عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، هاوڕێیەكی كە لە خۆپیشاندانەكەی دوێنێی مامۆستایان و فەرمانبەراندا لەگەڵی بوە، ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە بانگكراوەو تاوەكو ئێستا چارەنوسی نادیارە.
ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، ئەمشەو دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، هاوڕێیەکی من بەناوی (ئادەم عوسمان)، كە دوێنێ كاتێك لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆپیشاندەردا بوین، هاوڕێم بوە، ئەم ئێوارەیە لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە بانگکراوەو تاوەکو ئێستا چارەنوسی نادیارەو تەلەفونەکانی داخراوە.
بڕیاردەری رەوتی هەوڵوێست وتوشیەتی، سەلامەتی هاوڕێكەم لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشی هەولێرە.
عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشداوە، کاک ئادەم پێشتر وەک میلاک بەناوی پاسەوان هاوکاری من بوە، سەرجەم پاسەوانەکانیان لێوەرگرتمەوە، ئێستا ئەو کاتانەی دەوامی نییە وەک هاوڕێ هەندێک کات لەگەڵ من دەبێت و هاوکارم دەبێت.
ئەو قسانەی عەلی حەمەساڵح پاش چەند خولەكێك لە راگەیەندراوێكی پۆلیسی هەولێر دێن، كە تێیدا هاتوە "دوای ئەوەی چەند لایەنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵی شێواندنی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان دا، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر گەیشتە هەندێک دەرئەنجام و هەندێک لەو کەسانە وەکو ئامڕازی برەوپێدانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایە دەستنیشان کران، یەکێکیان دەستگیر کراو لە کاتێکی نزیکدا وردەکاریی زیاتر بۆ رای گشتی دەخرێتەڕو."