ئەو سێ کەسە کێن سەردانی ئۆجەلان دەکەن لەئیمرالی؟
  2024-12-04       2880       
ئۆجەلان - سری سورەیا ئۆندەر - پێرڤین بوڵدان - سری ساکیک

ئا: ئاوێنە

 

سێ کەس دیاریکراون بۆ سەردانی ئۆجەلان لەئیمرالی، کە ئەوانیش "سری سورەیا ئۆندەر، پێرڤین بوڵدان، سری ساکیک"ن، هەر سێکیان رۆڵیان هەبووە لەگفتوگۆی ئاشتی ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥.

 

بڕیارە وەزارەتی دادی تورکیا وەڵامی ئەرێنی بداتەوە بەبانگەوازی "دەوڵەت باخچەلی" سەرۆکی مەهەپە کە رایگەیاندبوو "پێویستە دەم پارتی ڕووبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان لەئیمرالی کۆبێتەوە". بەگوێرەی سەرچاوەکانی وەزارەتی دادو پارتی دەسەڵاتدار کە زانیارییان بەبی بی سی تورکی داوە، "هیچ کێشەیەک نییە" سەبارەت بەمۆڵەتی چوونە ئیمرالی، بەڵام تا ئێستا ناوی ئەندامانی شاندەکە یەکلایی نەکراوەتەوە.

بەپێی سەرچاوەکان، وەزارەتی داد ڕەنگە مۆڵەتی ئیمرالی بدات بە"پێرڤین بوڵدان‌و سری سورەیا ئۆندەر"، کە پێشتر لەکاتی پرۆسەی چارەسەرکردن‌و ئاشتی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥، لەشاندی ئیمرالیدا بوون‌، هەروەها سری ساکیک یەکێکە لەئەندامانی بەئەزموونی دەم پارتی.

 دوابەدوای بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لەکۆبوونەوەی گروپی ٢٦ی تشرینی دووەم، کە داوای کۆبوونەوەی فراکسۆنی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان کرد لەئیمرالی، تونسێر باکرحان‌و تولای هاتیمۆغولاری هاوسەرۆکانی دەم پارتی داوای مۆڵەتیان لەوەزارەتی داد کرد بۆ سەردانی ئیمرالی، تا ئێستا وەزارەت وەڵامی ئەم داواکارییەی نەداوەتەوە.

وەزیری داد، یەڵماز تونچ ڕایگەیاند، داواکاری دەم پارتی هەڵسەنگێندراوەو لەماوەیەکی گونجاودا وەڵام دەدرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست بی بی سی تورکی کەوتوون، وەزارەتی داد بەنیازە ڕێگە بەشاندێکی دەم پارتی بدات بچنە ئیمرالی. لەکاتێکدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە پرۆسەکە سەبارەت بەداواکاریی دەم پارتی بەردەوامە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە دوای ئەوەی ڕوون دەبێتەوە کێ لەشاندی ئیمرالیدا دەبێت، مۆڵەت دەدرێت. ڕەنگە بوڵدان‌و ئۆندەرو ساکیک جێگەی هاوسەرۆکەکان بگرنەوە.

ئەوەش زانراوە کە وەزارەتەکە تا ئێستا بەدواداچوونی بۆ ئەو داواکاریانەی دەم پارتی  بۆ ئیمرالی کردووەو ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە بەشاندێک بدات کە لەئەندامە جیاوازەکانی پەرلەمان پێکهاتبێت لەبری باکرهان‌و هاتیمۆغولاری.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، پێرڤین بوڵدان، پەرلەمانتاری وان کە لەپرۆسەی چارەسەری ٢٠١٣-٢٠١٥ لەشاندی ئیمرالی بوو، لەگەڵ پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵ، سری سورەیا ئۆندەر کە هاوکات جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیایە، ڕەنگە مۆڵەتیان پێبدرێت بۆ چوونە ئیمرالی. کەسێکی دیکە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەشاندەکەدا دەبێت، سری ساکیک، پەرلەمانتاری ئاگری، یەکێکە لەئەندامانی بەئەزموونی ئەو حیزبە.

سەرچاوەکان بەئاماژەدان بەوەی کە ئەم پەیوەندیانە لەڕادەبەدەر هەستیارن، باس لەوە دەکەن کە پێوەرەکانی وەک ئەزموون لەپرۆسەی چارەسەرکردن، ئەزمونی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت‌و ئەزموونی سیاسی، لەکاتی هەڵبژاردنی ئەو ناوانەی کە دەخرێنە ناو شاندی ئیمرالیەوە لەبەرچاو دەگیرێن.

ئەوەش زانراوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەروەها ویستویەتی ئۆندەرو بوڵدان بەشداری گفتوگۆکان بکەن.

پێشتر شاندەکەی هەدەپە کە سەردانی ئۆجەلانیان کرد لەئیمرالی ڕۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠١٣، بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی، پێکهاتبوون لەهەریەک لە"سەلاحەدین دەمیرتاش، پێرڤین بوڵدان‌و سری سورەیا ئۆندەر".

ئەمە لەکاتێکدایە کە دەم پارتی رایگەیاندووە "گرنگ نییە کێ دەڕوات بۆ ئیمرالی، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئۆجەلان چی دەڵێت".

فراکسیۆنی دەم پارتی، کە هەفتەی ڕابردوو داوای لەحکومەت کرد "دەروازەی ئیمرالی بکاتەوە"، ڕایگەیاند "تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی دادو فراکسۆنی دەسەڵاتدارەوە پەیوەندییان پێوە نەکراوەو وەڵامیان پێنەگەیشتووە".

دوایین سەردان بۆ ئیمرالی لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا بوو، لەلایەن عومەر ئۆجالان، پەرلەمانتاری ئورفای دەم پارتییەوە، دوای کۆبوونەوەکە، عومەر ئۆجەلان وتی "پەیامی ئۆجەلان ئەوە بووە ئەگەر هەلومەرجێکی گونجاو هاتە ئاراوە، دەتوانم لەرووى پراکتیکى و توئێرییەوە دۆخى شەڕ بگۆڕم بۆ سیاسی و یاسایی".

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، سێزای تێملی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند "کاتێک دەروازەی ئیمراڵی دەکرێتەوەو ئۆجەلان قسە دەکات، ئەم وڵاتە هیوای بەئاشتی زیاتر دەبێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×