ئا: محەمەد هاوژین
چەند ساڵێکە لەمزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی خوانی بەربانگ دروست دەکرێو پێشکەش بەخەڵکی کەمدەرامەتو رێبوارانو ئەو کەسانە دەکرێت کە پێویستیان پێیەتی، یەکێک لەسەرپەرشتیارانی ئەم خواردن پێشکەشکردنە دەڵێت "هەموو ئێوارەیەک، سێ بۆ چوار هەزار کەس بێبەرامبەر لەمزگەوتی گەورە بەربانگ دەکەنەوە، لەرەمەزاندا ئێواران خواردن بۆ کەسانی بێ دەرامەت ئامادە دەکەینو لەمانگەکانی دیکەشدا نیوەڕوان".
لەیەکەم رۆژی رەمەزانەوە، هەموو دەمەو ئێوارانو کاتی بەربانگێک، سەدان گەنج لەدانیشتووانی هەرێمو عەرەبو کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە کەم دەرامەتو بێ نەوانو بۆ کرێکاریی روویان کردوەتە شارەکە، چەند ریزێکی دوورو درێژ دەبەستن بۆ وەرگرتنی خواردنو شیرینیو بەربانگ کردنەوە.
شاهۆ، گەنجێکی تەمەن ٣٢ ساڵەو لەرۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووە بۆ سلێمانی بەمەبەستی کرێکاریی، ئەو شەرواڵیکی خاکیو قەمسەڵەیەکی کاڵەوەبووی لەبەردایەو لەریزەکەدا وەستاوەو باس لەوە دەکات کە هەموو ئێوارەیەک بۆ نان خواردن دێتە مزگەوتی گەورە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەمە نەریتێکی زۆر جوانە کە لەسلێمانی پەیڕەو دەکرێت، هاوکارییەکی زۆر باشیشە بۆ ئەوانەی وەک ئێمە داهاتیان کەمو سنووردارەو لێرە ژەمە خواردنێکیان بۆ دابین دەکرێت".
وتیشی "خۆمو هاوڕێکانم زۆربەی کات لەپێش رەمەزانیشدا کە نەچوبین بۆ کرێکاریی لێرە لەمزگەوتی گەورە نانمان خواردووە".
شاهۆ یەکێکە لەسەدان گەنجو خەڵکی بێ نەواو کەمدەرامەت کە ئێواران روو دەکەنە مزگەوتی گەورەو بێ بەرامبەر لەوێ بەربانگ دەکەنەوە.
ئەیاد، گەنجێکی عەرەبەو پاش ئەوەی خواردنەکەی وەردەگرێتو لەو بەشەدا دادەنیشێت کە لەناو مزگەوتی گەورەدا بۆ خواردن دابەشکردنو نان خواردن ئامادەکراوە، باس لەوە دەکات کە داهاتی کەمەو هەموو ئێوارەیەک خۆیو هاوڕێکانی لەمزگەوتی گەورە
خۆیان تێر دەکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێمە دوو ساڵە لەسلێمانی خەریکی کرێکاریین، مزگەوتی گەورە گەورەترین پەناگەمان بووە، بەلای هاوڵاتیانی عەرەبەوە، هیچ شوێنێک هێندەی مزگەوتی گەورە زانراوو بەناوبانگ نییە، ئەم نەریتەش کە نانی بێبەرامبەر تیا پێشکەش دەکرێت، ئەوەندەی تر ئێرەی گەورەو بەناوبانگتر کردووە".
وتیشی "بەڕاستی سلێمانی شارێکی جوانو بەخشندەیە".
نەک تەنها خەڵکی بێبەرامبەر لەمزگەوتی گەورە نان دەخۆن، بەڵکو بەشێک لەهاوڵاتیانی هەژاریش دەمەو عەسران مەنجەڵو سەتڵ دەبنو بۆیان پڕ دەکرێت لەشلەو بنجو مریشکو یان گۆشتو بۆ بەربانگ دەیبەنەوە بۆ ماڵەوە، یاخود بەسەفەری بەشی نەفەرێک وەردەگرنو دەیبەنەوە.
محەمەد، پیاوێکی تەمەن ٤١ ساڵەو دوو سەتڵی هێناوە بۆ شلەو برنج، باس لەوە دەکات کە دەیباتەوە لەگەڵ خێزانو منداڵەکانی دەیخوات، ئەو وتی "ژیان زۆر قورس بووە، باری داراییم زۆر خراپەو دەرەقەتی شت کڕین نایەم، بەتەنها هەر خۆم ئیش دەکەم لەماڵەوەو سێ منداڵشم هەیە، ئێواران دێم لێرە نوێژ دەکەمو دواتریش ئەم خواردنە دەبەمەوە".
وتیشی "مزگەوتی گەورە ناوەکەی بەخۆیەوەیەتی، کە ئەم هەموو خەڵکە کەمدەرامەتە رووی تێدەکەنو دەست بەڕووی کەسیانەوە نانێن".
نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ چێشتلێنەری گەنجو بەتەمەن لەبەشێکی مزگەوتەکەدا خەریکی ئامادەکردنی خواردننو رۆژانە دەیان کیلۆ برنجو فاسۆلیاو سەدان کیلۆ مریشک یان گۆشت لێدەنێننو پێشکەشی ئەو خەڵکەی دەکەن روویان تێدەکات.
بابان حەسەن حەمەرەسول، کارمەندی مزگەوتی گەورەو یەکێک لەسەرپەرشتارو رێکخەرانی ئەو ریزانەی دەبەسترێن بۆ وەرگرتنی خواردنەکە، سەبارەت بەم پڕۆژەیە بەئاوینەی وت "هەموو ئێوارەیەک ٣ هەزار بۆ ٤ هەزار کەس لەمزگەوتی گەورە بەربانگ دەکەنەوە، ئەمە نەریتێکە لەسەردەمی کاک ئەحمەدی شێخەوە هەر هەبووە لەسلێمانی، بەلام داواتر بەهۆکاری جیاواز وەستاوەو لەساڵی ١٩٩٨ەوە دیسان دەستیپێکردوەتەوە".
سەبارەت بەوەی کێ پاڵپشتی ئەم کارە دەکات، بابان وتی "خێرەومەندی شار ئەرکی دابینکردنی ئەم پڕۆژەیەیان لەئەستۆ گرتووە، لەگەڵ بنەماڵەی حەفید".
وتیشی "ئەم پڕۆژەی نان بەخشینەوەیە تەنها لەمانگی پیرۆزی رەمەزاندا ئێوارانە، لەمانگەکانی تردا نیوەڕوان خواردن ئامادە دەکرێتو پێشکەش بەخەڵکی هەژارو رێبواران دەکرێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات