ئا: ئاوێنە
رۆژنامەیەکی تورکی باس لەئەگەری گواستنەوەی ئۆجەلان لەزیندانەوە بۆ دەستبەسەرکردنی لەماڵەوە دەکات، محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دەنگۆیە بۆ ئەوەیە خەڵک باوەڕ بکات پڕۆسەی ئاشتی هەیە وەکو رێکلامێکە، ئەو دەڵێت "ئۆجەلان ٢٥ ساڵی زیندانی خۆی تەواو کردووە، تورکیا دەڵێت؛ چاوەڕوانی رەزامەندی پەرلەمانین بۆ ئازادکردنی".
ماوەی چەند رۆژێکە رۆژنامەى یەنیچاخ لە هەواڵیکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاندووە "رەنگە سزای زیندانیکردن لەماڵەوە بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان بێتەئاراوەو چیتر تەواوی ژیانی لەئیمراڵی بەسەرنەبات".
لەوبارەیەوە محمەد ئەمین پێنجوێنی، نوسەرو سیاسەتمەداری کورد لەلێدوانێکی تایبەتدا بەئاوێنە دەڵێت "ئەم بابەتە کۆنە، کاتی خۆشی مام جەلال پشنیاریکرد لەکاتی پڕۆسەی ئاشتی ساڵەکانی ٢٠١٠ تاوەکو ٢٠١٥ بوو، بەڵام ئەوکاتە حکومەتی تورکیا رەتیانکردەوەو وتیان؛ شتی وانابێت و یاسا رێگا نادات".
وتیشی "ئێستا لەم چون و سەردانەیان ئەم داواکارییە بڵاوبوەتەوە دەم پارتی و برادەرەکانی خۆیان داوا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی ئەم پڕۆسەی ئاشتییە کە دەوڵەتی تورکیا پێشنیاری کردووە و ببێت بە راستی وەکو ماندێلا، هەتا مام جەلال ناوی نابوو (پڕۆسەی ماندێلا)، تاوەکو ئۆجەلان لەشوێنێکدا بژی خەڵک بتوانێت سەردانی بکات رۆژانە رایبگەیەنن کە دانوستاندنێک هەیە لەنێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکدا".
ناوبراو زیاتری وت "ئەحمەد داودئۆغلو لەلێدوانێکیدا دەڵێت؛ بابەتی دەرچوونی عەبدوڵا ئۆجەلان لەزیندانی ئیمرالی بۆ ماڵێک لەئەستەنبوڵ ئەم بابەتە لەئارادایە، هەواڵەکە بەوجۆرەیە هاتووە کە پێیدەڵێن (ئیقامەی جەبری)، بەڵام ئایا ئەمە دەبێت بەکرداری؟ یاخود هەر قسەیە منیش لەوە زیاتر ناتوانم بڵێم".
هەر پەیوەند بەو بابەتەوە، ئەو نوسەرە ئاشکراشیکرد "چونکە ئێستا تورکیا لێدوانەکانیان زۆرنو ئەوان هەر ئاگاشیان لێی نییە. بۆیە ئەو قسەیەش پێدەچێت بۆ ئەوە بێت خەڵک باوەڕ بکات پڕۆسەی ئاشتی هەیە وەکو رێکلامێکە بۆ کارەکەی خۆیان، ئەگەر واشبێت کەواتە دەوڵەتی تورک راست دەکەن لەبابەتی ئاشتی لەگەڵ کورددا".
سەبارەت بەوەی تا چەند عەبدوڵا ئۆجەلان سازشی ترسناک دەکات بۆ ئازادکردنی خۆی؟ محەمەد ئەمین پێنجوێنی رایگەیاند "ئەو گەر بیویستایە سازش بکات زوو دەیکرد ئێستا وا ٢٥ ساڵە لەزیندانە، تازە بەنیازی چیە سازش بکات، دووەم لەیاسای سزادانی یەکێتی ئەوروپا ئەو وڵاتانەی لەسێدارەدانی تێدا نییە لەباتی ئەوە دەیکەن بەزیندانی ئەبەدی تورکیاش ئەو پڕۆژەیەی واژۆ کردووە کە بەپێی ئەو یاسایە دوای ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵ لەزیندان ئەو دێتە دەرەوە بەوەش هیچ سزایەکی لەسەر نەماوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا دەڵێت؛ راستە ئەو یاسایەمان واژۆ کردووە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، بەڵام پەرلەمان بڕیاری لەسەر نەداوە، ئەگەر پەرلەمانی ئەوان ئەو یاسای پەسەندکرد راستەوخۆ عەبدوڵا ئۆجەلان دێتە دەرەوە".
بەوتەی ئەو نوسەرو سیاستەمەدارە "دەکرێت لەپەرلەمان ئەم بابەتە هەبێت بۆیە داودئۆغڵۆ دەڵێت؛ ئازادکردنەکەی لەئارادایە! دەبێت پەرلەمان رێککەوتن بکات لەسەر ئەو یاسایە، بەوەش نەک عەبدوڵا ئۆجەلان ئیجبار بکرێت بچێتە ماڵێکەوەو زیندانی بکرێت، بەڵکو ئازاد دەبێت لەماڵی خۆی".