6 روداوی گرنگی کوردستان کە "قاسمی سلێمانی" رۆڵی یەکلاکەرەوەی تێدا بینی
  2025-01-03       4037       
قاسمی سلێمانی

ئا: ئاوێنە


ئەمڕۆ 5 ساڵ بەسەر کوژرانی قاسمی سلێمانی تێدەپەڕێت لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە، قاسمی سلێمانی بەناوبانگترین فەرماندەی سەربازیی‌ ئێران بوو، فەرماندەیەکی مەیدانی کاراو کاریگەر کە توانی هێزی قودسی سوپای پاسداران بکات بەهێزێكی سەربازیی باڵادەست بەسەر بەشێكی فراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو لەدوای روخانی رژێمی سەدامەوە کاریگەری لەسەر رووداوە گەورەو گرنگەکانی کوردستان هەبووە.


سەركردە دیارەكانی كوردستان لەدوای راپەڕینەوە قاسمی سلێمانییان ناسیوەو پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ هەبوە، بەتایبەتی "جەلال تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی".

نوێنەری‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەتاران "نازم دەباغ"، كە له‌سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوەوە بووەتە نوێنەری‌ تاڵەبانی‌‌و یەكێتی لەتاران‌‌و قاسمی سلێمانی لەنزیکەوە ناسیوە، لەگفتوگۆیەکی پێشتریدا لەگەڵ ئاوێنە، دەڵێت "ئێمەو کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان هەر كاتێك لەئێران گرفتێكمان هاتبێتە رێ‌‌و ویستبێتمان چاومان بەوەزیرێك یان سەرۆك كۆماری‌ ئێران بكەوێت، تەنها لەڕێگەی‌ ئەوەوە توانیویمانە خێرا بگەینە ئامانج".

قاسمی سلێمانی لەچەند ساتەوەختی گرنگدا لەكوردستان بوەو رۆڵی هەبوە لەدیاریكردنی ئاڕاستەی روداوەكانی هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی پاش نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، رۆڵێكی گرنگی لەتەرتیب كردنەوەی دۆسیە ئاڵۆزەكانی كوردستاندا بینیوە‌و حاجی قاسم بەهێزترین پیاو بوە لەعێراقداو هیچ بڕیارێك بەبێ‌ رەزامەندی‌ ئەو نەدراوە.

6 روداوی گرنگی کوردستان هەن کە "قاسمی سلێمانی" رۆڵی یەکلاکەرەوەی تیا بینی:

 

1/ رێككەوتنامەی ستراتیجی یەکێتی‌و پارتی خستەوە کار

لەدیارترین ئەو روداوانەی لەكوردستان جێ‌ پەنجەی قاسمی سلێمانی پێوە دیارە، ساڵی 2012‌و 2013، كە تاڵبانی نەخۆشکەوت‌و سەركردایەتی یەكێتی لەمشتومڕی ئەوەدا بون هەڵوێستێكی تەواو سەربەخۆیان لەپارتی هەبێت‌و رێككەوتننامەی ستراتیجی هەڵوەشێننەوەو ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی بۆ 2 ساڵی تر درێژ نەكەنەوە، لەسەر خواستی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران رێككەوتنە ستراتیجیەكەی نێوانیان خستەوە كار‌و جارێكیتر بارزانییان هەڵبژاردەوە بەسەرۆكی هەرێم‌و دوای هەڵبژاردنەكانیش پێكەوە درێژەیان بەحوكمی كوردستان دا.

 

2/  2 ساڵ ماوەی سەرۆکایەتی بۆ بارزانی درێژ کردەوە

كە تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشییەوە لەشانۆی سیاسی یەكێتی‌و هەرێمی كوردستان‌و دەوڵەتی عێراقدا دور كەوتەوە، حكومەتی مالیكی توشی كێشە ببو لەگەڵ سوننەو پارتی‌و شۆڕشی سوریاش لەهەڵکشاندا بو، ئەم پێشهاتانە خەریکبوو هەژمونی ئێرانی لەكوردستان بەرەو كزی‌و هەژمونی توركی بەرەو بەهێزی دەبرد. ئێران هەوڵیدا رێ‌ لەمە بگرێ‌. قاسمی سلێمانی چەند جارێك بەنهێنی‌و ئاشكرا سەردانی بەغداو كوردستانی كردو لەگەڵ گەورە بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی كۆبۆوەو چەند رێنماییەكی دانێ‌: هەر لەم چوارچێوەیەشدا پارتی رێنماییەكانی قاسمی سولەیمانی بەهەند وەرگرت‌و كەوتە جێبەجێكردنی: هەردو مەكتەبی سیاسی چەندین كۆبونەوەی هاوبەشی ئاشكراو نهێنی، كراوەو داخراو، فراوان‌و بچوكیان ئەنجامدا. سەرەنجام گەیشتنە ئەوەی كە رێككەوتنە ستراتیجیەكەی نێوانیان بخەنەوە كار، جارێكیتر ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی بۆ 2 ساڵی تر درێژ بكەنەوەو دوای هەڵبژاردنەكانیش هەردوكیان پێكەوە حكومەت پێكبهێنن‌و وەك رابردوو درێژە بەحوكمی كوردستان بدەن.

 

3/ نەیهێشت هەولێر بکەوێتە دەستی داعش

روداوێكی دیكە رۆڵی قاسمی سلێمانی بو لەوەی رێگە بەداعش نەدات هەولێر بگرێت لەساڵی 2014دا، ، قاسمی سلێمانی دوای گرتنی مەخمور لەلایەن داعشەوە، خێرا ها‌تە سەر خەت‌و سنورێكی بۆ پێشڕەویەكانی داعش روه‌و هه‌ولێر داناو یەکێک لەو کاراکتەرانەی رۆڵی کارایان لەوەدا بینی هەولێر نەکەوێتە دەست داعش. قاسمی سلێمانی له‌شه‌ڕه‌کانی ئامرلی‌و قه‌ره‌ته‌په‌شدا شانبەشانی حەشدی شەعبی‌و پێشمه‌رگه‌ رۆڵێكی دیاری هەبوو‌.

 

4/ دەستوەردانی لەئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کوردستان‌و عێراق کرد

روداوێكی پڕ لەمشتومڕی دیكە، دەستوەردانی قاسمی سلێمانی بوە لەئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. بەشی فارسی "بی بی سی" لەڕاپۆرتێكیدا قاسمی سلێمانی بەئەندازیاری هەڵبژاردنەكانی كوردستان‌و عێراقیش ناوبرد (لەبەرژەوەندی یەکێتی).

 

5/ دەستوەردانی لەکێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی کرد لەبەرژەوەندی ماڵی تاڵەبانی

بی بی سی ئاماژەی بەوەش کرد كە دوای ئەوەی لەغیابی تاڵەبانیدا یەكێتی تووشی ململانێ‌و قەیرانی ناوخۆیی بۆوە، كار گەیشتە ئەوەی قاسمی سلێمانی راستەوخۆ دەستوەربداتە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیشەوەو ململانییەکە لەبەرژەوەندی ماڵی تاڵەبانی یەکلایی بکاتەوە.

 

6/ شکستی بەپرۆسەی ریفراندۆم هێنا

یەكێك لەروداوە گرنگەكانی دیكە كە قاسمی سلێمانی رۆڵی یەكلاكەرەوەی تیا بینی، "ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان" بو، ئێران زۆر راشكاوانە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەریفراندۆم راگەیاند كە دژایەتی‌و رەتكردنەوەی بو بەهەمو جۆرێك. بۆ ئەو مەبەستە قاسمی سلێمانی چەند رۆژێكی كەم بەر لەئەنجامدانی ریفراندۆمەكە لەگەڵ بارزانی كۆبۆوە، بەڵام كە بارزانی رازی نەبو بەدواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە، قاسمی سلێمانی زۆر بەئاسانی توانی لەڕێگەی هێرشی حەشدی شەعبییەوە لە16ی ئەكتۆبەری 2017دا كەركوك‌و نیوەی خاكی كوردستان لەبندەستی هێزی پێشمەرگە دەربهێنێت‌و شكست بەپرۆسەی ریفراندۆم بهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×