ئا: مەزهەر کەریم
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی لەچەند رۆژی رابردوودا گەیشتە هەرێمی کوردستان تا لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لەگەڵ سەرکردەکانی پارتیو یەکێتی کۆببنەوە، لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە چاوەڕوان بوون شاندەکە سەردانی هەموو لایەنەکانی بکردایە نەک هەر پارتیو یەکێتی، ئەوان دەڵێن "ئێستا ھەموو چاوەکان لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلانە، بۆ ئەوەی ئاوێک بکات بەئاگری شەڕی نێوان پەکەکەو سوپای تورکیادا کە پەنجا ساڵە بەردەوامەو قوربانی زۆری لێکەوتۆتەوە".
پارتی: کاتی کۆتایهاتنی شەڕە
رۆژی ١٥ی شوبات، شاندی پارتی یەکسانیو دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی، گەیشتە هەرێمی کوردستانو یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدا، فازیل بەشارەتی ئەندامی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەوە بەئاوێنەی ڕاگەیاند "لەم قۆناغەدا پێویستە ھێزە کوردیەکان لەھەر پارچەیەکی کوردستان یەک ھەڵوێستو یەکگرتوو بن، چونکە پرسی کورد لەباکورو رۆژئاوای کوردستان دوو بابەتی زۆر گرنگن کە وڵاتانی دوونیا چاویان لەسەریەتیو قسەی لەسەر دەکرێتو دەوڵەتە گەورەکانیش ھاتونەتە سەرخەت بەڵکو ھەر نەبێت قەوارەیەکی وەک ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت لەباکورو رۆژئاوای کوردستان دروست بکرێت".
بەشارەتی ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆسەی ئاشتی لەتورکیادا، بۆ هەرێمی کوردستانو عێراقیش جێی بایەخە، ئەو وتی "لەسەردەمی تورگۆت ئۆزاڵەوە تا ئێستا چەند جارێک پرسی ئاشتیو چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەتورکیادا هاتوەتە ئاراوە، هەمیشە لەلەلایەن سەرۆک بارزانیو نێچیرەڤان بارزانییەوە پشتیوانی لێکراوە، پێویستە مافەکانی کورد لەتورکیا دەستەبەر بکرێن، لەبەرامبەریشدا دەبێت کورد درێژە بەگفتوگۆ بداتو کاتی کۆتایهاتنی شەڕو خۆگونجاندنە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو جیهان".
گۆڕان: چاوەڕێمان دەکرد شاندەکە سەردانی سەرجەم لایەنەکانی بکردایە نەک هەر پارتیو پەکێتی
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی گۆڕان لەبارەی پرسی ئاشتی لەتورکیاو ھاتنی شاندی دەم پارتی ئیمڕاڵی بۆ ھەرێم، بەئاوێنەی وت "وەک بۆچونی سیاسی خۆمان پیشوازی لەبەرەو پێشچونی ئاشتی لەتورکیا دەکەین، پێمانوایە ئەزمونی ٤٠ ساڵی ڕابردوو ئەوەمان پێدەڵێت کێشەی کورد لەتورکیا بەئاشتی چارەسەر دەبێت، بەدرۆنو فڕۆکەو تانکو زرێپۆش چارەسەر نابێت".
وتیشی "ئێمە چاوەڕێمان دەکرد کە شاندی ئیمراڵی دەم پارتی ھاتنە کوردستان، سەردانی گۆڕانو سەرجەم لایەنەکانی دیکەش بکەن بەدەر لەپارتیو پەکێتی، چونکە پرسی ئاشتی پرسی ھەموو لایەنە کوردیەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا ھیوادارین ئەم زنجیرە کۆبوونەوانە بەخێر بۆ میللەتەکەمان بگەڕێت لەباکوری کوردستان".
یەکگرتوو: رۆڵی گەورەمان گێڕاوە لەنێوان قەندیلو تورکیادا
مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو لەبارەی بۆچونی حیزبەکەیان لەسەر پرسی ئاشتی لەتورکیا، بەئاوێنەی وت "پرسی ئاشتی لەتورکیا چەند قۆناغێکی باشی بڕیوە، ئێمە وەک یەکگرتروو پشتگیری دەکەین، ئەم گۆڕانکاریانەی ناوچەکەش دەرفەتێکە بۆ گەلی کورد لەناوچەکەدا، بۆیە پێویستە بەژیری کاری لەسەر بکرێت، پێشتر وەک یکگرتوو رۆڵی گەورەمان گێڕاوە لەپرسی ئاشتیداو لەنێوان قەندیلو تورکیادا".
وتیشی "ئێمە کە لەگەڵ تورکیا دۆستایەتیمان ھەیە، لەگەڵ برادەرانی باکورو قەندیلیش پەیوەندیمان باشە، ھەر یەکێکیان ببینین دەتوانین کارگەریمان ھەبێت، خوازیارین تورکیاو کوردی باکور بەجدی لەو مەسەلەیەدا بھێینە پێشەوە تا گەلی کورد لەباکور بەمافەکانی بگات، ئەوەی پێمان بکرێت درێخی ناکەین، لەماوەکانی پێشوودا بۆ ڕۆژئاوا قسەی جدیمان کرد لەگەڵ تورکیاو ئەو گۆڕانکاریەی ڕوویداوە لەسوریا، بەڵام ئەوەش دەکەوێتەوە سەر باکوورو تورکیا ئەوە زۆر گرنگە کە تا چەند قەندیل گوێ لەعەبدوڵا ئۆجەلان دەگرێتو ئەردۆغانو باخچەلیش تا چەند جدین لەچارەسەری کێشەی کوردو پرسی ئاشتیدا، ئەوە ھێشتا روون نیە".
کۆمەڵی دادگەری: دەترسین ئەوەی چاوەڕێی دەکەین لەپرۆسەی ئاشتی پێچەوانەکەی رووبدات!
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا، بەئاوێنەی وت "پێمانوایە کێشەی کورد لەتورکیاو سوریای نوێ، بەچەکو روبەروبونەوە چارەسەر نابێو ناکرێ، ئێستا ھەموو چاوەکان لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلانە، ھیوادارین بەڕێزیان بتوانێت ئاوێک بکات بەئاگری شەڕی نێوان پەکەکەو تورکیا کە پەنجا ساڵە بەردەوامەو قوربانی زۆری لێکەوتۆتەوە، بەبێ ئەوەی بەرھەمێکی ئەوتۆی بووبێ".
وتیشی "من بەگومانو ترسم لەو پرۆسەیە ھەیە کە ئەوەی چاوەڕێی دەکەین، پێچەوانەکەی رووبدات! ئەگەر بەڕێز ئۆجەلان لەبری چەک دانان، تەنھا داوای ئاگربەست بکات، من پێموانیە پرۆسەی ئاشتیی وەک ئەوەی دەستپێشخەریی بۆ کراوە، بڕواتە پێش، هیوادارم پەکەکە پەند لەرابردوو وەربگرێتو پەیامو پرۆژەکەی بەڕێز ئۆجەلانو دەستپێشخەرییەکەی تورکیاش بکاتە دەرفەتی گەیشتن بەمافە سیاسییەکانی کورد لەباکورو رۆژئاوا، ئێمە خۆشحاڵین کە میلەتەکەمان لەتورکیا بێ یان سوریا یان ئێران، بگاتە مافەکانی خۆی، ھەر وڵاتێک ھەنگاوێک لەگەڵ کورد بێتە پێشەوە. ئێمە دەستخۆشیی لێدەکەین" .
یەکێتی: ئەم پرۆسەیە مام جەلال دەمێکە کاری لەسەر کردووە
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەنی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەمبارەوە تەنها ئەوەی بەئاوێنە راگەیاند "پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا لەسەردەمی تۆرغۆت ئۆزالەوە، مام جەلال کاری لەسەر کردووە، ئەمە خواستو پەیامو وتەی ئێمەیە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.