غازی حەسەن - ئەمەریکا
پێش هەڵبژاردن (دۆنالد ترەمپ) ڕایگەیاند ئەگەر ئەو سەرۆک بوایە، شەڕی ئۆکرەین ڕووی نەدەدا و ئێستاش ئەگەر سەرکەوێت شەڕەکە ڕادەگرێت.
زۆر لایەن ئاماژە بەوە دەکەن، کە سەرۆکی ئەمەریکا سەرسامە بەسەرۆکی ڕوسیا. بەکردەوەش (ترەمپ) وایکرد و دوای بردنەوە و لەیەکەم ڕۆژەکانی دەست بەکاربوونی، زوو دەستی بەکرانەوە و پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیا کرد. ئەمەریکا دەستی پێکرد و ڕوسیا لەم پەیوەندیانە وەکو لایەنێکی براوە هەڵسوکەوت دەکات. جیهانیش ترسی ئەوەی هەیە جۆرێک لە ئاژاوە و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆکرەین ببێتە هۆکار و سەرەتایەکی دیکەی خراپ لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکە و بەدیهێنانی ئاشتی، ئەوروپاییەکانیش بە نیگەرانییەوە لە ئاخاوتن و لێدوان و نیەتەکانی (ترەمپ) دەڕوانن. بەتایبەتی جۆرێک لە پەراوێزخستنی ئۆکرەین لە سەرەتا و دەستپێکی پرۆسەکە بەدیکراوە.
ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاویکردەوە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ڕوسیەکەی (ڤلادیمێر بۆتین) بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرەین ئەنجام داوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە ئەوە یەکەم گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوانیان بووە. (ترەمپ) لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا چەندین جار بەڵێنی دابوو کۆتایی بە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرەین بهێنێت. کاتێک پەیامنێران لە بەرنامەی (ئایر فۆرس یەک) پرسیاریان لە (ترەمپ) کرد کە چەند جار قسەی لەگەڵ بۆتین کردووە، گوتی: “باشترە نەڵێم”. ترەمپ وتی: ئەو (بۆتین) نایەوێت چیتر مردن هەبێت”. ئاماژەی بەوەشکرد: هیوادارم ئەمە خێرا ببێت (کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت)، چونکە ڕۆژانە خەڵک دەمرن". “ئەم شەڕە لە ئۆکرەین هەیە زۆر خراپە، دەمەوێت کۆتایی بەم شتە نەفرەتییە بهێنم.”
ئەمەریکا سێ سەرکەوتن بە بۆتین دەدات
(برێندان کۆل) ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر ڕۆژی ٨ی شوباتی ٢٠٢٥ لە بابەتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەمەریکا لەچوارچێوەی ئەو هەنگاوانەی هەنووکە دەیهاوێژێت، چەند سەرکەوتنێک بەخۆڕایی پێشکەشی (بۆتین) دەکات. ئاماژە بەوە دەکات هەنگاوەکانی (دۆناڵد ترەمپ) بۆ سزادانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن کرێملینەوە پێشوازی لێکرا، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی نوێی ئەمەریکیایە سەبارەت بەم دادگایە.
بڕیاری لەم جۆرەی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا وەکو ئەوەیە، شتەکە ببێتە یاریی بەدەست (ڤلادیمێر بۆتین) و بڕیاری سزادانی ئەم دادگایە هەموو ئەو بڕیارانەش ڕادەگرێت کە دژی ڕوسیا و جێبەجێکردنی سزاکان دژی ئۆلیگارشە نزیکەکانی کرێملن دەرچووبوون. (کیس کیلۆگ) ژەنەرالی خانەنیشین و نوێنەری ترەمپ لە ئۆکرەین بەپێی زانیارییەکانی (نیویۆرک تایمز) ئاشکرای کردووە ئەمە لەپێناو هاندانی (بۆتین)ە بۆ چوونە سەر مێزی گفتوگۆیەکی کراوە بۆ ئاشتی.
دەپرسین ئایا لەم یارییە سیاسییە ئاڵۆزەدا کێ براوە دەبێت ئەمەریکا، یان ڕوسیا و کێ دەبێتە قوربانی؟. پێ دەچێت (ترەمپ) هەرچی لەبەرنامە و مێشکی دایە بەزوویی و خێرایی ئەنجامیان بدات و لەو هێز و کەسایەتییە بەهێزانەش نزیک بێتەوە، کە پێیان سەرسامە. لەکاتێکدا مەرج نییە هەرچی (ترەمپ) نەخشەی بۆ دادەرێژێت، بەتەواوی پێشوازی لێ بکرێت و هیچ لایەنێک نەبێت، بۆچوونی جیاوازییان هەبێت، یان سیاسەت و داواکانی ڕەت بکەنەوە. بینیمان میسر و ئوردن ئەوەیان ڕەتکردەوە دانیشتوانی غەزە بۆ وڵاتەکانیان بگوازرێنەوە.
بۆچی گرنگە
دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرەین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ (بۆتین) دەرکرد و تۆمەتباری کرد بە تاوانی جەنگ. بۆیە بەم هەنگاوەی کە بریتییە لەلادانی سزاکان دژی سەرۆکی ڕوسیا ئیدارەی (ترەمپ) فشارەکانی سەر (بۆتین) کەم دەکاتەوە و بانگەشەکارانی کرێملین پێشوازییان لەو قسە و بڕیارانە کردووە، کە لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکاوە دەرچوون. ئەمەش لەکاتێکدایە قسە و باسی ئەوە لەگۆڕێیە، ئەم هەنگاوانە ڕەنگە پتر لەهەموو لایەنەکانی دیکە سوودی بۆ مۆسکۆ هەبێت.
گرنگە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و کۆتایی جەنگی ئۆکرەین، هەندێک گۆڕانکاریی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا، ئەوروپا و ڕوسیا، کە ڕوودەدات قبووڵ بکات، بەڵام مەرج نییە هەموو هەنگاوەکان لە دیماهیدا ئەو نەخشە و بەرنامەیە بەدی بهێنێت، کە لە خەیاڵ و ئەندێشەی وڵاتەکاندا هەیە. ئەمە بێگومان بۆ ڕوسیا گرنگە، چونکە سزاکانی لەسەر نامێنێت، دیار نییە گرنگی نەمانی ئەم جەنگە بۆ ئەمەریکا چییە؟ ئەوەی قسەی لێ دەکرێت تەنیا ڕاگرتنی ملیارەها دۆلارە، کە وەکو پاڵپشتی و هاوکاری پێشکەشی ئۆکرەین دەکرا و وەرگرتنەوەی ئەم پارانەش لەڕێگەی بەرهەمهێنانی کانزاکان لەم وڵاتەدا، چونکە ئیدارەی نوێ تەنیا قسە لەسەر هاوکارییە داراییەکان دەکات، نەک ستراتیژی جەنگەکە و ئاکام و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و هەڵوێستیان بەرانبەر ئەوروپا.
پەیوەندییەکان لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە
ئاژانسی هەواڵی ڕوسی تاس، لە ناوەڕاستی شوباتی ٢٠٢٥ لە زاری (دیمیتری پێسکۆڤ) وتەبێژی کرێملینەوە ڕایگەیاندووە لەبارەی ئەو زانیاریانەی لەبارەی گفتوگۆی نێوان هەردوو لا هەیە "نە دەتوانێت ئەوە پشتڕاست بکاتەوە و نە ڕەتی بکاتەوە". لە وەڵامی داواکارییەکی تاس بۆ لێدوانی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردووەتەوە، (پێسکۆڤ) گوتی: “پەیوەندییەکی زۆر ڕوودەدەن، ئەو پەیوەندییانە لە ڕێگەی کەناڵی جیاوازەوە ڕوودەدەن و ڕەنگە من وەکو خۆم هیچ شتێک نەزانم، یان ئاگاداریان نەبم، هەر بۆیە لەو حاڵەتەدا ناتوانم ئینکاری بکەم یان پشتڕاستی بکەمەوە”. (ترامپ) خۆی بە زاتی خۆی هەر زوو ڕایگەیاند تیمەکەی "گفتوگۆیەکی زۆر باشیان کردووە" لەگەڵ لایەنی ڕوسی. ئەو نەیشاردەوە (بۆتین)ه "هەمیشە لە گەڵی ئەودا پەیوەندییەکی باش هەبووە"، هەروەها پلانێکی کۆنکرێتی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، بەڵام وردەکاری زیاتری ئاشکرا نەکرد. ئەو سەرەتا نەیویست هەموو شتێک ئاماژە پێ بکات و لایەنی ڕوسیش ڕاستی پەیوەندییەکان بەئاشکرا ئاماژە پێ ناکەن و خۆیان قورس کردووە و لە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکانن.
دواتر بینیمان کۆبوونەی نێوان ئەم دوو وڵاتە دوای دابڕانێکی زۆر لە سعودییە دەستی پێکرد، لەدوای کۆبوونەوەکانیش ڕوسیا پەیوەندی لە گەڵ ئێران و تورکیا کردووە، ئۆکرەین سەردانی ناوچەکە و تورکیای کرد. لێدوانی توندی (ترەمپ) دژی (زیلینسکی) بۆتە مانشێتی ڕۆژنامەکان، ئەمە نیگەرانی دروستکردووە و قسەکانیش لەکردەوەدا خزمەتی ڕوسیا دەکەن. لەناوەخۆی ئەمەریکاشدا دیموکراتەکان بێدەنگن و لێدوانی فەرمی و شیکردنەوەی ڕووداوەکانیان نییە.
دیارییەکی بەنرخ بۆ ڕوسیا
دوای ئەوەی لە کۆشکی سپی میوانداری (بنیامین ناتانیاهۆ) سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد، (ترەمپ) فەرمانی جێبەجێکردنی واژۆکرد بۆ سزادانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان و دادگاکەی تۆمەتبارکرد بە "کردەوەی ناشەرعی و بێ بنەما" دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل. بەپێی ڕۆژنامەی مۆسکۆ تایمز، کرێملن ئەمە بە "هەواڵێکی گەورە" وەسف کردووە" و دیپلۆماتکارێکی ڕوسیا ئەمەی بە "دیارییەک بۆ مۆسکۆ" داناوە.
لەکردەوەدا دیارییەکی بەنرخ و گەورەیە، (ترەمپ) پێشکەشی (بۆتین)ی دەکات، لە سیاسەتدا هیچ هەنگاوێک بێ بەرانبەر نییە، هەتا ئێستا دیار نییە ئەمەریکا لەم هەنگاو و سزادان و بێ بەهاکردنی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتییە چ سوودێک وەردەگرێت و هێرشکردنە سەر سەرۆکی ئۆکرەین و بەم شێوەیە پێناسەکردنی چەندە دەتوانێت شتەکان بەباشی بختە سەر سکەی چارەسەر. بێگومان لەم بڕیارەدا هەم (نەتەنیاهۆ) و هەمیش (بۆتین) سوودمەند بوون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو هەندێک زانیاریی و شتی ئاشکراکرد، و ئاماژەی بەوەکرد (بۆتین) کرانەوەی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ (ترەمپ) پێوەدیارە، ئەمەش پەیوەندی بەئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرەین بوو. لەهەمان گاڤدا (بۆتین) نایشارێتەوە دەستبەرداری هێچ ڕووبەرێکی گەورەی زەوی، کە پێشتر لەلایەن ڕوسیا کۆنترۆڵکراوە نابێت، واتە نایەوێت ئەو زەوییەی خستوویەتتە ژێر کۆنترۆلی خۆی لێی دەرچێت، هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە کیێڤ دەبێت دەستبەرداری بیرۆکەی بوونە ئەندام لە ناتۆ بێت و (ترەمپ)یش بە پێداگرییەوە دەبێژءت "ئۆکرەین دەبێت واز لەم بیرۆکەیە بهێنێت".
دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ (بۆتین) و (ماریا لۆڤا بیلۆڤا) کۆمیساری مافی منداڵەکانی دەرکردووە، ئەمەش لەئاکامی دیپۆرتکردنەوەی نایاسایی منداڵانی ئۆکرەین بوو. دوای فەرمانی دەستگیرکردنەکە (بۆتین) نەیتوانی گەشت بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی باڵای بریکس لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ئەفریقای باشوور بکات.
دەبێت ترەمپ نەک بۆتین سەرکەوێت
لە هەموو بوارەکان و ڕاگەیاندن و لێدوانەکاندا دەردەکەوێت ئۆکرەین ئامادەی گفتوگۆ و وەستاندنی جەنگی لە ڕوسیا لا گرنگترە و دەیەوێت بەشداری بەکردەوەی ئەم پرۆسە و هەنگاوانە بکات، کە دەبنە مایەی کۆتایی پێهێنانی جەنگ. سێشەممەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٥، (ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی) سەرۆکی ئۆکرەین ئامادەیی خۆی بۆ قسەکردن لەگەڵ (بۆتین) بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان شانبەشانی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا ڕاگەیاند. بەپێی زانیاریی نێو ڕاگەیاندنەکان سەرۆکی ئۆکرەین جەختی لەسەر گرنگی گەرەنتی ئاسایش لەلایەن ئەمەریکا لەهەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی کردۆتەوە، کە ئەمەریکا و ئەوروپا و بەریتانیا پاڵپشتی و سەرپەرشتی دەکەن. ئەمە لەڕادەبەدەر گرنگە، جا چ یەکەیەکی سەربازی بێت، یان چەک بێت، یان ئامادەبوونی دەریایی بێت، یان سیستەمی بەرگری ئاسمانی.
ئۆکرەین ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە کۆتایی هێنان بەو شەڕە سەرکەوتنێک بێت بۆ (ترەمپ) نەک (بۆتین)، سەرباری جەختکردنەوە لەبارەی پێویستی گەرەنتی ئاسایش بۆ ئەوەی بەرەو ڕێگای دیپلۆماسی هەنگاو بنێن.
دواتر چی ڕوودەدات
سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی دژی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان، ڕوون نییە کەی ئەمەریکا ناوی ئەو کەسانەی کە سزا دراون ڕادەگەیەنێت یان ئەو ئیدانە نێودەوڵەتییە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو هەنگاوە دەبێت. بەڵام لێدوانەکانی (کیلۆگ) نوێنەری ترەمپ لە ئۆکرەین ئەوە دەردەخات، کە ئیدارەی ترەمپ هێشتا بیر لە سزای زیاتر دەکاتەوە دەژی ڕوسیا بۆ جووڵاندنی پتر بەرەو کۆتایی پێهێنانی شەڕی ئۆکرەین.
http://Trump Administration Hands Putin Three Major Wins ,By Brendan Cole Senior News Reporter, Published Feb 08, 2025 , https://www.newsweek.com/trump-putin-sanctions-wins-2028230
کانزا دەگمەنەکان بە بەهای ٥٠٠ ملیار
(دۆناڵد ترەمپ) لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەی ڕاشکاوانە وەکو سەرکردەیەکی کاریزما و پراگماتیکی لە سیاسەت ڕایگەیاند ئەو بەخۆڕایی و بێ وەرگرتنی هەقی هاوکارییەکان، نایەوێت پاڵپشتی هیچ هێز و دەوڵەتێک بکات. ئێستاش ڕاشكاوانە کە قسە لەسەر هەر بابەتێک بکات و هەر هەنگاوێکی سیاسی بنێت، بیر لە خەرجی هەنگاوەکانی لەڕووی دارایی دەکاتەوە. سەرۆکی ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت: "ڕەنگە ڕۆژێک ئۆکرەین ببێتە ڕوسیا". نەیشاردەوە کە نیەت و خواستی ئەوەی هەیە بڕێکی زۆر لە کانزا دەگمەنەکانی ئۆکرەین بەدەستبهێنێت و لە بەرانبەریشدا دەبێت هاوکاریی پێشکەشی کیێڤ بکات لەپێناو وەڵامدانەوەی لەشکرکێشی ڕوسیا. (ترەمپ) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (فۆکس نیوز) گوتی: دەمەوێت پارەکەمان پارێزراو بێت، چونکە سەدان ملیار دۆلار خەرج دەکەین، ڕەنگە ئەوان (ئۆکرانییەکان) بگەنە ڕێککەوتن، یان ڕەنگە نەگەنە ڕێککەوتنیش. ئاماژەی بەوەشکرد: “ڕەنگە ڕۆژێک ئۆکرەین ببێتە ڕوسی، ڕەنگە ڕۆژێک نەبنە ڕوسی”. ئاماژەی بەوەشکرد کە داوای زەوییە دەگمەنەکانی کردووە بە بەهای ٥٠٠ ملیار دۆلار، ئەمەش بە تایبەتی لە پیشەسازی ئەلیکترۆنیدا بەکاردەهێنرێن.
پێشنیارەکەی ئۆکرەین بۆ چەکی ئەمەریکی
ئۆکرەین پێشنیاری کردووە ڕێککەوتنێک لەگەڵ (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمەریکا بکات بۆ بەردەوامبوون لە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەرانبەر پەرەپێدانی پیشەسازی کانزاکانی ئۆکرەین، کە دەتوانێت سەرچاوەیەکی بەنرخ بێت و ئەو توخمە کانزاییە سروشتییە دەگمەنانە دابین بکات، کە پێویستن بۆ چەندین جۆری تەکنەلۆژیا، ئاژانسی (ئەسۆشێتد پرێس) ئەم هەنگاو و بیرۆکە و گفتوگۆیانە پشت ڕاست دەکاتەوە (ئەندری یەرماک) سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی ئۆکرەین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی (ئەسۆشێتد پرێس) گوتی: “بەڕاستی ئێمە ئەم توانا گەورەیەمان هەیە لە ناوچەکەدا، کە ئەو شتانە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەیە، ئێمە ئارەزووی کارکردن و پەرەپێدانمان ئەم بوارەمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان هەیە، پێش هەموو شتێک لەگەڵ ئەمەریکا.”
نیویۆرک تایمز: ئاژاوە و کۆتایی شەڕی ئۆکرەین
نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات (ترەمپ) "ئاژاوەگێڕ"ە و کلیلی کۆتاییهێنانی شەڕی ئۆکرەینی نییە، پلانەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرەین چین؟ لە بابەتەکەی ئەم ڕۆژنامە ئەمەریکییەدا ئاماژە بەوە کراوە (ترەمپ) "لاوازییەکی شۆککەر"ی بەرانبەر ڕوسیا هەیە. سەرۆکی ئەمەریکا ناتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر کۆتایی بە شەڕ لە ئۆکرەین بهێنێت، هەروەها ڕەنگە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا ببێتە هۆی ناسەقامگیری جیهانیی و لاوازکردنی پێگەی ئەمەریکا لە جیهان و بەهێزکردنی نەیارەکانی. ئەمەش ڕەنگە پاڵ بە هاوپەیمانەکانییەوە بنێت ڕوو لە چەکی ئەتۆمی بکەن وەک بەدیلێک بۆ گەرەنتی ئاسایشی ئەمەریکا.
لاوازییەکی شۆککەر
بەپێی بۆچوونەکانی (نیویۆرک تایمز) ڕەخنە لەچۆنیەتی مامەڵەکانی (ترەمپ) لەگەڵ ڕوسیا دەگیرێت و بە "لاوازییەکی شۆککەر" وەسفی کرد، چونکە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ (ڤلادیمێر بۆتین)ی سەرۆکی ڕوسیا لەلایەن ڕوسیا وەها لێکدراوەتەوە ئەمە "بۆ ئەوان سەرکەوتنێکی دیپلۆماسییە" و پێشنیارەکەی بۆ گەڕانەوەی ڕوسیا بۆ گرووپی حەوت، کە دوای داگیرکردنی ئۆکرەین وەستێنرابوو، ئامادەکارییە بۆ ڕازیکردنی ڕوسیا. بەپێی زانیارییەکانی نێو بابەتەکەی ئەم ڕۆژنامەیە، ئاماژە بەوە کراوە “ترەمپ ئامادە نییە بەرانبەر دەستدرێژییەکانی ڕوسیا بوەستێتەوە".
نووسەری بابەتەکەی ئەم ڕۆژنامە ئەمەریکییە لە درێژەی شیکردنەوەی هەڵومەرجەکان دەڵێت: "ئاژاوەگێڕییەکان"ی ئیدارەی ترەمپ، هەرچەشنە چارەسەرێکی کاریگەر بۆ کۆتایی پێهێنانی شەڕەکە تێک دەدات و لەبار دەبات، چونکە (پیتەر هێگسێس) وەزیری بەرگری ئەمەریکا خواستەکانی ئۆکرەینی ڕەتکردەوە بۆ پەیوەستبوون بەچوونە نێو ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، هەروەها ڕایگەیاند، وەرگرتنەوەی زەوییە ئۆکرەینییەکان لە ڕوسیاش داوایەکی ناواقیعییە. هەرچەندە دواتر لەم لێدوانانەی پاشگەز بووەتەوە.
ئەمە نیشانە و هێمایەکی گرنگە، کە ئیدارەی ترەمپ لە هەنگاوە گەرمەکانی سەرەتادا، مەیلێکی تووند نیشان دەدەن، داواکاریی و خواستەکانی ئۆکرەین پشتگوێ دەخەن، نەک هەر قسەکانی وەزیری بەرگری، بەڵکو هێرشەکانی خودی (ترەمپ) دژی (زیلینسکی) لە سنووری پشتگوێخستن دەرچووە، ئەمە لایەنگیری و بەهێزکردنی پێگەی ڕوسیا نیشان دەدات و هاوسەنگی و ڕێزگرتنی لایەنێکی ناکۆکی و جەنگەکە بێ نرخ دەکات.
بێ چەکی ئەتۆمی سەربەخۆن؟
ئەم وتارەی نیویۆرک تایمز لە جەمسەری گرنگی بابەتەکان دەڕوانێت و پرسیارێکی جدی دەورووژێنێت "ئایا دەکرێت هیچ نەتەوەیەک کە خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمی نەبێت، بەڕاستی ئازاد و سەربەخۆ بێت؟". هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هەموو وڵاتانی جیهان چاوەڕێی ئەنجامی شەڕی ئۆکرەین و ڕوسیا دەکەن، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەگەر ئۆکرەین شکستی هێنا لە ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ئەتۆمی ڕوسیا، کە ئەمەش لەئەنجامی پشتیوانی لاوازی ئەمەریکاوە سەرچاوە دەگرێت، لەوانەیە وڵاتانی دیکە بیر لەهەوڵی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکەنەوە، لەپێناو بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆیان.
ترەمپ لایەنگری بەهێزەکانە، نەک لاوازەکان
پێدەچێت (ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی) سەرۆکی ئۆکرەین هیچ هەڵەیەکی نەکردبێت کاتێک بەتایبەتی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن قسەی بۆ سەرکردەکانی ئەوروپا کرد. پاشان داوای لێکردن یەکگرتوو بن و هێزیان بەهێزتر بکەن، چونکە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمەریکا حەزی لە لایەنە لاوازەکان نییە. زۆر لایەن ئەوە ناشارنەوە نزیکبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئەو و هاوتا ڕوسییەکەی زیاتر ئەم بیرۆکەیەی بەهێزتر کردووە. لە هەڵسوکەوت و پێکهاتەی ئێدارە نوێیەکەشی ئەم ئاراستە لە بیرکردنەوە و ڕەفتار و سیاستەکەیدا بەدیار دەکەوێت.
سەرسامە بە بۆتین
بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئیدارەی ئەمەریکا پێی وابوو (ترەمپ) سەرسامە بە (بۆتین)، چونکە (بۆتین) بەهێزە و کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر وڵاتەکەیدا هەیە. بەپێی زانیارییەکانی (وۆل ستریت جۆرنال) هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ئەمەریکا پتر سەرکردە بەهێزەکانی خۆشدەوێت نەک لاوازەکان، چونکە ئەوان ڕووبەڕووی ڕەخنە و سنووردارکردن لەلایەن پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری نابنەوە.
لەلایەکی دیکەوە (جۆن بۆڵتۆن) لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتی (ترەمپ) وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کاری کردووە، بۆچوونی وەهایە، کە "سەرۆکی ئەمەریکا پێی وایە بۆتین هاڕێی ئەوە، بەڵام لەواقیعدا هیچ شتێکی لێ ناکڕێنێتەوە". ئەم ڕاوێژکارە ئەمەریکییە، کە هەنووکە سەرۆک ڕقی دژ هەڵگرتووە، ئاشکرای کردووە (ترەمپ) هەندێک جار ناڕەحەت بووە، چونکە هەندێک لە یاریدەدەرەکانی هەوڵیانداوە ئاگاداری بکەنەوە، کە (بۆتین) دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦دا کردووە.
سەرۆکی فەرەنسا (ئیمانویل ماکرون) ڕۆژی ٢٤-شوباتی ٢٠٢٥ سەردانی واشنتنی کرد و لە دیداری لەگەڵ (ترەمپ) و دیدارەکەی وەکو یەکەم سەرۆک لە ئەوروپا مانایەکی تایبەت و هێمایەکی گرنگ نیشان دەدات. لەم دیدارەدا بەگشتی پێ دەجێت جەختیان لەسەر کۆتایی هێنانی جەنگ لە ئۆکرەین کردبێتەوە و ئەو دەڵێت "ئەوروپا ئامادەیە سەنگەرەکانی بەرگری بەهێز بکات، ئاشتیش بەمانای خۆرادەستکردنی ئۆکرەین نایەت". لە درێژەی قسەکانی ئەم سەرۆکە ئەوروپییە دەبێژێت: "هەندێک وڵای ئەوروپا ئامادەن هێزی ئاشتیپارێز ڕەوانەی ئۆکرەین بکەن وەکو هەنگاوی دڵنیاکەرەوەی دابینکردنی ئاسایش، دوای مۆرکردنی پەیمانی ئاشتی. (ترەمپ)یش دەڵێت لە چەند هەفتەیەکدا جەنگ ڕادەوەستێنرێت.
ترەمپ: ڕاگەیاندن درۆ دەکەن
پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی نوێ سەرۆکایەتی ئەمەریکا و میدیا پەیوەندییەکی دۆستانە نییە، لەهەمان کاتیشدا سارد و ڕەخنەگرانە و ڕەتکردنەوەی لەخۆگرتووە. ئەمەش جۆرێکە لە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ڕاگەیاندن و ئەو ئاڵؤزیی و مەبەستانەی وەکو دژیەکبوون لەنێوان سیاسەت و ڕاگەیاندن دەردەکەون، لەلایەکی دیکەشدا هەمیشە وەکو ناکۆک و دژبەیەک و ناتەبا دێنە بەرچاو.
(دۆناڵد ترەمپ) و (ئیلۆن ماسک) هێرشێکی توندیان کردە سەر میدیا گەورەکانی ئەمەریکا و نێودەوڵەتیی. ( ترەمپ) لە پۆستێک لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا سەبارەت بە کەناڵەکانی (ئێم ئێس ئێن) و (بی ئی سی) گوتی: “ئەمانە نوێنەرایەتی هەڕەشەکردنن دژی دیموکراسییەکەی ئەمەریکا، پڕن لە درۆ و شێواندن و لەلایەن کەسانی خراپەوە بەڕێوەدەبرێن". سەرۆکی ئەمەریکا ئەو کەناڵەی تۆمەتبار کرد بەوەی "لایەنگری دیموکراتەکان دەکات" و نازناوی “MSDNC”ی لێنان، ئاماژەی بە کورتکراوەی کۆمیتەی نیشتمانی دیموکراتەکان (DNC) کرد.
(ئیلۆن ماس)یش لەپێناو خراپ وەسفکردن و پێناسەکردنێکی نەگونجاوی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە ئێکس، دیزاینێکی لەگەڵ ناوی ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوکردەوە، کە بە دووبارەکردنەوەی وشەی "درۆ" نەخشەکێشراوە، ئەمەش بە واتای درۆزن دێت. لە پۆستێکی تردا، کاردانەوەی (ماسک) وەکو کاردانەوە پەیوەندی بەم چیرۆکەی ڕۆیتەرز هەیە، کە پێشتر لەبارەی هەڕەشەکانی بڕینی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک لە دژی ئۆکرەین بڵاویکردۆتەوە، ئەمەشیان بەستاوەتەوە بەوەی ئەگەر ڕێککەوتنی کانزا بەنرخەکان لەگەڵ ئەمەریکا واژۆ نەکات، ئەوە خزمەتگوازری ئەنتەرنێتیان لەسەر قووت دەکەن. بۆیە دەبێژێت “رۆیتەرز درۆ دەکات لە دوای ئەسۆشێتد پرێس پرۆپاگەندە درۆ ئامێز دەکەن . (ماسک) پێشتر ڕۆیتەرزی تۆمەتبار کردبوو بەوەی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٢ ملیۆنان دۆلاری لە حکوومەتی ئەمەریکا وەرگرتووە، لەبەرانبەر فریودانی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی. (ترەمپ)یش لە گوتارەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە (ڕۆیتەرز و پۆلیتیکۆ و نیویۆرک تایمز) پشتگیری داراییان لە دامەزراوە فیدراڵییەکانی ئەمەریکا وەرگرتووە، دیارە مەبەست لەم ئاماژانە ئەوەیە، دەیەوێت بڵێت، ئەم پارە پێدانە بەمەبەستی دروستکردنی کاریگەرییە لەسەر نێوەڕۆکی هەواڵەکان.
بوتین: ئامادەی هاوکاری ئەمەریکاین لە بواری کانزاکان
هەفتەیەک لەمەو پێش کرێملین ستایشی "هەڵوێستی هاوسەنگ"ی واشنتۆنی کرد، دوای ئەوەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دژی بڕیارنامەیەک کە کیێڤ و ئەوروپییەکان ئامادەیان کردبوو، دەنگی دا. بڕیارنامەکە هێرشەکەی ڕوسیا لە ئۆکرەین ئیدانە دەکات. (دیمیتری پێسکۆڤ) گوتەبێژی کرێملین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئەمەریکا هەڵوێستێکی هاوسەنگتر دەگرێتەبەر بە ئامانجی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکرەین و ئێمەش پێشوازی لەوە دەکەین".
(پێسکۆڤ) لەبارەی هاوکاری لەبارەی کانزاکان دەبێژێت: "ئاسۆیەکی زۆر فراوان لەم بوارەدا دەکرێتەوە، ئەمەریکییەکان پێویستیان بە کانزای دەگمەنە و ئێمەش بڕێکی زۆرمان هەیە". ٢٤ شوباتی ٢٠٢٥ (ڤلادیمێر پوتین) سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئۆکرەین سەبارەت بە سامانە سروشتییەکانەوە نییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕوسیا ئامادەیە دەرفەتێک پێشکەش بە ئەمەریکا بکات بۆ ئەوەی پێکەوە لەبواری کانزا دەگمەنەکانی زەوی کار بکەن.
کەمکردنەوەی خەرجی سەربازیی
(بۆتین) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیی ئاماژەی بەوەکردووە، ڕوسیا ئامادەیە لەگەڵ هاوبەشە بیانییەکان کاربکات لە پێناو پەرەپێدانی کانزا دەگمەنەکانی زەوی. هەروەها پێشنیارەکەی (دۆناڵد ترەمپ)ی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکانیان بۆ نیوە لە ڕوسیا و ئەمەریکا و چین بە بیرۆکەیەکی باش وەسفکرد و گوتی: دەتوانین لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوتن بکەین، ئەمەریکا لەسەدا ٥٠ کەم دەکاتەوە و ئێمەش لەسەدا ٥٠ کەم دەکەینەوە و پاشانیش چین ئەگەر بیەوێت پەیوەندیمان پێوە دەکات. ئێمە پێمان وایە ئەم پێشنیازە باشە و ئێمە دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەم بابەتە.
زیلینسکی لە کۆشکی سپی دەرکرا
ڕۆژی هەینی ٢٨ شوباتی ٢٠٢٥ (فلایدمێر زیلیسنکی) بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە کۆشکی سپی و لە دیدارێکی کراوە، لەبەردەم ڕاگەیاندکاران ناکۆکی و گفتوگۆیەکی یەکجار خراپی دوور لە نەریتی دیپلۆماسی لە نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ئۆکرەین ڕوویدا. ئەم نەریتە باو نییە، کەچی وەکو جۆرێک ڕێورەسمی فەرمی ئەم جۆرە دیدارانە بەئاشکراو لەبەردەم ڕۆژنامەنووسان ئەنجام نادرێت، تەنیا نەریتی دیپلۆماسی بەم شێوەیە نییە، بەم چەشنە زمان و شێواز و تەکنیک و کردارە گفتوگۆ لەنێوان دوو لایەنی فەرمی ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی کە بەرنامەی دیدارەکەیان لەبارەی کێشەی گەورە و ئالۆزی جەنگ بێت. ئەمە وەکو ئەوە وابوو (زیلینسکی بۆ سووکایەتی و هەڕەشە لێکردن و واژۆکردنی بەزۆر بانگهێشت کرابێت، ئەم هەڵسوکەوتە بەقازانج و خزمەتی روسیا تەواو دەبێت).
(نیوز ویک) کە گۆڤارێکی سیاسی بەنێو بانگی ئەمەریکایە لە چەند کاتژمێرێک دوای دیاردەکە بیروڕایەکی بڵاوکردەوە و دەنووسێت: "بڕیاربوو سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ئۆکرەین ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی گرێبەستێکی کانزاکان واژۆ بکەن و دواتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەن بەرە و پەیوەندیی چاکتر لەوەی ئێستا هەنگاو بنێن، لەبڕی ئەمە (ترەمپ) بەشێوەیەکی کاریگەر (زیلینسکی) لە کۆشکی سپی دەرکرد و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش دوای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی گەرمی سەرنجڕاکێش لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرەین لە کۆشکی سپی وەرچەرخانێکی دراماتیکیی لەناکاو ڕوویداو، کار گەیشتە ئەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو سەرکردەکەی زیاتر بێت و هاندانەکانی (ترەمپ) بۆ ڕێککەوتنێکی خێرای ئاشتی لە ئۆکرەین بخاتە ژێر گومانەوە".
کاردانەوەی ترەمپ
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان نێو ئەمەریکا (ترەمپ) هەر هەمنا ڕۆژ ٢٨-شوباتی ٢٠٢٥ زوو و خێرا لە یەکەمین کاردانەوە دوای کۆبوونەوە هاوبەشەکە، کە بەڕای من خراپترین دیداری دیپلۆماسی نێوان سەرکردەکانی جیهانە، لە کاتژمێری یەکەمی دوای کۆبوونەوەکە لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆی گوتی: "من دیاریم کردووە کە سەرۆک زیلیننسکی ئامادە نییە بۆ ئاشتی و هەروەها لە کۆشکی سپی بێڕێزی بە ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد. دەتوانێت ئەو کاتەی ئامادەیە بۆ ئاشتی بگەڕێتەوە". گوتەبێژی کۆشکی سپی لە دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنی کانزاکان واژۆ نەکراوە".
سەیرکە جلوبەرگی کەشخەشی لەبەردایە
شێوازی ئاخاوتن و نوکتە و گەپەکانی (ترەمپ) کۆتاییان نایەت، ئەو لە کەسێکی ملیۆنەری بەنێوبانگی سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان، هەنووکە سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی جیهانە، لە پێشوازی (زیلینسکی) لەبەردەم ڕۆژنامەنووسان بە گاڵتەوە گوتی "سەیرکە ئەمڕۆ هەموو جلوبەرگری کەشخەشی لەبەردایە". ئەم جۆرە گەپ و ئاخاوتنە ڕەنگە هۆکارێکی خراپ بێت، لەڕووی دەروونی و دیپلۆماسییەوە (زیلینسکی) تووشی دۆخێکی شلەژان و کاردانەوەی تووند کردبێت. جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش گوتیی "ئەوەی زیلینسکی لە کۆشکی سپی کردی، بێڕێزی بوو، دەیەوێت ئەمەریکا دادگایی بکات".
https://www.newsweek.com/how-zelenskys-white-house-visit-trump-unraveled-real-time-2037983
لەکردەوە ئەوەی سەیری ڤیۆدیۆکە بکات و سەیری جووڵە و ئاخاوتن و قسەکان بکات، باش لەوە دەگات، کە (ترەمپ) و جێگرەکەی دەیانەوێت فشار بێخنە سەر (زیلینسکی) و ئەوەی دەیانەوێت بەسەریدا بسەپێنن، لەم دیدارەدا بیکەن، هەم سووکایەتی پێ بکەن و هەمیش وەکو تاوانکارێک قسەیان لەگەڵ دەکرد. جێگری سەرۆک لە جیاتی ئارامکردنەوەی دۆخەکە، هێرشکردنە سەر سەرۆکی ئۆکرەینی دەستپێکرد و ئاگری گڕگرتووی گفتوگۆکان خراپتر کرد، لە بزاڤەکە دەردەکەوت دەیەوێت دڵی سەرۆک ترەمپ ڕاگرێت.
ئەم گفتوگۆیە ئاگرینە تووندە بە کردەیەکی خراپ و نەگونجاو دادەنرێت و ئەمە ئەوە نیشان دەدات، کە پێ ناچێت (ترەمپ) بتوانێت ڕاستەوخۆ و بەخێرایی فەرمانەکانی کە پیشتر دایڕشتووە و یەکلانەیە بەسەر جیهاندا بسەپێنت و ئەوەی لە بەرنامەی دایە بێ گفتوگۆی هاوسەنگ و هاوبەش جێبەجێی بکات.
سەرکردەکانی جیهان پاڵپشتی زیلینسکی دەکەن
لە چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوە گرژاوییەکەی نێوان هەردوو سەرۆک، هەندێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا پاڵپشتی هەڵوێستی زیلینسکیان کرد بەپێی هەواڵێکی شیکاری (نیوز ویک) بەناوی ( Trump: Zelensky Can Return When He,s Ready for Peace after Heated Qvel Office Cleash, https://www.newsweek.com/zelensky-meeting-trump-discuss-ukraine-mineral-deal-live-updates-2037903 )، هاتووە: "سەرکردەکانی جیهان بەخێرایی پشتگیری خۆیان پێشکەش بە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرەین کرد، دوای تەقینەوەی گفتوگۆ و دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ. (ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، فریدریش مێرزی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەڵمانیا و جەستن ترودۆی کەنەدی لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە بەڵێنیان داوە شان بەشانی ئۆکرەین بوەستن و نوێنەرانی سوید، ئێرلەندا، نۆوارد، کرواتیا، ئیسپانیا، پورتوگال، لاتڤیا و زۆری دیکەش هەموویان پشتگیری خۆیان بۆی دەربڕی، سەرباری ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا". (زیلینسکی)یش سوپاسی سەرکردەکان دەکات. لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆشیدا سوپاسی ئەمەریکاش دەکات و دەڵێت: "سوپاس بۆ ئەمەریکا، سوپاس بۆ پشتگیریتان، سوپاس بۆ ئەم سەردانە. سوپاس بۆ کۆنگرێس، و گەلی ئەمەریکا. ئۆکرەین پێویستی بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام هەیە و ئێمەش بە تەواوی بۆ ئەوە کاردەکەین".
ئەنجام چی دەبێت
ئاسان نییە لەم دۆخە ئاڵۆز و ناکۆکییە سەختانەدا هێلە سوورەکان و دادپەروەریی و سەرچاوەی کێشەکان بەئاسانی لێبکرێنەوە، ئەمەریکا تا دواین ساتی سەرۆکایەتی دیموکراتەکان (جۆ بایدن) هاوکاری و پاڵپشتی جەنگی ئۆکرەینی کرد، (ترەمپ)یش لە بانگەشەی هەڵبژاردن نەیشاردەوە کە ئەو دۆستایەتی (بۆتین) دەکات و بە بڕیارێک ئەم جەنگە دەوەستێنێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا بێ بەشداریی پێکردنی لایەنێکی جەنگەکە لە دانیشتن و گفتوگۆکاندا خودی ئەو جەنگە ڕا دەگیرێت، یان ئەمە لەکردەوەدا سەپاندنی سزا و بڕیار و فەرمان و ڕاسپاردەکانی زلهێزەکانە بەسەر لایەنە لاوەزەکان و لەم گفتوگۆیانەدا بەکردەوە لەجیاتی سزادان و ڕاستکردنەوەی شتە ناڕاستەکان و دیارکردنی لایەنی هێرشبەر و هەڵگیرسێنەری جەنگەکە، ئۆکرەین سزا دەدەن؟.
ئەوروپاش ئەم هەنگاوەی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە دڵخۆشیی پێشوازی لێ ناکەن، پێیان وایە هاوسەنگی تێدا ڕەچاو نەکراوە.
لەهەمان کاتدا ئیدارەی نوێی ئەمەریکا چەندە دەتوانێت بۆ کۆتایی ئەم جەنگە لە جیاتی لایەنەکان بڕیار بدات و ئەوەی دەیەوێت بیسەپێنێت و فەرزی بکات؟.
پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە، وەکو چۆن (ئۆکرەین) پێچەوانەی بیروڕای تەواوی جیهان توانی خەونە گەورەکەی (بۆتین) تێکبشکێنێت و خۆی ڕاگرێت و سێ ساڵ بجەنگێت، ئایا بەهەمان شێوەش دەتوانێت بەرنامە پێشوەختەکانی (ترەمپ)یش لەپێناو سەپاندنی ئاشتی نەک بەدیهێنانی ئاشتی ڕابگرێت؟
ئەم نەتەوەیە، لە کۆنەوە هێز و توانا و سەرسەختییەکی زۆریان نیشان داوە، توانای خۆڕاگری و سەرکەوتنی زۆریان هەبووە. دوور نییە ئەمجارەش بتوانن هەمان شت بکەن، هەرچەندە (ترەمپ) هەڕەشەی ئەوەی کرد کە "زیلینسکی هەڕەشەیە و دەبێتە هۆکاری بۆ هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانیی". و "پشت دەکەنە ئۆکرەین و هاوکاریان ناکەن".