زوبەیر ئایدار: ئەردۆغان لەهەموو شتێک ئاگادارە
  2025-03-02       704       

ئا: ئاوێنە

 

زوبەیر ئایدار ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە ئاماژە بەوە دەکات پێش بانگەوازییەکەی ئۆجەلان، بەرپرسانی دەوڵەت بە ئاگاداری و مۆڵەتی ئەردۆغان سەردانی ئیمرالییان کردووە، ئەو دەڵێت "ئەردۆغان لەهەموو شتێک ئاگادارە".

 

زوبەیر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبارەت بە بانگەوازییەکەی ئۆجەلان بەئاژانسی هەواڵی فوراتی راگەیاند "پێش شاندەکان بەنوێنەرایەتی حکومەت و دەوڵەتەوە چوون و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبونەوە. ئەمە ڕەوتێکی بینراوە کە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە. ئێمە باس لە پرۆسەیەک دەکەین کە ئەو کردارانەی کە لەمەودوا ئەنجام بدرێن، تەنانەت ئەگەر بە نووسراو و بەڵگەش نەبێت، لە زۆر بواردا بە دەستپێشخەری و ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی یەکتر و چاوەڕوانی لە یەکتر دیاری دەکرێن. بە ئەزموونی ٣٢ساڵەی خۆم دەتوانم ئەمە بڵێم؛ ڕێبەر ئاپۆ قەد بە ئارەزووی خۆی یان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەم جۆرە پرۆسانەدا بانگەوازییەکی لەو جۆرە نادات. لە ڕاستیدا دیارە دەرفەت ڕەخساوە، بۆیە بانگەوازییەکی لەو جۆرە دەکات."

ئایدار ڕایگەیاند کە ئاگادارن کە کۆمیسیۆنێکی یاسایی پێکهێنراوە، ئەم کۆمیسیۆنە کار لەسەر پرسە یاسایی-دەستوورییەکان دەکات، ئەو وتی "هەژماریان چوار کەسە، ئێمە بە تەواوی نازانین؛ بەڵام هەندێک بەرپرس بە نوێنەرایەتی حکومەتەوە ماوەیەکە سەردانی ئیمرالی دەکەن. ئەمە مەسەلەیەک نییە کە دەوڵەت باخچەلی شەوێک لەسەری خەوتبێت و یەکسەر هەستێت و سڵاو لە دەم پارتی بکات. ئەمە شتێکە کە پێشوەختە پلانی بۆ دانراوە و ئامادە کراوە. هەروەها ئەو شاندەی کە چوو بۆ ئیمرالی لەگەڵ باغچەلی کۆبووەوە و ئەو پرسانەی باسیان لێکرا لەگەڵ ئەویشدا باسی لەسەر کرا. ئەو پرسانەی کە گەل ئاگاداری بوون دواتر ڕوویاندا. بەم قسە و لێدوانانە چووە قۆناغێکی نوێیەوە. "بانگەوازییەکەی ریبەر ئاپۆ نیشانەی قۆناغێکی نوێیە."

زوبەیر ئایدار ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەردۆغان ئاگاداری هەموو شتێکە، ئەو وتی "ئەو شاندەی کە سەردانی ئیمرالی کردووە بە مۆڵەتی ئەوەو ڕۆیشتوون. ئەو گفتوگۆیانەی لەوێدا ڕوویانداوە، ئەو کارانەی کە کراوە، هەمووی لە شێوەی ڕاپۆرتێکدا دراوە بە ئەردۆغان و لەهەموو شت ئاگادارە. ئێمە لە گەڵ سیاسەتەکانی حکومەت ئاشناین. بە بێ ئاگاداری ئەردۆغان، مەحاڵە بەرپرسانی حکومەت بۆ پرسێکی وا جددی بتوانن بچنە ئیمرالی. ئەردۆغان زانیاری هەبووە و مۆڵەتی داوە".

وتیشی "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتدایە. ڕێبەر ئاپۆ، لایەنی کوردی، بە تەواوی بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ کردووە. بەڕوونی باسی لەوە کرد کە چۆن ئەو کێشانە چارەسەر دەکات کە حکومەت بە قووڵی لێیان ناڕازییە. ئێستا دەبێت حکومەت هەنگاو هەڵبگرێت. بەڵێ بانگەوازی لە ڕێکخستنیش کراوە. بەڵام بە ڕێکخستن دەڵێت: 'ئەگەر زەمینەی سیاسی یاسایی و دیموکراتیک دروست بوو، ئێوەش ئەو هەنگاوە جێبەجێ بکەن، کۆنگرە ببەستن و بڕیار بدەن و چەک دانێن. 'یانێ باس لە سەر دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسەتی دیموکراتیک هەیە، موخاتەبی ئەمەش حکومەتە. ئێمەش لەوەی پێشتر چی ڕوویداوە هەموو ئاگادارین. ئێستا لێرەدا لە قۆناغی یەکەم، موخاتەب حکومەت و دەوڵەتە. پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاو بنرێت. ئەگەر پرسەکە درێژە پێ بدەن، ئەوا پرسەکە هەر لەوێدا دەوستێت."

هەروەها سەبارەت بەپشتیوانی نێونەتەوەیی لەبانگەوازەکە، ئایدار وتی "تەنها لێدوانەکان بەس نییە. ئەم پرسە ئیتر تەنها پرسێکی ناوخۆی تورکیا نییە، بەڵکو پرسێکی گەورەیە و تەنها پەیوەندی بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە. پرسەکە لە ئەوروپا و ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. پرسێکی جیهانییە. لایەنی کوردی هەنگاوێکی زۆر گرنگی ناوە لەسەر ڕێگای ئاشتی. پێویستە هەموو لایەک بەشداری لەم ئەرکەدا بکەن و چاوەڕێین لە چارەسەرکردنی ئەم پرسەدا بە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتیانە ڕۆڵیان هەبێت."

ئایدار سەبارەت بەو بانگەشانەی میدیاکانی لایەنگری حکومەت کە دەڵێن "ئەم بانگەوازییە قەسەدە و یەپەگە دەگرێتەوە"، ئایدار وتی "نەخێر، ئەوە ڕاست نییە. ڕێبەرایەتی باش دەزانێت چی دەڵێت. کاتێک دەنووسێت، قسە بکەن، دەزانێت چی دەچێتە کوێ. ڕێبەر ئاپۆ پێشتر سەبارەت بە ڕۆژاوا ڕایگەیاندبوو کە نابێت تێکەڵ بە تەحریر شام (هەتەشە) بێت. بە دڵنیاییەوە کورد دەبێ لەوێ خاوەن پێگەی خۆی بێت. نابێت وەک ڕابردوو بێت، وەک سەردەمی ئەسەد بمێنێت. ئەو چارەسەرەی کە رێبەر ئاپۆ باسی کرد، چارەسەرێکە بۆ هەموو کوردستان. ڕاگەیاندنەکانی تورکیا لەوانەیە لە چوارچێوەی شەڕی دەروونیدا لەسەر بنەمای خۆیان هەلسەنگاندن بکەن. بەڵام دەزانین لەم حاڵەتەدا شتەکان چۆن و بەرەو کوێ دەڕۆن. ئێمەش لەسەر ئەوە بنەمایە تێدەکۆشین."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×