆ ئەو ناوچەیەی کە لە یاسادا قەدەغە کراوە. ئەوان بێ چەک و بێدەسەڵاتن، لە ژێر ڕەحمەت و بەزەیی ئەو ئەنفالچییانەدا کە دەوڵەتی مۆدێرن، لە دەرەوەی هەر ئێتیک و مۆراڵێک، کردەوە سەربازییەکانیان بە حەڵاڵ و ڕەوا دەزانێت بۆیان. ئەو ساتەوەختەی کە تەواوی دانیشتووان بە دیل دەگیرێن، مژدەی داهاتوویەک دەدات کە دونیاگەرایی جەلەمۆرد بەگشتی لە مەترسیدایە.
ئەوە ساتەوەختێکە بۆ هەمیشە مرۆڤایەتی دەگۆڕێت - تەواوی ژیان، خۆشەویستی، مێژوو، خەون، ئارەزوو، یادەوەری، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییە ئەخلاقییەکانی شوێنێک لە جیهاندا.
ئەنفالچییەکان هەمووان ئابڵووقە دەدەن و ڕاپێچیان دەکەن و پێیان دەڵێن خەمتان نەبێت، تەنها خۆتان ڕادەستی مەرجە سیاسی و یاساییەکان بکەن و خۆتان لە هەر جۆرە بەرهەڵستی یان ناڕەزایەتییەک بەدوور بگرن، ئەوە کارەکە باش دەڕوات و هیچتان بۆ نابێت. تەنها ئەحمەد یاسین و ڕەشید عومەر، کە دوو گوندنشین بوون ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرانبەر بەو شتانەی کە دەگوزەرێت و بەو هۆیەوە تەقەیان لێدەکرێت و دەکوژرێن، هەر لەوێ لە بەردەم هەموواندا و تەرمەکانیان لە دەریاچەکەدا بەجێماوە، هەموو مافەکانیان وەک هاووڵاتی و وەک مرۆڤ ڕەتکراونەتەوە کە پرسە و ماتەمینیان بۆ بگێڕدرێت و بە ڕێوڕەسمێکی ڕێزدارانە ئەسپەردەی خاک بکرێن. ئەنفالچییەکان پلانێکی سیاسیی تۆکمە و دامەزراو پەیڕەو دەکەن بۆ گرتن و ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی بە بارهەڵگری سەربازی بۆ تۆپزاوا، کە بنکەیەکی سەربازییە لە نزیک شاری کەرکووکی دەوڵەمەند بە نەوت، تا ئەم کاتە پێشتر گۆڕاوە بۆ کەمپێکی زیندانیکردنی کاتی و لە هەمان کاتدا هەمیشەیی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال.
کاتێک بارهەڵگرەکان دەگەنە تۆپزاوا، گوێیان لە کەسێک دەبێت کە هاوار دەکات و فەرمان دەدات: "دایانبەزێنن! دایانبەزێنن!" دەبینن سەرباز لە بارهەڵگرەکان نزیکبوونەوە، سەربازەکان کە نزمترین پلەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری عێراقیان هەیە، خوودە و جلی یەکپۆشیی خاکییان لەبەردایە و کڵاشینکۆفیان پێیە و بە زۆر هەمووانیان دابەزاند، بە ژن و پیاو و منداڵ و بەساڵاچووەوە. وەک لە یاسا و ڕێساکانی ئەنفالدا هاتووە، گوندنشینەکان تۆمار دەکران و دواتر بەپێی ڕەگەز و تەمەن جیادەکرانەوە. ئەوان دەبوو هەموو کەلوپەلی تایبەتی خۆیان ڕادەست بکەن - ئەڵقەی هاوسەرگیری، ملوانکە، کاتژمێری دەستی، پارە، ناسنامەی نیشتمانی و تەنانەت بەرماڵی نوێژکردنیشیان. لێرە ئەوان بوون بە دانیشتووانێکی بێ ناو و نیشان و بێ نەتەوە و بێ دەوڵەت، بێ مرۆڤبوون و بێ پارێزگاریکردنی هیچ یاسایەک. بەم پێیە ئەنفالکراوان لە هەموو کوردستانەوە دەچنە پاڵ یەکتر و ئێستا تووشی برسیکردن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی و کۆیلەکردن و قڕکردن دەبنەوە. پیاوانی پۆلێنکراوی تەمەنی "پانزە بۆ پەنجا و پێنج ساڵ" و "کچانی جوان" لەوانی تر جیا دەکرێنەوە و بە پاس دەیانبەن بۆ شوێنی نادیار و ئەوانەش کە لە دوای ئەمان بەجێمان مەحکوومن بە لەناوچوون. بەساڵداچووان گوێزرانەوە بۆ قەڵا بەدناوەکەی نوگرە سەلمان، ژنان و منداڵانیش بۆ دبس لە پارێزگای کەرکووک. نوگرە سەلمان، کە دەگوترێت لە ساڵانی ١٩٢٠کانەوە دروستکراوە و وەک زیندانێکی مەحکەم بۆ زیندانیانی سیاسی لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا و دوای ئەویش لە عێراق بەکارهاتووە و دەکەوێتە ناوچەیەکی چۆڵی باشووری شاری سەماوە لە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق، نزیک سنووری سعوودیە (وێنەکانی 1 - 3). لەوێ زۆرێکیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و لەو کەسانەوە دەست پێدەکات کە گومانیان لێدەکرێت بتوانن زانیاریی هەواڵگریی بەرچاویان سەبارەت بە ناوچەی ئۆپەراسیۆن و ستراتیژییەکانی ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان و پێشمەرگە بدرکێنن. لەو پیاو و ژن و منداڵانەی کە دەستگیرکران و ڕاگوێزران بۆ تۆپزاوا و نوگرە سەلمان و دبس، لە نێوان "چوارسەد و یەک تا چوارسەد و پەنجا و دوو کەس" هەرگیز نەگەڕانەوە بۆ جەلەمۆرد.
"بیابانەکانی خوێن": وەرە ژوورەوە
دوای زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ، لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، من دەگەمە گوندی تەریک و دابڕاوی جەلەمۆرد بۆ ئەوەی جیهانێکی بچووک بدۆزمەوە کە نزیکەی تەنها کەسانی بەساڵاچووی تێدا دەژیا، چ ژن و چ پیاو. جەلەمۆرد بە واتای ڕووەکی تووتڕک دێت و بە درێژایی ڕووباری زێی بچووک، ڕۆژگارێک تووتڕک گوندەکەی کردبووە شوێنی نیشتەجێبوون و بگرە ناوبانگێکی زۆریشی لە ناوچەکەدا هەبوو. ڕووبارەکە و ڕیزەکانی تووتڕک و خاکەکە نیشانەی شکۆ و شانازی و شوێنی نیشتەجێبوون و ژیان بوون بۆ خەڵکی گوندەکە. ئەمڕۆ گوندەکە دانیشتووانێکی بەساڵاچووی نیشتەجێیە کە بە چاوی خۆیان بینیبوویان جەلەمۆرد گەشە بکات و پاشان بۆ هەمیشە، لەلایەن دەوڵەتی مۆدێرنەوە وێران ببێت. بوون بە ڕزگاربووی مرۆڤ لە جەلەمۆرددا بە واتای بەرجەستەکردنی توندوتیژییە کە هێمای مۆدێرنیتەی سیاسی یان دەوڵەتی مۆدێرن و ئەو زیانانەیە کە جیهانێکی بێ ماڵ و حاڵ دروست دەکەن و چیتر هیچ شوێنێک ناتوانێت ماڵ و نیشتمان بێت. مرۆڤ لە ئەزموونی جەستەیی بێ ماڵ و حاڵیدا لەنگەری گرتووە کە زمان و ژیانی ڕۆژانەی بەڕێوە دەبات.
بەدەر لە بنکەی تەندروستی کە بینایەکی کۆنکرێتییە و بە هۆی نەبوونی پزیشک و پەرستارەوە جێهێڵرابوو، خانووە گڵینەکانی جەلەمۆرد وەک گۆڕی بێناو لە گۆڕستانێکی چۆڵکراودا وەستاون. ناوی ئەوانەی کۆمەڵکوژ کراون یان هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ جەلەمۆرد لە هیچ شوێنێک نابینرێت. ئەوان تەنها لە یادەوەریی ئەو کەسانەدا دەژین کە لە وێرانکردنی جەلەمۆرد و زیندانی نامرۆڤانە ڕزگاریان بووە و لەگەڵ ئەوەشدا وەک ڕزگاربووی بێ ئەژمار دەمێننەوە. ڕوو لە ڕزگاربووان دەکەم بۆ ئەوەی ناوی ئەو کەسانە بزانم کە کوژراون یان بێسەروشوێن کراون و ناوی ئەو شوێنانەی کە چەند مانگێک بوو خەڵک تێیدا زیندانی بوون. دانیشتووانی ئێستا بەو یادەوەرییەوە دەژین کە بۆیان بەجێماوە، ئەو توندوتیژییە سیاسییەی کە هەموو ئەزموونێکی میوانداریی لە جەلەمۆردا لەناوبرد، هەروەک چۆن لەدەستدانی زۆربەی ئەندامانی خێزان و ئەزموونی بێ ماڵ و حاڵ بوونیان پیادە کردووە لە جیهاندا. یادەوەرییەکان دانیشتووان بە بارمتەی توندوتیژیی دەوڵەت دەهێڵنەوە و بە هۆی کاتەوە گەورەتر دەبن. میواندارییە وێرانبووەکە لە هەموو شوێنێکی گوندەکەدایە کە چیتر بانگهێشتی ژیانی ئیکۆلۆجی (ژینگەیی) ناکات، وێرانەیەکی مێژووییە لە نزیک ڕووباری زێی بچووک، لە ڕۆژئاوای چەمچەماڵەوە لە ناوچەی گەرمیان کە لە شاری سلێمانییەوە بە ئۆتۆمبێل سێ کاتژمێر دەخایەنێت بۆ گەیشتن بە گوندەکە. هەرچەندە ڕێگا چەوەکە لە گوندی گۆپتەپەوە بۆ جەلەمۆرد بە زۆری دیار نییە، ڕێگایەکی تر لە قۆناخی دروستکردندایە، کە ڕێگایەکی ئاسانترە بۆ گەیشتن بە گوندەکە و ئەوانی تری دەوروبەری دەڕەخسێنێت. بەڵام ئەم ڕێگا نوێیە بۆ ئاسانکاری گەشتکردنی ڕۆژانە نییە بۆ فراوانکردنی جووڵە و پەیوەندییەکانی مرۆڤ لە ناوچەکە یان لە نێوان دێهات و شارەکاندا دروست ناکرێت، بەڵکو مەبەست لێی ڕێخۆشکردنە، بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی لم و چەو لە ڕووباری زێی بچووکەوە، بە مەبەستی ئەوەی بۆ بیناسازیی شارەکان بەکاربهێنرێت.
جەلەمۆرد شوێنێکی پەنا و شاراوەیە و دیمەنی دەوروبەری گوندەکە دەگرێتەوە، تەنانەت کاتێک زۆر نزیکیشی بیت، نابینرێت. ئەم گوندە لە چەندین خانووی قوڕین پێکهاتووە و لەلایەن ئەو چەند ژن و پیاوەوە دروستکراوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال ڕزگاریان بووە و لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٣ گەڕاونەتەوە و تا ئێستاش شوێنەواری ئەو خانووانە ماوە کە ئەنفالچییەکان وێرانیان کردووە، بەڵام بەتەواوی بوون بە کەلاوە و ڕووخاون. بەشێک لە دانیشتووان چین چین قوڕ دەخەنە سەر بناغەی ئەم پێکهاتە لەتوپەتانە بۆ ئەوەی لە بارانبارینی وێرانکەری زستانە بیانپارێزن. ئەوان گڵەکەی دەوروبەریان بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی خشتی قوڕ، کە میراتێکی کۆنی میزۆپۆتامیایە و پێکهاتەی سەرەکییە کە زۆربەی خانووەکانی گوندەکە و ناوچەکەی لێ دروست دەکرێن و تەنها کەمێکیان لە بەرد دروستکراون. ئێستاش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە لەو توندوتیژییەی کە هەموو شتێکی وێرانکردووە، جەلەمۆردیان کردووەتەوە شوێنی نیشتەجێبوون و میواندۆستی و هەر بستێکی گوندەکە لە یادەوەرییەکانی ئەنفال و دوای ئەنفال و حەسرەتی گەڕانەوەی دایکان، باوکان، منداڵە خوشک و براکان و هاوسەرەکاندا نوقم بووە. یادگارییەکان لەوە زیاترن کە هەر تاکە سەردانیکەرێک بتوانێت لێیان تێبگات. گێڕانەوەی دەربازبوون، یادەوەرییەکانی ئەوەی ڕوویدابوو، ئەوە دەگەیەنن کە چۆن مرۆڤەکان وەک بەرجەستەکردنی یادەوەرییە توندوتیژەکان خانەخوێی لە ئەنفال دەکەن. بۆیە تەنها هەر جۆرە گێڕانەوەیەک نییە، بەڵکو ئەوە یەکێکە لە بنەماکانی بەشداریکردن لە نووسین یان دروستکردنی مێژووی گشتی و بەکۆمەڵ کە لە کوردستان بە گفتوگۆ و قسە و باسەکاندا ئەمسەر و ئەوسەر دەکەن.
هەروەها هاتنی من بۆ جەلەمۆرد بە قووڵی لەگەڵ یادەوەرییەکاندا تێکەڵ بووە کە بە تەواوی نە دروستکراوی ڕزگاربووەکانە و نە هی خۆم، یادگارییەک کە دەمکاتە ڕزگاربوویەک و لەگەڵ ئەو ڕزگاربووانەدا هاوبەشی دەکەم کە لە ماڵەکانیاندا لەم گوند و ناوچە و شارۆچکە نایاساییانەی جاراندا پێشوازیم لێدەکەن و میوانداریم دەکەن. ئەوان بە وردی گوێ لە یادەوەرییەکانم دەگرن، گوێ لەو شتانە دەگرن کە نەیاندەزانی من لە ناخی خۆمدا هەڵیاندەگرم. ئاڵوگۆڕی یادەوەرییەکانی یەکتر، ئەوەندەی پەیوەندیی بە گۆڕینی ژیاننامەی یەکترەوە هەیە، ئەوەندەش پەیوەندیی بە گۆڕینی خودەوە هەیە وەک بوونێکی یەکگرتوو و قسەکردن لەسەری وەک یادەوەریی پەرش و بڵاو و گەشتکەرە. ئەمەش جێگەی مشتومڕ و تێکەڵاوبوونێکی هاوبەشی مرۆڤە کە بە واتای میوانداریکردنی یادەوەرییەکانی یەکتر و ئاڵوگۆڕ پێکردنیان لە توندوتیژییەکانی دەوڵەتی مۆدێرن دێت. ئەم توندوتیژییە داوای زمان دەکات کە لە ڕێگەیەوە بتوانرێت لە جەستەی مرۆڤی جیاوازدا هاوبەشی و میوانداری بکرێت و لە ڕێگەیەوە بتوانێت لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گەشت بکات - زمانێک بۆ نەوەیەکی تر، ژیاننامەیەک بۆ ژیانێکی تر، جیهانێک بۆ جیهانێکی تر، کیشوەرێک بۆ کیشوەرێک بۆ نەوەیەکی تر، ساتێکی مێژوویی بۆ ساتێکی تر. خەڵک وەک مرۆڤناسێک، زانایەک لە بواری مرۆڤدا میوانداریم دەکەن (خانەخوێیم لێ دەکەن)، بەڵام لەوەش گرنگتر، وەک مرۆڤێک کە یادەوەرییەکانی هەبێت کە هەم لە ئەزموونە ڕاستەقینەکانی ژیانم بوون و هەم نەبوون. وردە وردە ئەو یادەوەرییانەی کە دیار نەبوون، دەبنە بنەمای پەیوەندییەکان، گفتوگۆکان، گوێگرتن و فێربوون لەبارەی ڕۆحی توندوتیژیی نەبینراوی دەوڵەتی مۆدێرنەوە. پێش گەیشتنم بە جەلەمۆرد، گێڕانەوەیەکی کورتم لە یادەوەریی خۆمدا هەڵگرتبوو، بەڵام هەر جارێک کە دەگەڕێمەوە بۆی، یادەوەرییەکەم دەگۆڕێت. قسەکردن لەسەر یادەوەرییەکان و بەشداریکردن لە گوتارێکی بەردەوام لەگەڵ ڕزگاربووان، وا دەکات کە پرسیارم لەبارەی ژیاننامەی خۆم، خێزانەکەم یان مێژووی کۆمەڵایەتیی خۆمەوە بکەم. جارێک گێڕانەوەی ژیاننامەی خۆم، کە تۆمارم کردبوو، دەنووسمەوە و وەریدەگێڕم لە زمانی کوردی - زاری سۆرانییەوە کە لە جەلەمۆرددا بەکارمدەهێنا و ئەوجا لە زمانی کوردییەوە وەریدەگێڕم بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و ڕووبەڕووی ئەم گێڕانەوەیە دەبمەوە:
"من ئەو کاتە لەدایکبووم کە دایک و باوکم لە توندوتیژیی "شۆڕشی ئیسلامی" لە ئێران لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ ڕزگاریان بوو. پێموایە لە خاکێکی بێ خاوەندا لەدایکبووم [پێکەنین]. دایکم [شەکەر نەزەری] و باوکم [م. ج. مورادی] هەموو شتێکیان لەدەستدا: خاکی خۆیان، ماڵەکەیان، شاری کرماشان لە ڕۆژئاوای ئێران، کە دایک و باوکم و باوباپیرانیان کە دەگەڕێنەوە بۆ ڕابردوویەکی بێ کات، لەدایک بووم پێش ئەوەی ببنە پەنابەر لە عێراق، لە سەرەتای جەنگی ئێران - عێراقی ساڵانی ١٩٨٠ - ١٩٨٨دا. ئەوان وڵاتەکەیان و هەموو ئەو شتانەی کە خاوەندارێتییان دەکرد و خۆشیاندەویست، تەنانەت ناسنامە و پاسپۆرتی ئێرانییشیان لەدەستدا. باوکم بەوە تۆمەتبار کرابوو کە سەر بە دەستە و تاقمێکە پشتیوانیی شای ئێرانیان دەکرد و دوای هاتنەوەی ئایەتوڵڵا خومەینیی ڕێبەری ئایینی لە فەرەنسا بە زۆر لە وڵات دەرکرابوو و پشتیوانیی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کردووە. هەروەها بەوە تۆمەتبار کرابوو کە هاوکارە لەگەڵ نەیارانی سیاسی و تێکدانی 'شۆڕشی ئیسلامیی' 'نوێ' و 'مەزن'. بۆیە لە ترسی لێپرسینەوە و هەڕەشەی زیندانیکردن و کوشتنی خێزانەکەم چوونە پاڵ هەزاران کەسی تر کە لە سەرتاسەری ئێراندا ماڵەکانیان بەجێهێشت بەرەو عێراق. لە عێراقدا پەناگەیەکیان لە ناوچەیەکی پەرت و بیابانی هاوشێوەی ئەودیوی سنووری ئێران دۆزییەوە. دوای چەند ساڵێک دەسەڵاتی عێراق زۆرێکیان لێ دوورخستنەوە، کە خێزانەکەی منیشی تێدابوو و ئێمەیان گواستەوە بۆ پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق. خەڵک ناچار بوو خانوو بۆ خۆیان دروست بکەن و چاوەڕێ بکەن بەو هیوایەی ڕۆژێک بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە ئێران. ساڵان تێپەڕین و خەڵک وردە وردە تێگەیشتن لەوەی کە چاوەڕوانییەکەیان هیچ سوودێکی نەبوو. ئەمە وایکرد دایک و باوکم بیر لەوە بکەنەوە کە ژیان لە وڵاتێکی تردا دەستپێبکەنەوە و داوای مافی پەنابەرییان لە سوێد کرد. باوکم پێشوەختە بە هۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد، پێش ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئێران یان تەنانەت لە سوێددا ژیان بگوزەرێنێت. دایکم هەرگیز بۆ لەدەستدانی باوکم و وڵاتەکەی و هەرچییەکی شکدەبرد لە ماڵ و سامانی دنیایی خۆی چاک نەبووەوە. ماوەی سی ساڵ چاوەڕێی گەڕانەوەی بوو بۆ ئێران، بەڵام گەڕانەوەی تەنیا ئەو جیابوونەوە و هەموو ئەو شتانەی کە لەدەستچووبوون، وەبیر دەهێنێتەوە".
دەربازبوونی دایک و باوکم و یادەوەرییەکانی پەراوێزخستنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتییان و تەنانەت ڕۆحی و سزا توندوتیژەکانی دەوڵەت لە یادەوەرییەکانی مندا جێگیر بوون. بەڵام توانیم وەریانبگێڕم و بەم جۆرە بیانگۆڕم بۆ وشەگەلێک کە وایان لێبکات لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤایەتیمدا گەشت بکەن. من وەک لە ڕزگاربووان فێربووم، ئەمە بوو بە شێوازی بیرکردنەوەم و قسەکردن لەسەر خۆم وەک کەسێک کە ژیاننامەیەکی جەنجاڵ یان یادەوەرییەکی جەنجاڵی هەیە و ژیانێکی لەدەستدابوو کە دەکرا لە جیهانێکی تردا بمکاتە کەسێکی جیاواز. گێڕانەوە و هاوبەشکردنی یادەوەرییەکان لە نێوان هەمووماندا وەک ڕزگاربووانی توندوتیژیی دەوڵەتی مۆدێرن، ئەوەندەی پەیوەندیی بە میوانداری کردن و هەڵگرتنی یادەوەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی یەکترەوە هەبوو، ئەوەندە ڕێگەی پێدام بزانم چۆن ئەنفال بە توندوتیژی وەک وشەیەک هاتە ناو جەستەمەوە کە هیچ شوێنێکی نەهێشتەوە بۆ ئەوەی لێی هەڵبێم.
لە جەلەمۆردا، هەندێک لە ڕزگاربووانی بەساڵاچوو بە ئازادی باس لە گوندەکەیان دەکەن، باسی ژیانی پێکەوەیی و ژیانی ئیکۆلۆجیی پێش ١٠ی ئایاری ١٩٨٨. بەڵام دوور لە گەڕانەوەیان بۆ یادەوەرییەکانیان لەبارەی ڕووخاندن و چۆڵکردنی جەلەمۆردەوە، ئەزموونی زیندانی و گیانلەدەستدانی ئازیزانیان بوو لە نوگرە سەلمان و حەسرەتی بێکۆتاییان بۆ نەگەڕانەوەی ئازیزانیان لەوێ و ئەزموونەکانی هەق بوو (دادپەروەری و ماف). بەڵام بۆ هەندێکی تر یادەوەرییەکانی ئەنفال لە ئێستاوە پاشەکشەیان کردووە و چیتر ناتوانرێت لە ڕێگەی زمانەوە دەرببڕدرێت. مام ڕەجەب لە ساڵی ١٩٣٣ لەدایکبووە، بۆ ئەو هەرچی هەیە و نییە لەسەر زەوی گرنگیی وجودی و ئەخلاقیی خۆی لەدەستداوە. لەگەڵ ڕزگاربوونی لە نوگرە سەلمان و ئازاری جەستەیی نەبینراو، لەدەستدانی یادەوەری دێتە ئاراوە و وای لێدەکات نەتوانێت باس لەوە بکات کە چی ڕوویداوە، چۆن ڕزگاری بووە، ڕزگاربوون و مانەوەی چ مانایەک دەگەیەنێت، گەڕانەوەی بۆ جەلەمۆرد چ مانایەکی هەیە و چۆن هەڵبکات لەگەڵ لەدەستدانی قەرەبوو نەکراوی خۆشەویستانی. نایلە شەریفی هاوسەری دوای چەند ساڵێک لە ڕزگاربوون لە هەردوک تەختکردنی جەلەمۆرد و بەندیخانەی نوگرە سەلمان کۆچی دوایی کرد. کافیەی کچیان و دوو کوڕیان بە ناوەکانی جومعە و حوسێن لە تۆپزاوا لێیان جیاکرانەوە و بردیانن و جارێکی تر نەبینرانەوە و لە نێو ئەوانەدان کە ئێستا پێیان دەگوترێت ئەنفالکراو یان[ئەنفالکراوان). مام ڕەجەب کە بە باوکی ئەنفالکراو (باوکی ئەنفالکراوان)یش ناودەبرێت، ناتوانێت خزمەتی خۆی بکات و لەگەڵ تەلیعە فەتاح سدیق و کوڕەکانی و نەوەکانی لە ماڵە قوڕینەکەیاندا دەژین. تەلیعە کە ساڵی ١٩٥٥ لەدایکبووە، پەنجا و پێنج کەسی بنەماڵە گەورە و فراوانەکەی لەدەستداوە و هەر لەبەر ئەوەیشە پێی دەگوترێت کەسوکاری ئەنفالکراو (خێزانی ئەنفالکراوان). مام ڕەجەب ژوورێکی پێدراوە کە دەرگا و پەنجەرەیەکی بچووکی تێدایە و ئەو شوێنەیە کە زۆربەی کاتەکانی تێدا بەسەر دەبات، خەوتن و دانیشتن و جگەرەکێشان و خواردن و خواردنەوەی چا و ئاو و چاوتێبڕینی بنمیچ و دیوارەکان. هەر کاتێکیش ژوورەکە بەجێدەهێڵێت پشت بە گاڵۆکێکی شوانی دەبەستێت و بە تەنها ئەم گاڵۆکە باسی ژیانی ژینگەیی (ئیکۆلۆجیی) پێش ئەنفالی بۆ دەکات کە چۆن بوو بە "ڕۆژی قیامەت لەسەر زەوی".
سەرەتا لەگەڵ هۆمەر محەمەد و هێمن عەبدوڵڵا، هاوکارانی توێژینەوەی ئەوکات و هاوڕێ تا ئەمڕۆ و لێکۆڵەرانی ئەنفال لە لای خۆیانەوە دەگەمە جەلەمۆرد. بە پێچەوانەی ئەوانی ترەوە کە وایدادەنێن جەلەمۆرد پەیوەندیی بە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و زانستە مرۆییەکانەوە نییە - "تۆ تەنها کەسانی پیر لەوێ دەدۆزیتەوە و بە ڕاستی هیچیان لەبیر نەماوە" - لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر و توێژەرێکی تری ئەنفال، پێداگریی دەکات کە من سەردانی ئەو گوندە بکەم و ماوەیەک لەوێ بمێنمەوە. من و هۆمەر و هێمن ڕێکدەکەوین کە ئەو سەفەرە دوور و درێژە بۆ سەردانی گوندەکە بکەین، بۆ گەڕان بە دوای باسوخواسە نەبینراو و نەناسراوەکان لە جیهانی زیندووەکاندا. دوای سەردانەکەمان گەڕاینەوە بۆ ماڵی هۆمەر لە شاری سلێمانی و هۆمەر باس لەوە دەکات ئاخۆ بینینی مام ڕەجەب و چۆن "بە تەنها" لە ناو "ئەو ژوورە قوڕینە ڕەقوتەق و ساردەدا دەژی ئازارم دەدات". لە سەردانەکانی دواترمدا بۆ لای مام ڕەجەب، بە یاوەریی یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی، بە ناوی مام مەحمود عەلی مستەفا، ئەو کەسەی کە لە ئەشکەوتێکی نزیکەوە و لە ڕێگەی دوربینەکەیەوە شایەتحاڵی ڕووخاندن و وێرانکردنی جەلەمۆرد بوو. ئێستا مەحمود تەمەنی لە کۆتایی پەنجاکاندایە، چوار کچ و پێنج کوڕی لەدەستدابوو، لەگەڵ سەبریە قادری خێزانەکەی کە هەم بە "ژن" و هەم بە "خێزان" ناوی دەهێنا. لە ئێستادا لەدەستدانی یادەوەریی مام ڕەجەب گەیشتووەتە ئاستێکی پارچەپارچەبوون کە چیتر ناتوانێت بە ڕستەی تەواو قسە بکات. لە خاڵێکدا مەحمود کە ئەویش باوکی ئەنفالکراوانە، پێداگریی دەکات کە لەبری ئەو قسە بکات:
"با من قسە بکەم، مام ڕەجەب نە دەتوانێت بە باشی ببیستێت و نە قسە بکات و یادەوەرییشی لەدەستداوە. باشە بۆی کە ئەنفالی لە یاد چووە و هەموو شتێکی لەبیرکردووە لەبارەی ئەنفالەوە. ناوی کوڕەکانی تەنها کاتێک لەبیرە کە من دەیانڵێم. دەزانم کە زۆر جار دەیەوێت گوێی لە ناویان بێت و هەر جارێک کە دەیبینم باسی جومعەی کوڕی دەکەم و هەر کاتێک کە دەمگوت "جومعە"، مام ڕەجەب دەیگوت "بە قوربانی دەمت بم" [ئەمەش ئیدیۆمی کوردییە و بەو واتایە دێت کە ئەو ناوهێنانەی پێخۆشە].
"با قسە بکەم" شێوازی ئەو ئەوەیە کە دەڵێت، بەو پێیەی زمان وەک ئەوەی لە کردەی قسەکردندا درک پێکراوە، جێگەی مشتومڕە، گوێگرتن دەبێت پرسێکی میوانداریی بێت. گوێگرتن ئێمەی کردە خانەخوێی یەکتر و لە هەمان کاتدا بوو بە بارمتەی یادەوەرییەکانی توندوتیژیی دەوڵەت. مەحمود لە باسکردنی ناوی جومعەدا، خۆی لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرد کە یارمەتیی هاوڕێ کۆنەکەی داوە کە لە کاتی قسەکردن لەگەڵمدا بیری بێتەوە. ئەرکی ئەخلاقیی ئەو بوو کە میوانداریی بکات بەرانبەر بە ئەنفالکراوانی ناسراو و نەناسراو، بە بێ چاوەڕوانی کردنی ئاڵوگۆڕی قسەی بەرانبەرەکەی، کە هەموو کەسێک لەم گوندە و گوندەکانی تردا هاوبەشە. مام مەحمود جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەوروبەری ماڵەکەی پیشان بدات، کە هەموو شتێک لەوێدا کۆدەبێتەوە وەک ئەوەی خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی بچێتە شوێنێکی تری نەناسراوەوە:
"من هەموو ڕۆژێک دەچمە لای ئەو [واتە مام ڕەجەب] چونکە منیش وەک ئەو تاقی تەنیام و دەمەوێت باوەڕم بەوە هەبێت کە ئەو دەزانێت چی بەسەر خێزانەکەمدا هاتووە. سەیرە چونکە، بەو پێیەی من ئەو کەسەم کە بەردەوام قسە دەکەم، هەست دەکەم ئەو وا بیر دەکاتەوە کە من دەزانم خێزانەکەی لەکوێن. ئێمە چاوەڕێی گەڕانەوەی خێزانەکانمان بووین لەو کاتەوەی سەددام [حوسێن] لە ئەیلوولی ١٩٨٨دا "لێبوردنی گشتیی" ڕاگەیاند [بڕوانە بەشی دووەم]. خودا بینیویەتی سەددام و ئەنفالچییەکان چییان لەگەڵ ئێمە کردووە و تەنها خودا دەتوانێت هەقمان بسێنێت".
مام ڕەجەب بە تەنیا لەسەر دۆشەکێک پاڵکەوتووە کە لەسەر زەوی ژوورێکی گڵینی تاریک و دیوارەکانی ڕووت دانراوە. هەموو شتێک لە ژوورەکەدا لە دەوری ئەگەری مرۆڤبوون لە دوای توندوتیژیی سیاسی دەسووڕێتەوە هەروەها چۆن یادەوەرییەکانی ئەنفال ناتوانرێت بکرێتە وشە و هاوبەشی بکەن. ئەم مەسەلەیە بۆ هەمیشە وەرگێڕانی نییە. بە هۆی ئەوەی کەسێکە کە لە مەرگەسات (لەناوچوونی خێرا) ڕزگاری بووە و هاتووە بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە، جەستەی مرۆڤە زیندووەکەی گرنگە. ئەوە بوو کە ئەنفالەکان لەوێ نیشتەجێن و بەم جۆرە ئەوەی ئێمە کۆدەکاتەوە. نە سەرێکی پاکی ماڵەکە نییە - کە هەل و مەرجێکی دوژمنایەتییە و دەبێت لێی دوور بکەویتەوە - نە ئەرکی گەڕانەوەی میوانداری، نە مافی سەردانیکردنم ناتوانێت پەیوەندیمان وەک خانەخوێ و میوان بەرهەم بهێنێت و ڕێکبخات. مام ڕەجەب بە تەواوی پشت بە چاودێریی تەلیعە و منداڵەکانی دەبەستێت و ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت لەسەر پێیەکانی بوەستێت، چ جای ڕۆیشتن. پاکەتێک جگەرە و هەندێک ئاو لە لای دەستیەوە دانراوە تا بە ئاسانی بتوانێ دەستی بگاتێ. هەر کاتێک پەیوەندیی بە مام مەحمودەوە دەکەم بۆ سەردانی مام ڕەجەب، دەبینم کە بەردەوام لە چاوی یەکتر دەڕوانین. مام مەحمود کاتێک لە ماڵەکەیەوە دەپەڕینەوە بۆ ماڵی دراوسێکەی و بۆ هاوڕێیەتییەک کە پێدەچێت زیاتر و زیاتر مەرجدار بێت بەو کارەی ئەنفال کردبووی، مام مەحمود دەڵێت: سەردانیکردنی بەو مانایە دێت کە ئێمە لەبیرمان نەچووە، لەدەستمان نەداوە لە جەلەمۆرد و بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی. هەر جارێک دەگەینە بەر دەرگای ژووری مام ڕەجەب، مەحمود پێداگری دەکات کە من لەپێشدا بچمە ژوورەوە، بە دەستی ڕاستی ئاماژەم بۆ دەکات بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەم و دەڵێت: "لە دوای تۆ" و ئەمە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە و لە هەموو ئەو گوندانەدا ئەزموونم کردووە کە تێیدا لەم کتێبەدا باسم کردووە. مام ڕەجەب تەنها "بەخێر هاتی، بەخێر هاتی" دووبارە دەکاتەوە. ئەو شێوازانەی کە چاوی بەر چاوەکانمان دەکەوێت، تەوقەمان لەگەڵ دەکات، زەردەخەنەیەکی دۆستانەمان بۆ دەکات، هەوڵدان بۆ ئەوەی جگەرەیەکم پێشکەش بکات و بڕێک ئاوم بداتێ، هەروەها پێشوازی و بەخێرهاتنەکەی. مام مەحمود بە دەنگێکی بەرزەوە دووبارە و سێبارە پێی دەڵێت: "ئەمڕۆ میوانێکت هەیە سەردانیت دەکات" بە هیوای ئەوەی گوێی لێبێت. مام ڕەجەب وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت "بەخێر بێیت". پێشوازیکردنی گەرم و هەمیشە وەک کۆتا ئاماژەی میواندارییەکەی دەردەکەوێت. ناوم ناپرسێت، من کێم، لە کوێوە هاتووم، یان لە ناو ژوورە قوڕینە ساردەکەیدا یان لە جەلەمۆرددا چی دەکەم.
لە ژوورەکەدا مەحمود دەست دەکات بە ماریفەت نواندن بەوەی کە بە مام ڕەجەب دەڵێت: "براکەمان خەڵکی وڵاتێکی ترە و جارجارە سەردانمان دەکات بۆ کۆکردنەوەی قسە و باسمان چونکە لەسەر ئەنفال، دەربارەی ئێمە، لەسەر ئازارەکانمان دەنووسێت و قسەکان هەمیشە شکست دەهێنن لە دەربڕیندا". ئێمە چاوەڕێ دەکەین، بەڵام هیچ وەڵامێک نییە. مام مەحمود دەیەوێت مام ڕەجەب قسە بکات. نەبوونی وەڵامدانەوەیەک بە قسە و ئەو فۆرمەی بێدەنگی کە بە دوایدا دێت، بە شێوەیەکی دیار بێ حیسابکردنی ئەزموونەکانی لەدەستچوون و مانەوەی توندوتیژی و بچڕانی ئەزموونی مرۆیی ماڵەکەی نیشان دەدات. ئێمە لە جیهانێکی بێ ماڵ و حاڵدا پێکەوەین وەک بارمتەی توندوتیژییەکی تێنەگەیشتوو و بێوچان کە کاریگەریی لەسەر ئێمە هەیە. ئێمە لەسەر زەوی دانیشتووین و ناجووڵێین، لە بێدەنگییەکی بێ مەرجدا یەکدەگرین، ڕوو لە دەموچاوی یەکتر دەکەین، ڕەنگە بە بێئارامییەوە بانگەوازی ئاماژە ئەخلاقییەکانی یەکتر بکەین بۆ ئەوەی لە ژوورەکە ڕزگارمان بێت. تاکە ئەگەری هەڵهاتن ئەوەیە کە تەماشای یەکتر بکەین، یان لە دەرگای کراوەوە دەربچین، بۆ ئەوەی ئەم ژوورە لەبیر بکەین کە مام ڕەجەب تێیدا دەخەوێت و هەموو ڕۆژێک لە خەو هەڵدەستێت. ماڵ بوونی نەماوە و خانەخوێ و میوان و سەردانیکەری غەیرە ونبوون. بێدەنگیی مام ڕەجەب و ژوورە ساردەکە شێوازی بیرکردنەوە و هەستکردن و پەیوەندیکردنە بە مرۆڤبوونەوە وەک چۆن ژیانی توندوتیژیی سیاسی، واتە ئەنفال، بەستراوەتەوە بە نەبوونی ماڵ و حاڵەوە.
تەلیعە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە دەرگای کراوەوە دەێتە ژوورەوە و بانگهێشتمان دەکات بۆ ئەوەی لە حەوشە بچووکەکەدا چا بخۆینەوە کە ئاسمان لێیەوە لە گوندی دراوسێ نزیکتر و جوانتر دەردەکەوێت. تەلیعە جگەرەیەکم پێشکەش دەکات، قسە دەکات، دیمەن و نیگا و دەنگی فەرمان بە هەموو بوونم دەکات.
"تۆ دەزانی دەوڵەتی عێراق هەموو ئەو شتانەی لەناوبرد کە خۆشماندەویست. ماڵەکانی ئێمەی ڕووخاند و وێرانیکردن، خێزانەکانمان و ئەو کەسانەی خۆشماندەویستن، جیایان کردنەوە و کوشتنیان. دەبێ خودی خۆشەویستیی خۆی جێیهێشتبین و تۆ لە جەلەمۆرد دەبینیت خەڵکێک پێبکەنن و دڵخۆشبن؟ ئایا تۆ دیوتە؟ ئێمە لێرەین و لێرە نین، هەردوکیان لە یەک کاتدا. دەبێت لەم شتە تێبگەیت چونکە ئەو وڵاتەی لێوە هاتوویت [ئەڵمانیا] هەمان شتیان بەرانبەر گەلی جوولەکە کردووە. ئێمە زۆر ئازارمان چەشتووە و ئێستا بیر لە نەوەکانمان و ژیانی داهاتووی گوندەکەمان دەکەینەوە. ئێمە ئەوەمان بۆ خودا جێهێشتووە کە هەق بۆ ئەوانەی وا بێبەزەییانە کوژراون یەکلایی بکاتەوە. مەبەستم ئەوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان واز لە گەڕان بە دوای گۆڕە بەکۆمەڵەکان بهێنێت تا ئێسک و پرووسکی [مرۆڤ]مان بۆ بهێنێتەوە و بڵێت 'ئەم ئێسک و پرووسکانە ئازیزانی ئێوەن'. نەخێر، ئەوان نین! با لە شوێنی خۆیان بنێژرێن. ئێمە دەزانین لەکوێن. ئێستاش هەست بە بیابانەکانی خوێن دەکەین و بۆنی دەکەین [ئاماژە بە کۆمەڵکوژییەکان] کە ئەوان [حکوومەتی کوردی] پێی دەڵێن گۆڕی بەکۆمەڵ و ئێمە لە دڵماندا هەڵیاندەگرین. ئێمە دەمانەوێت ئەم حکوومەتەی خۆمان گوندەکانمان ئاوەدان بکاتەوە و نامانەوێت نەوەکانمان لەگەڵمان بمرن. ئێمە دەمانەوێت ژیان لەم گوندە بچووکەدا بگەڕێتەوە و نابێت گوندەکەمان ببێتە خۆڵ و خاک. نەوەکانمان پێویستیان بە قوتابخانە و بنکەی تەندروستی هەیە، پێویستمان بە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک و کارەبایە، هەروەها ڕێگایەک بۆ گوندەکانی دەوروبەرمان و بۆ شارە کوردییەکان کە بە قەد ئەڵمانیای ئێوە بۆ ئێمە دوورن. تۆ لە ئەڵمانیاوە دێیت بۆ ئەوەی بە دوای ئێمەدا بگەڕێیت، بۆ ئەوەی گوێمان لێبگریت چونکە تۆ زۆر باش دەزانیت ئەوانەی لە بیابانەکانی خوێندا خنکاون ئیتر ناتوانن قسەت لەگەڵ بکەن، بۆیە پێویستت بە ئێمەیە [زیندووەکان]. ئێمە پێویستمان بەوەیە کە حکوومەتەکەمان گوێمان لێبگرێت. ئەوە تەنها ئەو شتەیە کە هەست دەکەم دەبێت بگوترێ. ئێستا، ئایا هەموو ئەو شتەت لەسەر ئەم شتە [تۆمارکەر - ڕیکۆردەر] وەرگرتووە؟ بیرت نەچێت هەر وشەیەکی کە وتم بینووسە".
تەلیعە هەرگیز خۆی سەغڵەت نەدەکرد بە پرسیاری ناوی من و شوێنی لەدایکبوونم و لە کوێوە هاتووم و ڕاستییەکەی چی دەکەم لەم جەلەمۆردەدا کە هەموو شتێک بوو بێجگە لە - "ئێمە لێرەین و لێرە نین، واتە هەردوکیان لە یەک کاتدا". نە چاوەڕوانکراو بووم و نە بانگهێشتکراو بووم بەڵکو وەک سەردانیکەرێکی چاوەڕواننەکراو میوانداریم کرا کە بە پابەندبوون بە یادەوەرییە توندوتیژەکانی ئەنفالەوە، بوونی زەمینیی خۆی زەوت دەکات و بۆ هەمیشە دەبێتە بارمتە. جەلەمۆرد لە مەرجی مرۆڤبووندا لە دەرەوەی زیندانیکردنی ناسنامەیەکی مەحکەم و پارێزراو لە ناو کۆمەڵگەیەکی سیاسی یان نەتەوەیەکی دیاریکراودا وردتر دەبێتەوە. تەلیعە ڕێگر نەبوو لە سەرلەنوێ ئاڕاستەکردنەوەی سیاسەتەکانی نیشتمان و ئازێتباریی نیشتمانی بەرەو حاڵەتێکی بوونی زیندووان و لە هەمان کاتیشدا دوورخستنەوەی سەرنج لەسەر بنەماکانی ئەنفال و ئاڕاستەکردنی بەرەو زیان و لەدەستچوونی ڕۆژانە و میوانداریی وێرانکراو یان خۆشەویستی و داواکاریی هەق.
ئەنفال بۆ ئەزموونی ڕاستەوخۆ بەردەست نییە و هەرگیز وەک بیابانەکانی خوێن نەبووە. لە ڕاستیدا خوێندنەوەی تەلیعە بۆ - بیابانەکانی خوێن - شێوازی نووسینی توندوتیژیی دەوڵەتی و قسەکردنی بوو کە چۆن بووە بە هەڵگری ئەم نامرۆڤایەتییە لە باسکردن نەهاتووە - "ئێمە لە دڵماندا هەڵیاندەگرین". نووسینەکەم - هەر وشەیەک بەرپرسیارێتیی منە لە میوانداریکردن و هاوبەشیکردن - بۆ وێرانکردنی جەلەمۆرد، کۆمەڵکوژییەکانی سەردەمی ئەنفال، ئەو ئازارە حەتمییەی لە ژیان و گوزەرانی دوای ئەنفالدا و خەمی ژیانێکی داهاتوو لە جەلەمۆردا دەخوێنێتەوە لە بەر ڕۆشنایی ئەو توندوتیژییەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات کاتێک ئەنفال وەک یادەوەرییەکی نەتەوەیی خۆی زەوت دەکات و لە پرۆسەکەدا، وەک "ڕابردوو"یەکی تەواو تەواو، دەینێژێت. لە ناو ژوورەکەی مام ڕەجەبدا تارمایی ئەنفالەکان وەک ئامادەگی و غیاب، لە جیهاندا داماندەبڕێت لەگەڵ ئەوەشدا و لە هەمان کاتدا، لە دەرەوەی ژوورەکە، لە جەلەمۆرد، لە عێراق و لە سەرانسەری جیهان بە گشتی بەردەوامە. جەلەمۆرد لە ڕێگەی بێکۆتایی هەموو ئەو شتانەی کە تەلیعە خانەخوێیی لێدەکات و بۆم دەگوازێتەوە، بە وشەگەلێکی زمانی کوردیی سۆرانی، کە بە وردی بۆ ئەم کتێبە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی ئینگلیزی و دەبێتە یەک لەگەڵ هۆدەکە و ئەو بارودۆخی ژیان و گوزەرانەی مام ڕەجەب. من لە جەلەمۆردا ناچارم لەو یادەوەرییە بێسنوورانە بەئاگا بێمەوە کە لە دوای سی و پێنج ساڵ و لە نائامادەگیی ئەنفالدا هێشتا لە ناو گوند و دەرەوەی گوندەکەدا دەسووڕێنەوە. کرانەوەی تەلیعە هەڵگری هەستێکی سواڵکردن نییە بۆ ئەوەی شوێن بدۆزێتەوە بۆ ماتەمینی خۆی و بۆ ئەوانەی کە لە یادەوەرییەکانیدا هەڵیدەگرن - ئەوانەی قڕکراون یان وایان لێکراوە لە بیابانەکانی خوێندا نەمێنن، منداڵانی ئەمڕۆ و ڕەنگە ئەوانەی کە هێشتا لەدایک نەبوون. ئەو داوای هاوسۆزیی بۆ ماڵە وێرانبووەکان یان بێ ماڵ و حاڵەکانی جەلەمۆرد یان بارودۆخی ژیانیان ناکات لە دەرئەنجامی وازهێنانی سیاسی کە نەوەکانی گوندنشین لە پەیوەندییە ئاڵۆزە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقی و ئابوورییەکاندا لەگەڵ دەسەڵاتە حوکمڕانەکانی کورددا تێکەڵ بکات. کەواتە ئەگەر هەق بڵێین، بە وریاییەوە تەحەدای ئەو سنوورانە یان مەودایانە دەکات کە ڕابردوو لە ئێستا و داهاتوو دادەبڕن. هەق ئێستا وەک حاڵەتێکی لەناکاوە بۆ ئەوانەی لە بیابانەکانی خوێندا لەناوچوون و فەوتاون، هەروەها بۆ فەوتان و لەناوچوونی گوند. دانیشتووانی گوندەکە تووشی ئایندەیەکی نادیار دەبن و بە هۆی کاولکارییەکی نادیاری ئایندەوە، کە بەردەوام لەگەڵیاندا دەژی و ناتوانن خۆ بە خاوەنی بکەن، لێکەوتە و ئیفلیج دەبن.
مام مەحمود بە تەنیا لە خانوویەکی قوڕی دوو ژووریدا دەژی، تاکە دۆشەکێک کە لەسەر زەوی ڕاخراوە لە یەکێک لە ژوورەکاندا، کاسە و کەویلی چێشتخانەی خێزانەکەی خۆی پاراستووە. تەواوی ماڵەکەی ئاماژەیە بۆ چاوەڕوانییە بێکۆتاییەکەی بۆ گەڕانەوەی خێزانەکەی. جەلەمۆرد ئیتر ئەو ماڵە هاوبەش و بەکۆمەڵە نییە کە ڕۆژگارێک بەم شێوەیە بوو، بەڵکو زیاتر لە لەدەستدانی کەسانی خێزانەکەی گرتووەتەوە. ئەو لە هەست و هۆشی لەدەستدانی مێژووی ژیانی ئیکۆلۆجی، لە ژیان و خێزان و هاوڕێ و خزم و پێکەنینێکی لەجێی خۆیدا نەبوو و چاوەڕوانیی بێکۆتایی گەڕانەوەی کچ و ژن و کوڕ و مێرد و پوور و ئامۆزا و خاڵۆزا بێسەروشوێنەکانن. بێ ماڵ و حاڵیی ژێرخانی بنەڕەتیی ژیان و یادەوەرییە زیندووەکان پێکدەهێنێت لە گوندەکەدا.
ڕزگاربووانی جەلەمۆرد و ئەوانەی لە گوند و ناوچە و شارۆچکەکانی دەوروبەرن، چواردە ساڵ بوو چاوەڕێی ئەوە بوون ئەندامانی خێزانەکانیان بە زیندوویی بگەڕێنەوە، کاتێ ئەمریکا و بەریتانیا لە ساڵی 2003دا عێراقیان داگیرکرد، پرۆسەیەکی ڕیشەکێش کردنی بەعسییەکانیان دەستپێکرد و زیندانییە سیاسییەکانیان ئازاد کرد. بەڵام تەنانەت ئەمەش شوێنەواری ئازیزە ونبووەکانیان دەرنەخست و هەستی حەسرەتیان زیاتر بوو کاتێ تیمەکانی پزیشکی دادوەری سێ گۆڕی بەکۆمەڵیان هەڵدایەوە، کە دوو گۆڕیان وەک هەڵگرتنەوەی ئێسک و پرووسکی ئەنفالکراوان دەستنیشانکران و وەک بەڵگەی فیزیکی لە کاتی دادگاییەکانی بەغدا لە ٢٠٠٦ - ٢٠٠٧ (بڕوانە بەشی٤). دوای ئەمە خێزانەکان چوونە قۆناخێکی تری چاوەڕوانییەوە و ئەمجارەیان بۆ دادگاییکردنی ئەنفالچییەکانی کورد، بەو هیوایەی کە ئەمە ببێتە هۆی وەرگرتنەوە و ناسینەوە و گەڕاندنەوەی پاشماوەی ئازیزانیان. بێجگە لەوەش بۆ دەستەبەرکردنی سەرلەنوێ ناشتنەوەیەکی شکۆمەندانەیان لە نزیکترین شوێنی نیشتەجێبوونی بنەڕەتیی خۆیان. هێشتا زۆرێک لە دایکان کە ئێستا بە تەنیا دەژین، ناتوانن خۆیان لە پەرۆشی و تامەزرۆیی دۆزینەوەی کەسێکی ئازیزیاندا ببیننەوە کە ڕۆژێک بێت لەناکاو لە دەرگا بدەن بە تامەزرۆیی پێشوازیکردنیان و داوای چوونە ژوورەوەیان.
هەق ... چاوەڕوانی کردن
لە مانگی تەمموزی ٢٠١٣دا لەگەڵ هێمن عەبدوڵڵا دەگەڕێمەوە بۆ جەلەمۆرد. ئەمجارەیان لەگەڵ کەریم و ئەفرۆزی هاوژینی ئاشنا دەبین. کەریم بانگهێشتمان دەکات بۆ ماڵەکەی خۆی، کە تازە لە گەڕەکی ئەنفالەکانی شاری چەمچەماڵ گەڕابووەوە. ئەنفالەکان لە چەمچەماڵ ئەو شوێنەیە کە ژنان و شایەتحاڵە بەساڵاچووە ڕزگاربووەکان و بنەماڵەی ئەنفالکراوان دوابەدوای دادگاییکردنەکانی بەغدا نیشتەجێ کران. ناوەکەی ڕێگەیەکی تر ئاشکرا دەکات کە ئەنفالەکان ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کە چۆن مرۆڤەکانی ناوچەی گەرمیان بانگی یەکتر دەکەن و لە کوێ دەژین: ئەوانەی کە بەر شەپۆلەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال کەوتن و هەندێکیان ڕزگاریان بوو لەو کارەساتە، واتە ئەوانەی کەوا کارەساتی ئەنفالیان ئەزموون کردووە و ئەنفالەکان ئەو شوێنانەن کە ئێستا ئەم کەسانەی تێیدا دەژین. لەو کاتەدا کە چایان بۆ داناین، هێمن خۆی وەک دانیشتووی گوندی گۆپتەپە دەناسێنێت کە لەو ناوچەیەدا بە "قوربانیی بۆمبی کیمیایی" ناسراوە. بۆ پرسیاری ئەوەی کە بۆچی کەریم چەمچەماڵی بەجێهێشتووە بۆ جەلەمۆرد، ئەو لە وەڵامدا دەڵێ:
"ئێمە لە گەڕەکی ئەنفالەکان هەڵهاتین چونکە ڕێک وەک نوگرە سەلمان وابوو. ڕۆژ دەهات و ڕۆژ دەڕۆیشت هەموومان تاق و تەنها مابووینەوە. من لانیکەم لێرە هاوڕێ کۆنەکانم دەبینم و لانیکەم دەتوانم لەگەڵیان قسە بکەم، دەتوانم گوێیان لێ بگرم و هەر هیچ نەبێ دەتوانم لەگەڵیان بگریم بۆ ئەو کارەساتەی کە بەسەر هەمووماندا هاتووە. ئێمە لە یەکتر تێدەگەین و وەک بە چاوی خۆتان دەبینن ئێمە لە وێرانە و لەگەڵ تەپ و تۆزدا دەژین، بەڵام سەرمان ناوە بەیەکەوە و لێرە دڵخۆشترین. ئێمە گەڕانەوەمان لە مەرگەسات بۆ جەلەمۆرد گەڕانەوە بوو بۆ تەنیایی و چاوەڕوانی [ئاماژەکردن بوو بۆ نوگرە سەلمان]. لە جەلەمۆرد ماوەیەکی پێچوو تا کەوتینە قسەکردن لەگەڵ یەکتر. خەڵک چیتر زەوییەکانیان دانەدەچاند و نە تراکتۆر و نە ئۆتۆمبێل هەبوو هاتوچۆی پێبکەین و ئاژەڵ و ماڵاتیشمان نەبوو کە چاودێری و ئاگادارییان بکەین. هەمووی نەمابوو و هیچ نیشانەیەکی ژیان نەبوو. لە سەد و سی خێزان، تەنیا هەندێک تاک و تەرا هەبوون کە گەڕابوونەوە و ئێمە خانووی قوڕینی نوێمان دروستکرد. گەڕانەوەمان لە ئەشکەنجە و برسێتییەوە بوو بۆ شەڕ لەگەڵ ڕۆحی خۆماندا. لە نوگرە سەلمان هەموو ڕۆژێک خەڵک گیانیان لەدەست دەدا. پەنجەرەیەک هەبوو کە لە ڕێگەیەوە دەمتوانی سەگەکان ببینم چۆن ئەو لاشانە دەدۆزنەوە کە تەنها بە توێژاڵێکی تەنکی خۆڵ داپۆشرابوون و دەیانخواردن. سوێند بە خوا هیچ مرۆڤێک ناتوانێت لەوە تێبگات کە ئێمە ئەوەمان بە چاوی خۆمان دیبێت. ئەوە لەناوچوونی خێرا بوو، لەناوچوونی خێرا بوو، کەس ناتوانێت هاوبەشی نەهامەتییەکانمان بێت، ئێمە داوا دەکەین و چاوەڕێین حکوومەتەکەمان شتێک بۆ ئەم گوندە بکات".
ئەفرۆز ڕەفیق کە تەمەنی شەست ساڵێکە قسەکانی پێدەبڕێت. ڕزگاربوونی ئەو وەک ڕووداوێک دەگێڕدرێتەوە و کەریم دەڵێ، "پێم وابوو کە باشترە ئەنفالچییە کوردەکان بیبەن نەک سەربازە بەدفەساڵەکانی عێراق. لە ڕاستیدا ئەوان ڕزگاریان کردووە و بە تەنیا جێیانهێشتووە". ئەفرۆز توانی ڕێگەی خۆی بۆ گوندی تەکیەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەت لە باکووری چەمچەماڵ بگرێتە دەست، لەوێ لەگەڵ خوشکی کەریم مایەوە، تا کەریم ئازادکرا و لە کۆتایی ئەیلوولی ١٩٨٨دا بە زیندوویی گەڕایەوە (باسی زیاتر لەسەر "لێبوردنی گشتیی" دەوڵەتی عێراق لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨، لە بەشی دووەمدا).
ئەفرۆز: چیرۆک بەسەرهاتی ئێمە لە گێڕانەوە نایەت. ئێمە بۆ هەمیشە لەناوچووین و هەقمان خوراوە و خوا هەقمان بسێنێت. چاوەڕوانیمان تەواوبوونی نییە، ئێوەی پیاوان [لێرەدا ڕوو دەکاتە کەریم] نازانن قسە بکەن. بە ڕاستی ناتوانیت باسی ئەوە بکەیت کە بەسەر ئێمەدا هاتووە، ئەگەرنا ئێستا ئەنفالچییانی [کورد] ئازاد نەدەبوون، ئەوە ئەوان بوون کە جەیشیان (سوپای عێراق) بەرەو جەلەمۆرد برد.
کەریم: تۆ ئەو کەسە نیت کە لە لەناوچوونی خێرا لە نوگرە سەلمان گەڕایتەوە. هەرچەندە تۆ ڕاست دەکەیت، نازانم چی بڵێم، ئەوە تۆ باسی چی دەکەیت؟ ئەنفالچییەکان حوکمی ئەم وڵاتە دەکەن. ئەوان دەیانەوێت لەبیرمان بچێت چی بەسەر گوند و ژیانی خۆماندا هاتووە.
ئەفرۆز: پێویستە قسە بکەین، ئەگەرنا مەترسیی ئەوەمان لەسەرە کە لەبیرمان نەچێت.
کەریم: سوێند بەخوا، ئەو ڕاست دەکات، ئەگەر قسەیش نەکەین لە بیرمان دەچێت (بۆ ئەوەی لەبیرم بێت قسە دەکەم). من هەمیشە سەردانی مەحمود و کەسانی تریش دەکەم بۆ ئەوەی چیمان بەسەرهاتووە بۆیان باس بکەم. دەزانی مەحمود ئەنفالکراو نەبووە و هەمیشە پرسیارم لێدەکات و پێم دەڵێت، ئەگەر قسە نەکەین، ئیتر چۆن دەتوانین بزانین چی بەسەر جەلەمۆرد و خەڵکەکەماندا هاتووە. تۆ دەزانی مەحمود و مام ڕەجەب خاوخێزانیان لەدەستداوە. بەخوا مەحمود هێشتا باوەڕی وایە کە ڕۆژێک دێت خانەوادەکەی دەگەڕێنەوە بۆ لای و ئەو هەمیشە چاوەڕوانە، هەر بۆیە هەموو ڕۆژێک لێم دەپرسێت و هەموو ڕۆژێک دەبێت لەسەر ئەنفال قسەی لەگەڵ بکەم. لەوەتەی لە نوگرە سەلمان گەڕاوینەتەوە چاوەڕێی گەڕانەوەیان بووە.
ئەفرۆز: بۆ پێتوایە ئێمە ئاوها دەژین و گوزەران دەکەین؟ بەم زووانە ئێمەش وەک مام ڕەجەبمان بەسەردێت، بەپێچەوانەی ئەویشەوە پێش مردنمان لە جەلەمۆرد کەسێکمان نابێت کە ئاگاداریمان بکات.
ماتەمینی بێئەندازە بۆ ئەو کەسانەی کە هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە و ناناسرێتەوە و لە گۆڕستانی بزری گوندەکەدا نێژراون و یادەوەرییە زیندووەکان بە دووری و کات نابڕدرێن: "کێ دەچێت پرسەمان بۆ بگێڕێت؟" ئەفرۆز دەپرسێت. وەک تەلیعە جەختی لەسەر دەکردەوە، لەمرۆڤخستن بەردەوامە، بەو پێیەی ئەوانەی لە ژیاندا ماونەتەوە بەردەوامن لە بێبەشبوون لە مرۆڤبوون، بەو پێیەی نکووڵی لە مرۆڤایەتییان دەکرێت، هەروەها وەک ڕزگاربووان و بنەماڵەی ئەوانەی لەناوچوون و بێسەروشوێن بوون ناکرێنە بەشێک لە یادەوەریی نەتەوەیی/ نیشتمانیی ئەنفال.
تەواوی گوندەکە ئەوەمان بیر دێنێتەوە کە چی ڕوویداوە و بەردەوامە لە ڕوودان، چۆن کاریگەریی لەسەر ئێمە هەیە و چی چاوەڕێمان دەکات. لە کۆتاییدا هەموومان دەمرین. مردن هاوڕێی دواڕۆژمانە و بەڕێوەیە، بۆیە بینین و بیستن و قسەکردن بنەڕەتین بۆ ئەوەی بزانین ئەنفال چۆن دەمێنێتەوە و بەو هۆیەوە بەرەنگاری لەبیرچوونەوە ببیتەوە. داواکاریی هەقیش خەباتێکە لە دژی مامەڵەی نامرۆڤانە و بێ ماڵ و حاڵی لە ژیان و گوزەرانی دوای ئەنفالدا. هەق ناتوانێ ئەو ژیانە مرۆیی و ئیکۆلۆجییە تەواو وێرانبووەی گوندەکە بگەڕێنێتەوە کە کەریم و ئەفرۆز لێرەدا یادی دەکەنەوە - دایکی ئەفرۆز کە لە نوگرە سەلمان کۆچی دوایی کردووە و پێنج کوڕەکەیان کە جارێکی تر ناویان نەبیستنەوە و لەو کاتەوە کە لە تۆپزاوا لە کەریم جیابوونەوە بێسەروشوێنن. ئێستا تەنها کچێکیان ماوەتەوە کە هاوسەرگیریی کردووە و دوو منداڵی هەیە، کچێک و کوڕێک و ماڵەکەیان لە گەڕەکی ئەنفالەکانە لە چەمچەماڵ. ئەوانەی کە شایەتحاڵی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و زیندانی بوون و لە کۆتاییدا ڕزگاریان بوو، ژیانێکی پەرتەوازە و بێ ماڵ و حاڵ دەژین کە پڕە لە چاوەڕوانی و مردن. ئەم بارودۆخی ژیانە لە وشەکانی "مۆنۆمێنتی بابەڕووشە و شەهیدانی گوندی جەلەمۆرد و دەوروبەری" بەدیدەکرێت کە لەسەر تابلۆیەکی کانزایی نووسراون و لکێنراوە بەو دیوارەوە کە بە دەوری پەیکەری دایکێکدایە و چاوەکانی بڕیوەتە ئاسۆ و منداڵەکەی لە بێشکە ناوە. ئەمە یەکەم مۆنۆمێنتە کە تەواوی توندوتیژیی ئەنفالی تێدا بەرجەستەیە و دەکەوێتە لێژاییەکانی ڕۆژهەڵاتی جەلەمۆردەوە و لە ١١ی ئایاری ٢٠١٣ دروستکراوە. کەس لە جەلەمۆرد ئەم وەرگێڕانە "هونەرییە" بە گرنگ نازانێت - کە دژواریی هەلومەرجی ژیانی گوندەکان و تێگەیشتنی پتەویان دەخاتە ڕوو کەوا هیچ مرۆڤێک هەرگیز ناتوانێت هەقیقەتی ئەنفال بزانێت. ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە و بارودۆخی جێهێشتنی و گەڕانەوەی ئازیزان و بانگەواز بۆ هەق وەک گەیشتنە ئایندە دەمێنێتەوە کە پێشوەختە چاوەڕوانی ناکرێت و ڕەنگە هەرگیز نەگات. چاوەڕوانی لەگەڵ میوانداریی ڕۆژانەدا دەچێنرێت وەک ئێتیکی ژیان لەگەڵ پەیوەندییە لەناوچووەکان و زیانەکان و هەق کە ڕەنگە لە ماوەی ژیانیاندا ئەزموون نەکرێن. زۆرێک لەوان مردوون، یان چاوەڕێن. مام ڕەجەب لە شەوی ٩/١٠ی تەمموزی ٢٠١٨دا کۆچی دوایی کرد و مردنەکەی بوو بە مایەی داخ و خەفەت بۆ دۆست هاوڕێکانی و هەموو ئەوانەی وەک دراوسێی نزیک لەگەڵیدا ژیاون. مام مەحمودی دۆستە نزیکەکەشی، دوای سی و چوار ساڵ ژیانی تەنیایی و چاوەڕوانی، ڕۆژی ١١ی شوباتی ٢٠٢٢ کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوە: کتێبی
"مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق"
Being Human
Political Modernity and Hospitality in Kurdistan-Iraq
Fazil Moradi
2024
* تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە کتێبێک، کە لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆجیی مەیدانییە بەو ناونیشانەی سەرەوە و توێژەری کورد د. فازڵ مورادی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی کردووەتەوە. ئێمە ئەم کتێبەمان کردووەتە کوردی و هێشتا وەرگێڕانە کوردییەکەی لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاو نەکراوەتەوە - وەرگێڕ.