ئا: ئاوێنە
سەرچاوەکان وردەکاری کۆبونەوەکەی نێوان ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی ئیدارەی نوێی سوریا‌و شاندێكی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) باڵی سەربازیی ئیدارەی خۆسەری کورد له‌سوریا به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌زڵوم كۆبانێ ئاشكرا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، مەزڵوم كۆبانێ و ئەحمەد شه‌رع لە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لەژێر چاودێری ئەمریکادا یەکتریان بینیوە، شانده‌كه‌ی ڕۆژئاڤا به‌هه‌لیكۆپته‌رێكی ئه‌مریكا چونه‌ته شوێنی كۆبونه‌وه‌كه.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە زاری سەرچاوە تایبەتەکانەوە بڵاویکردەوە، "سەرکردەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکییەوە چونەتە فڕۆکەخانەی سەربازی زه‌میر بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەک لەگەڵ ئەحمەد شه‌رع و سەرکردەکانی ئیدارەی گشتی سوریا".
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە لەندەنە، ڕایگه‌یاندوه، "مەزلوم كۆبانێ، فه‌رماندی گشتی هه‌سه‌ده و ئەحمەد شه‌رع لە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لەژێر چاودێری ئەمریکادا یەکتریان بینیوە".
گواسته‌وه‌ی شاندێکی هێزی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده)ی له رێگه‌ی هه‌لیکۆپتەرێکی ئەمریکییه‌وه بۆ فڕۆکەخانەی سه‌ربازی زه‌میر، ئاماژەیە بۆ خواستی واشنتن بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە نێوان لایەنەکانی سوریادا.
ماڵپه‌ڕی "القدس العربی" له‌زاری سەرچاوە ئەمنییەکان ڕاگەیاندوە، یەکەمین کۆبونەوەی نێوان هەردولا بناغەکانی گفتوگۆی داناوە، بەو پێیەی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) نەرمی نیشانداوه بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا دوای ئەوەی گه‌یشتوه‌ته بڕوایه‌ك "ناچاره" مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی دیمه‌شق بكات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، "لە کۆبونەوەكه‌دا هێزه‌كانی سوریای دیموكرات پێشنیاری جێگیركردنی هێزەکانی لەژێر ناوی فەیلەقێکی دیاریکراو لەناو سوپای نوێ‌دا کردوە، هەروەها داوای دیاریکردنی پشك و ڕێژەی خۆی لەو سەرچاوانەی داهات كردوه کە له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدایه بەتایبەتی نەوت".
به‌گوێری ڕاپۆرته‌كه‌ی القدس العربی، "ئیدارەی گشتی سوریا کاردەکات بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر، بۆ ئەوەی هەمو لایەنەکان ئاگاداربکاتەوە کە دەتوانرێت لە سوریا كێشه‌كان چارەسەر بکرێت، هەروەها بگاتە رێگه‌چایه‌ك له باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا لەسەر بنەمای ڕێسا بنەڕەتییەکان، کە نابێت هیچ دابەشبونێک لە دەوڵەتدا هەبێت ته‌نانه‌ت به فیدڕاڵییشەوە".
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، ئیدارەی خۆسەر دەستپێشخەری خۆی پێشکەش بە فەرماندەیی گشتی نوێ لە دیمەشق کردوه بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ، بە مەبەستی بنیاتنانی سوریایەکی نوێ، ئیدارەی خۆسەر و باڵی سه‌ربازیه‌كه كه "هەسەدە"یه له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردودا له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌ی ته‌حریر شام گفتوگۆ و ڕاوێژی ڕاسته‌وخۆیان هه‌بوه و لەو ماوەیەدا باسیان لە بناغەکان کردوە هاوکاری لە فایلە ئەمنییەکانی پەیوەست بە توخمەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ده‌كه‌ن.
بەدر مەلا ڕەشید، توێژەری پسپۆڕ لە کاروباری کورد باسی له‌وه‌كردوه، "ڕێبازی ئیدارەی خۆسەر لەسەر بنەمای پێکدادان لەگەڵ هه‌یئه‌ی ته‌حریر شام نییە و ئەو ڕێبازە ئەمڕۆ نوێ نییە، بەڵکو زیاترە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، کاتێک هه‌یئه‌ی ته‌حریر شام لە ئیدلب بو".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، چارەسەرەکان لە ماوەی داهاتودا خێرا نابن بەهۆی بونی زۆرێک لە لایەنەکان کە دەستوەردان لە سوریا دەکەن، یان چاوەڕێی ئەوە دەکەن دەستوەردانی تێدا بکەن بە پشتبەستن بە داتاکانی قۆناغی داهاتو.
ئه‌و توێژه‌ره ده‌ڵێت، "هەندێک لایەن چاوەڕێی ئەوەن کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەست بە کارەکانی بکات بۆ ده‌ستپێكردنی هەنگاوەکانی له‌باره‌ی ڕۆژهەڵاتی فورات و لە هەمان کاتدا هەندێک وڵاتی عەرەبی چاوەڕێی ئه‌وه‌ن بزانن له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونی ئێداره‌ی نوێی واشنتن چی ڕووەدات لە سوریا؟، به‌ڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمریکا، ئیسرائیل، فڕەنسا، میسر و ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی ڕۆڵی له سوریا هه‌یه و ئێرانیش به‌شێوازی جیاواز دەستێوەردانی هەیە".
هه‌سه‌ده کە هاوپەیمانی نێوان هێزە کوردییەکان و عەرەبییەکانە و لەلایەن ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕوبه‌رێكی فراوانی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریای له‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه.