نێچيرڤان بارزانى: داكۆكى له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد و پێكهاته‌كان له‌ سوريا ده‌كەین
  2025-02-14       373       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، رایگەیاند، داكۆكى له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان و به‌شداريى كارايان له‌ بنياتنانى داهاتوى سوريادا دەكەن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، له‌ به‌رده‌واميى ديدار و كۆبونه‌وه‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئه‌لخلێفى، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر، كۆبوه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و سوريا به‌تايبه‌تى.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هه‌ردولا پشتگيرييان بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ سوريا دوپات كرده‌وه‌ و پرسى كورد و پێكهاته‌كانیان له‌ سورياى تازه‌دا، خستە بەر باس. له‌مباره‌يه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى وتی، داكۆكى له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان و به‌شداريى كارايان له‌ بنياتنانى داهاتوى سوريا دەكەین.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ بو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×