جەمیل بایك: دوای سوریا نۆرەی عێراقە
  2025-01-01       1378       

ئا: ئاوێنە

 

جەمیل بایك، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە پێی وایە عێراق زۆترین كاریگەری دۆخی نوێی سوریای لەسەرەو پێشبینی دەكات لەدوای سوریا نۆرەی عێراق بێت و جەختیش دەكاتەوە كە پەیوەندی دانانی عێراق لەگەڵ توركیا، هیچ سودێك بە بەغدا ناگەیەنێت. دەشڵێت، پارتی و بارزانی بەهۆی هاوكارییانەوە لەگەڵ توركیا، باشوری كوردستانیان روبەڕوی مەترسییەكی گەورە كردۆتەوە.

 

جەمیل بایك، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای پەكەكە، وتویەتی، عێراق یەکێکە لەو شوێنانەی زۆرترین کاریگەری بەرکەوتوە بەهۆی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم ڕوەوە دەتوانین بڵێین ئەو دەوڵەتەی کە زۆرترین کاریگەری ڕەوشی نوێی سوریای لەسەر بوە، عێراقە.

وتوشیەتی"ئێران لەمێژە بوەتە ئامانج لە چوارچێوەی پلانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل. پلانەکە وایە بە شکاندنی هێزی ئێران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوبارە دیزاین بکەنەوە. لە هێرشەکانی سەر حەماسەوە تا ڕوخاندنی ڕژێمی سوریا، ئامانجی سەرەکی هەمو هێرشەکان ئێرانە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"سەرەتا لە غەززە، پاشان لوبنان، ئێستا لە سوریا هێزی ئێران شکێنرا. بە ڕەچاوکردنی هێزو کاریگەریی ئێران لەسەر عێراق، دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە پاش سوریا نۆرەی عێراقە. ئەم گریمانەیە زۆر رێی تێدەچێت. لەم ڕوەوە، ڕەوش و ئایندە عێراق تەواو ناڕونە."

بەبڕوای جەمیل بایك "كێشەکانی عێراق هێشتا بونیان ماوە و بەتەواوەتی چارەسەر نەکراون. ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا ڕوخێندرا، بەڵام مۆدێلێک پێش نەخرا کە بەشێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەری کێشەکان بکات. دەستورێکی بنەڕەتی ئامادە نەکرا کە بەتەواوەتی کێشەکان چارەسەر بکات. ناوچەکانی موسڵ و کەرکوک لە دەستوری بنەڕەتیدا وەک هەرێمە کێشە لەسەرەکان هێڵدرانەوە. هەوڵدرا چارەسەرەکان تەنیا لە چوارچێوەی عێراقدا پێشبخرێن، بەڵام بینرا ئەمە سەرنەکەوت. چونکە چارەسەرێک پێشنەخرا کە هەمو هەرێمەکان لە خۆ بگرێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"تورکیا و ئێران سودیان لەمە وەرگرت. ئێران لە ڕێگەی شیعەکانەوە، دەوڵەتی تورکیش لە ڕێگەی پارتی و سونەکانەوە هەوڵیدا کاریگەری لەسەر عێراق دابنێت. لە ئێستادا وا دەردەکەوێت پەند لەمەوە وەرگیراوە و نزیکایەتی هەرێمی بە بنەما گیراوە. لەسەر ئەم بنەمایە چاوەڕوان دەکرێت کە لە بەرانبەر عێراق نزیکایەتییەک پێشبخرێت و کاریگەرییەکانی ئێران بشکێنرێت. گەر چارەسەرێكی لەم شێوەیە دروستببێت، دیسان هاوسەنگییەکان لە عێراق بگۆڕن، ڕەنگە دابەشبونی عێراقیش بکەوێتەوە ڕۆژڤەوە. لەم ڕوەوە مومکین نییە کە کاردانەوەی ئێران لەسەر ئەمە وەک ئەوەی سوریا بێت. لەبەرئەوەی عێراق لەم ڕوەوە بۆ ئێران وەک کۆتا قەڵایەتی لە دەرەوە. جگە لەمەش ڕاستەوخۆ شەڕ دەربازی ئێران دەبێت. لەم بوارەدا ڕەنگە کاردانەوەی توندی ئێران هەبێت. ئەمەش گریمانەی دابەشبونی ئێران زیاد دەکات."

جەمیل بایك دەربارەی ڕێککەتنامەکانی نێوان تورکیا و عێراق وتویەتی"دەبێت عێراق پەند لە دۆخی سوریا وەرگرێت. بە هاوکاری ئەردۆغان ڕژێمی بەشار ئەسەد هەڵوەشێندرایەوە. لە ئێستاشدا دەیەوێت ئیدارەی دیمەشق وەک ولایەتێکی خۆی بەڕێوەبەرێت. کاتێک بەیانی بڕیارێکی لەم شێوەیە بەرانبەر عێراق بدرێت، دەتوانرێت لێرەش دەوڵەتی تورک بەشدار ببێت. بە هاوکاری ئەردۆغان عێراق دابەش بکەن، یان بیخەنە دۆخێکی هاوشێوەی دیمەشقەوە. لەم دۆخێکی وادا ئەو ئیدارەیەی لە بەغدا هەیە لە ویلایەتێک زیاتر هیچ هێز و دەسەڵاتێکی نییە. بەڕاستی سەیرە ئەم بابەتە لە لایەن عێراقییەکانەوە نابیندرێت. تێناگەین لەوەی عێراقییەکان ئەمە نابینن یان دەیبینن بەڵام ناتوانن کاریگەی لەسەر سودانی دابنێن. پەیوەندی دانانی لەگەڵ تورکیادا هیچ سودێک ناگەیەنێت بە عێراق. بە پێچەوانەوە ئەم پەیوەندییە مەترسییەکی گەورەیە بۆ عێراق."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەمیل بایك ئاماژەی بەوەداوە كە "پارتی و بارزانی بەتەواوەتی چارەنوسی خۆیان بە دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەوە بەستوەتەوە. بەگوێرەی ئامانج و پلانەکانی دەوڵەتی تورک دەجوڵێتەوە، نەک بە گوێرەی خواست و ئایندەی گەلی کورد. هەمو ئامانجەکانی قازانجی ئابورییە. جگە لەمە هیچ بیرکردنەوەیەکی دیکەی نییە. پەدەکە و بارزانی بە تەواوەتی لەسەر بناغەی هاوکاریدان. بە هۆی ئەم هاوکارییانەوە باشوری کوردستان دوچاری مەترسییەکی گەورە بوەتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×