دواهەمین خوانی ئەسەد لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەدیمەشق
  2024-12-10       11691       
بەشار ئەسەد - عەباس عێراقچی

ئا: ئاوێنە

 

پێش ئەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا، بکەوێتهو ببێت بەپەنابەر لەگەڵ خێزانەکەی لەمۆسکۆ، ئێران لەڕێگەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە، کە سەردانی دیمەشقی کردو دوا ژەمی ئێوارەی لەیەکێک لەکافتریاکانی دیمەشق خوارد، پەیامێکی زۆر گرنگ‌و یەکلاکەرەوەی بە بەشار گەیاند.

 

بەگوێرەی ئەوەی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاشکرای کردووە، عێراقچی بۆ سەرۆک کۆماری پێشووی سوریای ڕوونکردەوە کە وڵاتەکەی ”چیتر لەدۆخێکدا نییە هێز بۆ پشتیوانی بنێرێت‌و رێگری بکات لەوەی نەڕوخێت".

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە ئیتر ئەسەد بپ ئێران ببووە بارگرانییەک نەک هاوپەیمانێک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "بەردەوامبوون لەپشتیوانیکردن لەئەسەد دەبووە مایەی تێچوونێکی قورس بۆ ئێران".

تاران نزیکەی ساڵێکە لەئەسەد بێزار بووە، بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک عێراقچی هەفتەی ڕابردوو سەردانی دیمەشقی کرد، ئەسەد پێیوتووە کە کشانەوەی سوپاکەی لەحەلەب تاکتیکییە، هێشتا کۆنترۆڵی خۆی لەدەست نەداوەو پێویستی بەپشتیوانی نییە.

بەڵام هەر زوو گروپە چەکدارەکان دوای دەسگرتنیان بەسەر حەلەبدا، شارەکانی حەماو حومسیشیان کۆنترۆڵ کردو گروپە ناڕازییەکان لەباشووریشەوە بەرەو دیمەشق دەستیان بەپێشڕەوی کرد. هەرچەندە لەوکاتەدا ئێران بەئاشکرا رایگەیاند کە پشتیوانی لەحکومەت‌و سوپای سوریا دەکات، بەڵام دەستیکرد بەکشانەوەی هێزەکانی لەسوریاوە بۆ ناو خاکی عێراق‌و دەستبەردان لەئەسەد.

فاینانشیاڵ تایمز جەغت لەوە دەکات کە لەپشت پەردەوە ئێرانییەکان وازیان لەسەرۆک کۆماری سوریا هێنا، بەو پێیەی سەرجەم ئەندامانی نوخبەی سوپای پاسداران لەگەڵ دیپلۆماتکاران‌و خێزانەکانیان بەرەو عێراق بەڕێکەوتن.

هاوکات تورکیاش ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لەسەر ئاستی سەربازی، لەپاڵپشتیکردنی ئەو گروپانەی بەشاریان ڕوخاندو دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت.

میتی تورکیا کە لەساڵی ٢٠١٦ەوە پاڵپشتی چەندین گروپی چەکداری کردووەو یارمەتی داون بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووبەرێکی بەرفراوان لەخاکی باشووری سنووری تورکیاو سوریا، پاڵپشتییان ئەو هێرشە لەناکاوەیان کرد کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستیپێکرد و لەماوەی ١٠ رۆژدا بووە هۆکاری روخانی بەشار ئەسەد.

فاینانشیاڵ تایمز ئاماژە بەوە دەکات پێشتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا وێنەو نەخشەی دامەزراوە سەربازییەکانی سەر ڕێگای بەرەو دیمەشقیان گرتبوو، بۆیە دواتر توانیان وردەکاریی پێویست‌و زانیاری تەواو دەربارەی ئەو بنکە سەربازیانە بدەن بەگروپە چەکدارەکان.

هەروەها ئەنقەرە بەچەک پاڵپشتی گروپەکانی سەر بە"سوپای نیشتیمانی سوریا"ی کرد، کە بەم دواییە لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام هەماهەنگییان کرد، سەرەڕای ئەوەی تورکیا بەفەرمی ڕەتکردەوە دەستی لەو هێرشەدا هەبووبێت.

لەبەرامبەریشدا تورکیا گەرەنتی لەو گروپە چەکدارانە وەرگرتووە کە نەچنە ناو ئەو هێزە کوردیانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن (هەسەدە)و ناوچەیەکی بەرفراوانی خاکی سوریایان کۆنتڕۆڵکردووە.

فاینانشیاڵ تایمز سەبارەت بەڕووسیاش کە هێزەکانی بەقورسی لەڕوبەڕوو بوونەوەکانی دژ بەگروپە چەکدارەکاندا بەشدار نەبوون، ئاماژە بەوە دەکات کە پێدەچێت جۆرێک لەڕێککەوتنی ئەنجامدابێت.

لە کاتێکدا بەڵێنی ئەوەی دا پشتیوانی لەڕژێمی پێشوو دەکات، بەڵام بەرپرسێکی پێشووی کرێملین ئاشکرای کرد کە ڕوسیا دەسەڵاتی ئەوەی نییە یارمەتی ئەسەد بدات، چونکە لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا هێزەکانی ڕووسیای ماندوو کردبوو.

هاوکات سەرچاوەیەک لەکرێملین ڕوونیکردەوە کە گروپە چەکدارەکان گەرەنتی سەلامەتی بنکەو دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ڕوسیایان لەسوریا کردووە، بەپێی ئەوەی پێشتر تاس بڵاویکردووەتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، جۆن فۆرمان، پاشکۆی پێشووی سەربازیی لەباڵوێزخانەی بەریتانیا لەمۆسکۆ، پێیوایە کە کەوتنی بنکەی ئاسمانی روسیا لەحەمێمیم‌و بنکەی دەریایی روسیا لەتەرتۆس، مەسەلەی کاتە لەگەڵ پێشڕەوی گروپە چەکدارەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر روسەکان نەتوانن گەرەنتی ئاسایشی ئەم دوو بنکەیەیان بکەن، ئەوا ناچار دەبن بەجێیبهێڵن‌و بچنە دەرەوە".

بەپێی وتەی فۆرمان، بەبێ ئەم دوو بنکەیە، ئەستەمە روسیا تەحەدای هێزی دەریایی ناتۆ بێتەوە یاخود بەرەنگاری هێزە ئاسمانییەکانی ناتۆ ببێتەوە لەدەریای ناوەڕاست‌و دەریای سوور، هەروەها پاڵپشتی لەبوونی خۆی بکات لەباکورو نیمچە بیابانی ئەفریقا، کەواتە مۆسکۆ کە سەرقاڵی شەڕی خۆیەتی لەئۆکرانیا، هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەبوو جگە لەوازهێنان لەئەسەد.

بەمجۆرە سەرۆکی پێشووی سوریا نەبۆ ئێران‌و نەبۆ ڕوسیا "کەڵک"ی نەما، کەوت‌و ئێستا ڕووبەڕووی ئایندەیەکی نادیار بووەتەوە.

وەزیرانی دەرەوەی سوریاو ئێران پێکەوە لەکافتریایەکی دیمەشق شاورمە دەخۆن

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×