لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی كۆمپانیای "كۆڕەك تلیكۆم"ی راگەیاند و دەڵێت، كۆمپانیاكە نزیكەی 1.3 ملیار دۆلار قەرزاری حكومەتی عێراقە.
ئاوێنە: لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، هەوڵەكانمان سەركەوتوبون بۆ راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم.
ئەوەشی خستۆتەڕو، كۆمپانیای كۆڕەك پێشتر سزادراوە بە پچڕاندنی خزمەتگوزاریی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكەی پەیوەندی، بەهۆی ئەوەی كە نزیكەی 1.3 ملیار دۆلار لە شایستەی دارایی حكومەتی عێراق لەسەر شانیەتی و نەیداوە.
لیژنە پەرلەمانییەكە ستایشی رۆڵی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردوە كە فەرمانی داوە بۆ ئەوەی دۆسیەی كۆڕەك تلیكۆم بەخێرایی یەكلابكرێتەوە و هەروەها بەردەوام پشتیوانی لە راپۆرتەكانی لیژنەكەیان كردوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، زیاد جەنابی، سەرۆكی لیژنەكە جەختی كردۆتەوە كە بەردەوام دەبن لە لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران و ئەوانەی سامانی گشتی وڵات دەدەزن و پەرۆشن بۆ راگرتنی بە هەدەردانی پارەی دەوڵەت.