"ئێمە حەوت خوشکین، ھەموومان کەوتینە دەست چەکدارانی داعش"
  2025-02-18       1487       
تا دایکم‌و براکەم رزگار نەکرێت، ھیچ خوشی لەژیان نابینم

 ئا: عەمار عەزیز 

 

زیاتر لە ١٠ ساڵ تێپەری بەسەر ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال، ھێشتا نزیکەی ٢ ھەزارو ٥٠٠ رفێنراوی ئێزیدی چارەنوسیان نادیارە، ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسانی عێراق‌و ھەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان بەردەوامن لەرزگارکردنی رفێنراوان، بەڵام کەسوکاری رفێنراوان دەڵێن "هەوڵی بەرپرسانی عێراق‌و هەرێم هەر قسەیە، ھەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی رفێنراوان لەئاستی پێویستدا نییە".

 

ملوکە خدر، رزگاربوویەکی دەستی داعشە، دایک‌و برایەکی چارەنوسسیان نادیارەو پێیانوایە هێشتا لەژێردەستی داعشدان، بەئاوێنەی وت "ئێمە حەوت خوشکین، ھەموومان کەوتینە دەست چەکدارانی داعش، بەڵام دوای چەند ساڵێک ھەموومان رزگاربووین، باوک‌و سێ برام بەدەستی چەکدارانی داعش کوژران، تا ئێستا چارەنوسی دایکم‌و برایەکەم دیار نیە، شوێن نەماوە کە پرسیارمان نەکردبێت، بەڵام ھیچ شتێکی دڵخۆشکەرمان بەدەست نەگەیشتووە".

ملوکە لەئەیلولی ٢٠١٨ رزگار بووە، سەڕەرای ئەوەی کە مانگانە حکومەتی عیراق مووچەیەکی بۆ دابین کردوە بەڵام ئەو توڕەو نیگەرانە لەبەرپرسان، داواش دەکات پەلە بکرێت لەرزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی، ئەو وتی "چ خوا قبوڵ دەکات ئەوە دەبێتە ١١ ساڵ ھێشتا ھەر چاوەرێی رزگارکردنی کەسوکاری خۆمان دەکەین؟ لەھەر دانیشتن‌و کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی عێراق‌و ھەرێمی کوردستان داوامان کردوە رفێنراوەکانمان رزگار بکەن، بەڵام ھێشتا زیاتر لەدوو ھەزار رفێنراو ماون‌و کەس سۆراغیان نازانێت".

وتیشی "چەند ساڵێک پێش ئێستا بیرم دێت مانگانە چەند کەسێک رزگار دەکران، بەڵام بەمدواییە بەتایبەت لەدوای ٢٠٢٤وە پرۆسەکە زۆر ھێواشە، لەساڵێکدا ئەوانەی رزگار دەکرێن ژمارەیان ناگاتە ٢٠ کەس، ئەوەش زۆر کەمە، تا مردن دەبێت ئێمە ھەر لەچاوەروانیدا بین، تا دایکم‌و براکەم رزگار نەکرێت، ھیچ خۆشی لەژیان نابینم، بەردەوام بیرم لای ئەوانە، رزگاربوونی ئەوان ببینم، وەک ئەوە وایە کە تازە لەدایک بوبێتم".

 

چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق‌و شام ناسراو بە"داعش"، لەئابی ٢٠١٤دا دەستیانگرت بەسەر قەزای شەنگالدا، شەش ھەزارو ٤١٧ ھاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، تا ئێستا زیاتر لەسێ ھەزارو ٥٨٤ ئافرەت‌و منداڵ‌و پیاو رزگارکراون، ئەوانیتر کە نزیکەی دوو ھەزارو ٥٠٠ رفێنراون، چارەنوسیان نادیارە.

 

عیدۆ خودێدا، دانیشتووی گوندی گوھبەلە سەر بەقەزای شنگال، بەئاوێنەی وت "رزگار نەکردنی ژنان‌و کچانی ئێزیدی زیاتر لەئەستۆی حکومەتی عێراقە، ھێشتا عێراق ئامادە نەبووە دان بەجینوسایدی ئێزدییەکاندا بنێت، ئیتر چۆن بەدوای رفێنراوەکانمان دەگەڕێت، تا ئێستا نەمبینیوە سەرۆک وەزیرانێکی عێراق یان بەرپرسێکی باڵا بەجددی کار لەسەر دۆسیەی رفێنراوەکانمان بکات، تەنیا لەرۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بووە بەباو ھەندێک قسە بۆ ڕاگەیاندن دەکەن، هەر قسەن‌و نابن بەکردار، ئێمە کردارمان دەوێت نەک قسە".

ژمارەیەک لەکەسوکاری عیدۆ، قوربانی زۆریان داوە لەکاتی داعش، کوژراوو بریندارو رفێنراویان ھەبووە، ئەو وتی "لەھیچ وڵاتێکی دونیا نەبووە زیاتر لە ١٠ ساڵ تێپەرێت کەچی ھێشتا ھاوڵاتیانی وڵاتەکەت چارەنوسیان نادیار بێت، ئەمە چی پێ دەڵێن ئەو ھەموو ھێزو پارەیەیان ھەیە ناتوانن ٢ ھەزار ئێزیدی رزگار بکەن، بەڵام دیارە بۆ کە بۆ ئەوان گرنگ نیە بۆیە سەری خۆیان پێ نایەشێنن، چەند باس بکرێت سوودی نیە، بێنە بەرچاوی خوت زیاتر لە ١٠ ساڵ چاوەرێی دایکت یان باوک یان براو کوڕو خاڵ‌و ئامۆزایەکانی خۆت بکەی، دەبێت ئەوان لە چ بارودوخێکدا بژین، دەمانەوێ بزانین ماون یان نەماون؟!".


خەیری بۆزانی، بەرپرسی دۆسیەی رفێنراوانی ئێزیدی لەنوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوەکان سەر بەحکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمبارەوە بەئاوێنەی وت "ھەر لەڕۆژی کردنەوەی نوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوان ئێمە بەرێگاو شێوازو پلانی تایبەتی خۆمان بەردەوامین لەرزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی، تا یەک رفێنراو مابێت بەردەوام دەبین، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام پاڵشت‌و ھاوکارمانە بۆ رزگارکردنیان".

 لەبارەی ئەوەی ئایە پلانێک ھەیە ئەوان بەمەیدانی سەرەدانی رۆژئاوا بکەن بۆ گەڕان بەدوای رفێنراوان، بۆزانی وتی "ھیچ پلانێکی بەو شێوەیەمان نیە، ئێمە پلان‌و رێگای تایبەتی خۆمان ھەیە، ئێستاش کەیسێکمان لەبەردەستە بەم نزیکانە کەسێکی تر  رزگار دەکەین‌و دەگەڕێتەوە لای کەسوکاری خۆی، کەسوکاری رفێنراوان دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە هەرگیز کۆڵنادەین‌و بەردەوامین لەکارەکانی خۆمان".


لەبەرامبەریشدا فەرمانگەی کاروباری رزگاربووانی دەستی داعش سەر بەحکومەتی عیراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان کار لەسەر دوو تەوەری سەرەکی دەکەن: یەکەم، دابینکردنی ماف‌و شایستەکانی ئەوان وەکو پێدانی مووچەیەکی مانگانەو پارچە زەوییەک، دووەم گەڕان بەدوای رفێنراوان. 

 

شەھاب ئەحمەد، بەرپرسی لقی شنگالی فەرمانگەی کاروباری رزگاربوانی دەستی داعش سەر بەحکومەتی عێراق بەئاوێنەی وت "ھەر رفێنراوێکی ئێزیدی رزگار بکرێت ئێمە یەکەمجار دۆسیەیەکی نوێی بۆی دروست دەکەین، ئەگەر رەگەزنامەو بەڵگەنامەکانی ون کردبێت یان بەھەر ئەگەرێکی تر لای نەما بێت، جارێکی تر لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆیان دەردەھێنین، دواتر رێکارەکانی پێدانی مووچەیەکی مانگانە دەست پێدەکەین، ئینجا بۆ وەرگرتنی پارچە زەوییەک‌و شایستەکانی تر درێغی ناکەین".

وتیشی "کارێکی تری فەرمانگەکەمان ئەوەیە لەرێگای لیژنە تایبەتەکان، گەڕانی ورد دەکەین لەگەڵ جیھازی نیشتمانی عێراقی‌و دەزگا پەیوەندیدارەکانی تر بۆ رزگارکردنی رفێنراوان، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام لەسەر ھێلن بۆ رزگارکردنیان".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×