ئا: ئاوێنە
دوا کاتژمێرەکانی بەر لەڕوخانی ڕژێمی پێشووی سوریاو سەرۆکەکەی بەشار ئەسەد، پڕ بوون لەکۆبوونەوەی گشتیو نهێنی بۆ تاوتوێکردنی سەردەمی دوای ئەسەد، گرنگترینیان کۆبوونەوەیەکی نهێنی بوو لەشاری غازی عەنتابی تورکیا، کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاواو عەرەبی کۆکردەوە، پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی قەتەر، تورکیا، ئێرانو ڕوسیا لەقەتەر، بۆ ئامادەکاریی بۆ "کەوتنە گەورەکە".
سەرچاوەیەکی ئاگاداری تورکی ئەوەی بۆ میدیایەکی لوبنانی ئاشکرا کردووە کە پێنجشەممەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەک لەشاری غازی عەنتابی تورکیا بەڕێوەچووە، کە ژووری سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکانی گروپە چەکدارەکانی ناڕازی سوریای لێیە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا - میت (ئیبراهیم کالین)، بەرپرسی دەزگای ئاسایشی دەوڵەتی قەتەر (خەلفان ئەلکەعبی)، بەرپرسی دەزگای سی ئای ئەی (ویلیام بێرنز)و نوێنەرانی دەزگای هەواڵگریی کەنداو، جگە لەنوێنەرانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوری، لەکۆبوونەوەکەدا لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتوون:
١/ پێویستە گواستنەوەی دەسەڵات لەسوریا بەشێوەیەکی ئاشتیانە بێت، دامەزراوەکانی دەوڵەت بەیەکگرتوویی بمێننەوە بەمەبەستی ئاسانکاری کردن بۆ پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی.
٢/ پێویستە وڵاتانی پەیوەندیدار دڵنیابن لەوەی سوریا لەدوای بەشار ئەسەد نابێتە پەناگەی توندڕەوو تیرۆریستان.
٣/ دەستەبەرکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی لەسوریاو ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی پەنابەرە سوورییەکان لەتورکیا، لوبنان، ئوردنو عێراق بۆ وڵاتەکانیان.
ئەسەد کەڵکی نەما بوو بۆ ئێرانو روسیا
هەموو ئەو ئاماژانەی کە لەدوو پایتەختی پەیوەندیدار بەمانەوەی ئەسەدەوە دەهاتن، واتە مۆسکۆو تاران، هۆشدارییان دەدا لەوەی کە دوو وڵات گرنگییەکی زۆریان بەمانەوەی ئەسەد نیشان نەداوە. تێچووی بەرگریکردن لەڕژیم لەڕووی داراییو سەربازییەوە بۆ ئێرانو روسیا ئیتر ئەستەمو مەحاڵ بوو.
ئێران لەدوای کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لەعێراقو هەڵگیرسانی شەڕی ئەمدواییەی ئیسرائیل دژ بە"حزبوڵا" لەلوبنان، ئیتر دۆخەکە تەواو بەزیانی ئێران گۆڕاو هەژموونی وەک پێشتر نەما لەناوچەکەدا. شەڕی ئیسرائیل زەبرێکی کوشندەی بەحزبوڵا گەیاند، پێکهاتە سەربازییەکەی هەلتەکاند، زۆربەی سەرکردە سیاسیو مەیدانیییەکانی کوشت، لەسەروو هەمویانەوە (حەسەن نەسروڵا).
جگە لەوەش ئێران کە لەڕووی ئابوورییەوە بەدەست قەیرانێکی خنکێنەری بێ وێنەوە دەناڵێنێت، ناتوانێت ئەو چەکدارو چەکانە هەناردە بکات کە تێپەڕینیان لەعێراقو لوبنانەوە بۆ سوریا ئیتر وەک جاران لەلایەن ئیسرائیلو ئەمریکاوە ڕێگەپێنەدراوە.
سەبارەت بەروسیاش ئەوە ڕوون بووەتەوە کە پێی باشترە سەرنجی لەسەر بەرەی خۆی لەگەڵ ئۆکرانیا بێتو ئاواتەخوازە یەکلاییکردنەوەیەک کۆتایی بەو چەقبەستووییە بهێنێت کە زیاتر لە دوو ساڵە تێیدا گیری خواردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەسەڵاتی لەئەمریکا وەرگرت.
بەم شێوەیە وازهێنانی ئەو دوو وڵاتە لەئەسەد، سایەی لەسەر ئەرزی واقیعی سوریا دەرکەوت. هەروەها ئەم ئاماژەیە لەکۆبوونەوەی دۆحەدا دەرکەوت کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی "پرۆسەی ئاستانە"، تورکیا، روسیاو ئێران لەگەڵ هاوتا سعودیی، قەتەری، ئوردنیو عێراقیەکانیان کۆیکردنەوە.
عێراقچی داوای پاراستنی عەلەویو شیعەو مەزارەکانیانی کرد
بەگوێرەی زانیارییەکان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکۆبوونەوەی دۆحەدا، وڵاتانی بەشداری کۆبوونەوەکەی ئاگادار کردبووەوە کە تاران ئەوەندەی گرنگی بەتێکنەچوونی دۆخی سوریاو پاراستنی کەمینە شیعەو عەلەوییەکان دەدات، ئەوەندە گرنگی بەمانەوەی ئەسەد لەدەسەڵاتدا نادات، ڕەنگە خۆی لەدرێژکردنەوەی شەڕی سوریا بەدوور بگرێت، گەربێتوو گەرەنتی بکرێت کەمینە شیعەکانو مەزارگە پیرۆزە ئایینییەکان پارێزراو دەبن.
ئەمەش وایکرد لایەنی تورکی، پردی پەیوەندی لەنێوان ئێرانو هەیئەی تەحریر شام بەسەرۆکایەتی ئەحمەد ئەلشەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) دروستبکات، بۆ ئەوەی پەیامێک بۆ لایەنی ئێرانی بنێرێت کە گەرەنتی پاراستنی شیعەو عەلەویو کەمینەکانو مەزارگە ئاینییەکان دەکات.
ئەمریکا هەڕەشەی لەحەشدی شەعبی کرد
لایەنی عێراقی، ئێرانی ئاگادار کردبووەوە کە سنوورەکانی بۆ چەکدارانی شیعە ناکاتەوە بەمەبەستی پەڕینەوە بۆ ناو خاکی سوریا، بەتایبەتی کە هۆشداریی جددی ئەمریکی گەیشتبووە بەغداو جەختیان لەوە کردبۆوە فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی واشنتۆن درێغی ناکەن لەکردنە ئامانجی هەر کاروانێکی سەربازی کە لەدەروازەی سنوری قائیمەوە لەعێراق بەرەو دەروازەی ئەلبوکەمالی سوری بپەڕنەوە. فڕینی فڕۆکەیەکی ستراتیژی ئەمریکی لەجۆری (B52) بەسەر بیابانی سوریادا، دوو ڕۆژ لەوەوبەر، پەیامکی ئەمریکی بەهەموو لایەک گەیاند.
سەبارەت بەڕوسیاش، هەفتەیەک لەمەوبەر لە سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ، ئەسەدی ئاگادار کردبووەوە کە دەبێت ئامادەکاری بکات بۆ جێهێشتنی دەسەڵات یان هەنگاوی سیاسی خێرا بنێت بۆ گفتوگۆو ڕێکخستنی دۆخەکە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن. لێرەدا ئەسەد لەوە تێگەیشت کە چیتر کرێملین ئامادە نییە بەرگری لێبکات.
لاریجانی بەئەسەدی وت: وەک پەنابەر وەرتدەگرین
هاوکات عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی هەینی رابردوو، دوور لەچاوی میدیاکان سەردانی دیمەشقی کردووەو ئەسەدی لەبڕیاری ئێران بۆ کشانەوەی ڕاوێژکارە سەربازییەکان لەسوریا ئاگادار کردووەتەوە. هەروەها بەئەسەدی وتووە کە پێشوازی لێدەکەن ئەگەر بڕیاری پەنابەری بدات لەئێران.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێرانیش خۆی بۆ هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی ئامادە دەکات. دەزانن ترامپ دەیەوێت لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام بەبێ چەکو هەژموونی تاران بەسەر ناوچەکەدا، شلبوونەوەی تاران لەبەرگریکردن لەئەسەدو پێش ئەویش لە"حزبوڵا" لەم چوارچێوەیەدایە. ئەو هەڵمەتانەشی کە ئێرانیان کردە ئامانج لەدوای بۆردومانی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، فڕۆکە ئەمریکییەکانی تێدابووەو دامەزراوە سەرەکییەکانی پەیوەست بەپرۆگرامی مووشەکی بالیستیو تاقیگەیەکی تایبەت بەپرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانیان کردوەتە ئامانج.