ئا: محەمەد هاوژین
دەڵەمە، جۆرە شیرەمەنییەکە کە لەشیری کەم چەوریو بێ شەکر ئامادەکرێتو بەدۆشاوی ترێ یان دۆشاوی خورماوە دەخورێت، لەدو شوێنی ناو بازاڕی شاری سلیمانیدا، دوو برا ماوەی ٢٨ ساڵە دهڵهمه دەفرۆشن، تەنها ئەم دوو برا گەنجەش لەسلێمانیدا ئەم جۆرە خواردەمەنییە دەفرۆشن.
هەموو دەمەو ئێوارانێک بەدرێژایی ساڵ، وەرز سەرما بێت یان گەرما، لەخوار سینەما سیروانی جارانەوە، کامەران لەسەر عەرەبانەیەکی سپی چەند سینە دەڵەمەیەکی پڕ لەقاپی بچوکو گەورەی لەسەر یەک ریز کردووەو پەیتا پەیتا خەڵکی بەتامەزرۆوە دۆشاوی دەکەن بەسەرداو دەیخۆن.
رێژین، گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵەو بەتامەزرۆوە خەریکی خواردنی دەڵەمەکەیە، ئەو باس لەوە دەکات کە هەر رۆژێک رێی بکەوێتە بازاڕەوە، ئەوا خۆی دەگەیەنێتە ئەم شوێنەو بەبێ تامی دەڵەمە ناڕواتەوە بۆ ماڵەوە، ئەو وتی "ئەوەی سەرنجم داوە تەنها شوێنێک کە دەڵەمەی تیا بفرۆشرێت ئەم شوێنەی خوار سینەما سیروانی جارانە، لەهیچ شوێنێکی تری سلێمانی دەڵەمە فرۆشتنم نەبینیوە".
وتیشی "زۆر شوێنو شاری تر گەڕاومو ئەملاو ئەولام زۆر کردووە، بەڵام لەهیچ شوێنێک ئەم جۆرە خواردنە یاخود شیرەمەنییەم نەبینیوە، ئەمە براندێکی تایبەتە بەم دوو برایەی سلێمانی".
لەشەقامی مەولەوی، خوار سینەماکانی جارانی سلێمانی، گوزەرێک بەوە بەناوبانگە کە هەموو وەرزێک دوای نیوەڕوانو دەمەو عەسران قەرەباڵغییەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێتو لەم شوێنەدا چەندین جۆر خواردنی میللی کە خەڵکی سلیمانی حەزیان لێیەتی دەفرۆشرێت، هەر لەپاقلەو قاورمەو محەلەبییەوە بگرە تا دەگات بەچای خەڵوزو دەڵەمە.
بەهەشت، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵەو بەدیار کامەرانی دەڵەمەفرۆشەوە وەستاوە تا چەند قاپێکی بەسەفەری بۆ بپێچێتەوە، ئەو وتی "هەر جارێک بێم بۆ بازاڕ، دایکم ئەڵێ لەبیرت نەچێ دەڵەمەکەم بەسەفەری بۆ بێنیت، ئێستا چاوەڕوانەو بۆی نەبەمەوە ئەیکا بەهەراو لێم تووڕە دەبێت، چونکە یەکێکە لەو خواردنانەی زۆر حەزی لێیەتی".
وتیشی "منو ماڵەوەشمان هەموومان حەزمان لێیەتی، دەڵەمە تامو چێژێکی زۆر تایبەتی هەیە، هەرچی نەیخوات نازانێت چەند بەتامە".
کامەران، کە گەنجێکی هێمنو لەسەرخۆیە، بەردەوام دەمەو ئێواران لەو شوێنەدا خەریکی رازاندنەوەی عەرەبانەکەیو دۆشاو کردن بەو قاپە دەڵەمانەدایە کە کڕیاڕان بەپێوە خەریکی خواردنین.
کامەران محەمەد، بەئاوێنەی وت "لهسلێمانیدا تهنها ئێمه دهڵهمه دروست دهکهینو دهیفرۆشینو خەڵکی شار زۆر حەزیان لەدەڵەمەیە".
وتیشی "ئهم پیشهیهمان لهباوکمانهوه بۆ ماوهتهوه که لهساڵانی حهفتاکان یهکهم کهس بووه لهسلێمانی دهڵهمهی دروست کردوهو فرۆشتویەتی، منو براکانیشم هەر لەمنداڵییەوە فێری ئەم ئیشە بووین، براکهم (حاجی سۆران) ماوهی ٢٨ ساڵه دهڵهمه دهفرۆشێت، لهئێستادا منو برا بچوکهکهشم سهرقاڵی ئهم ئیشهینو ئێواران لهشهقامی مهولهوی نزیکهی 5 سینی دهڵهمه دهفرۆشم".
دەڵەمە خواردنێکی بەتامی کوردەوارییەو لەساڵانی زوودا بەشیری مەڕو شیری دار هەنجیر لەبەهاراندا لەگوندەکان دروست دەکرا، کامەران سەبارەت بەچۆنیەتی دروستکردنی دەڵەمە، وتی "دەڵەمە لهشیری بێ چهوریو بێ شهکر دروست دهکرێت، کە شیرەکە نەزۆر شل بێتو نەزۆر توند بێتو لەبەر کەم کوڵاندنی ترش نەبووبێو کەمێک مەیی بێ، شیرەکە کە گەرم دەبێت پێش ئەوەی هەڵچێت دایدەگریت، هاوکات جەلاتین لەناو ئاوێکدا نەگەرم بێتو نەسارد دەیگریتەوەو دەخەیتە ناو شیرەکەو خاوی دەکەیتەوە بەهێواشیو پاشان دەکرێتە قاڵبەوە، وازی لێدەهێنیت تا سارد دەبێتەوەو دۆشاوی ترێ یان خورمای دەکرێت بەسەردا دەخورێت".
کامەران محەمەد. دەڵەمەفرۆش
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.