ئا: محەمەد هاوژین
گهنجانی كوردستان وهك زۆربهی وڵاتانی دونیا بهتاسهوه چاوهڕوانی یاری کلاسیکۆن، بەتایبەتی کە یارییەکە لەنێوان بەرشەو ریالدا بێت، هەولێر بەتەواویی دەخرۆشێت، شەقامی ئیسکان بەرناکەوێو جمەی دێت لەهاندەرانی ئەو دوو یانەیە، خواردەمەنی فرۆشێکی ئەو شەقامە دەڵێت "ململانێی نێوان گهنجانی ئهو دوو یانهیه، لهململانێی سیاسیهكان گەرمترەو چێژێكی زۆری لێدهبینن".
سوهێل عەبدوڵا، گهنجێكی تهمهن ٣٢ ساڵهو لەگەڵ هاوڕێکانیو خەڵکێکی زۆردا چاوی بڕیبوە شاشەیەکی گەورە لەگازینۆیەکەی شەقامی ئیسکانو لەگەڵ بینینی هەر هێرشێکی ریالدا بۆ سەر بەرشەلۆنە، هەناسەی لێدەبڕێو رەنگی دەموچاوی دەگۆڕێ، ئەو بەئاوێنەی وت "ئێمه هاندهری یانهی بهرشهین، ئەمشەو بەرشە بیباتەوە، وەک ئەوە وایە هەموو دنیا هی من بێت".
ئهو گهنجه كه تیشێرتێكو پانتۆڵێكی كاوبۆی لهبهردابوو، وتی "یاری کلاسیکۆی بەرشەو ریال خۆشترین یارییە، مەگەر یاری کۆتایی مۆندیال تامی ئەم یارییە بدات، زۆربەی هەرە زۆری گەنجانی هەولێر هاندەری ئەم دوو یانەیەن، ئەگەر ئەمشەو بەرشە بدۆڕیت دەست دەکەم بەگریان، دڵنیام دۆڕانی ریاڵیش زۆر کەس دەخاتە گریان".
ئێوارەی ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥، لەیاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا هەردوو یانەی بەرشەلۆنەو ریاڵ مەدرید رووبەرووی یەکبوونەوە، یاریەکە بەکلاسیکۆ ناسراوەو لەهەرێمی کوردستان بەگشتیو لەهەولێری پایتەختدا بەتایبەتی ئەم یارییە بینەرێکی زۆری هەیە، یانە کەتەلۆنییەکە بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێک یارییەکەی لەیانە شاهانەییەکە بردەوە.
هەمیشە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو یانەیەدا، کافتریاو چایخانەکانی شەقامی ئیسکانی هەولێر، پڕ دەبن لەهاندەرانی بەرشەو ریاڵو جمەیان دێت لەو گەنجانەی کە بەجۆشو خرۆشەوە لێت دەپرسن: بەرشەیت یان ریاڵ؟
نزار عەبدولڕەحمان. کە گەنجێکی ٣٢ ساڵە، ئاماژە بەوە دەکات لەکاتی بەڕێوەچوونی یاریەکان، شەقامی ئیسکان بەرناکەوێ، ئەو بەئاوێنەی وت "هاندەرانی بەرشەو ریال ئەوەندە لەهەولێردا توندو بەهێزە، ئەو شەوەی یاری کلاسیکۆ بێت، شەقامو شوێنە گشتییەکان چۆڵیان پێوە دیارە، یارییەکەو ئەنجامەکەی بۆ هەموومان گرنگە".
ئەم گەنجە کە هاندەری ریاڵەو درێسی ریالی وەک تیشێرت پۆشیوە، بەبینینی گۆڵەکەی ریال لەخۆشیدا بەدەم هاوارەوە هەستایە سەرپێو پێی دەکوتا بەعەردەکەداو هەڵدەپەڕی، ئەو وتی "من هەوادارێکی سەرسەختی ریالم، رقم لەبەرشەیە، هیچ شتێک بۆ من لەوە خۆشتر نییە ئەمشەو بەرشە بیباتەوە".
ئەم گەنجەش وهك زۆربهی هاندەرانی دیكهی ریال، پێش دهستپێكردنی یارییهكه پێشبینی كردووه ریاڵ دهیباتهوهو ئهمجارهش كاسهكه بۆ ئهوان دهبێت، بهڵام دواتر كه کەتەلۆنییەکان توانییان دوو گۆڵ لهریاڵ بكهن، بهتهواوی دڵتهنگو بێدەنگ بوو، ئەو وتی "دۆڕاین".
شەقامی ئیسکان یەکێکە لەقەرەباڵغترین شەقامەکانی هەرێمی کوردستانو ٢٤ کاتژمێر چۆڵ نابێت، شەوو رۆژ جمەی دێت لەگەنجو لاوانی هەولێر، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێک لەگازینۆکانی ئەم شەقامە وەک دەربڕینی خۆشەویستییان بۆ هەردوو یانەکەی کلاسیکۆی ئیسپانی، بەناوی بەرشەلۆنە یان ریالەوە ناونراونو هاندەرانیان روویان تێکردووە.
شكار ئەحمەد، گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵەو لایەنگری بەرشەیە، باس لهوه دەکات لهگهڵ چهند هاوڕێیهكیدا کە لایەنگریی بەرشەن رێككهوتوون لهكاتی هەموو یارییهكدا پێكهوه سهیری بكهن، ئهو بەئاوێنەی وت "سهیركردنی کلاسیکۆ بهتهنیا ناخۆشه، بەکۆمەڵ پێکەوە دانیشین بەدیار یاری بەرشەو ریالەوە جەوێکی خۆشمان بۆ دروست دەکات".
وتیشی "باسو خواسی یارییهكەو پێشبینیکردنی ئەنجامەکەی، هەمیشە دەبێتە پرسێكی گهرم لای گهنجان، چونكه بهشێكی زۆری گهنجان عاشقی تۆپی پێن، لهئێوارەوە زۆربهی گهنجهكان خهریكی جێگهگرتنن لهگازینۆكان بۆ سهیركردنی یارییهكە، یهكێك لهو رووداوه خۆشانهی بەردەوام چاوهڕوانیم دهستپێكردنی یاریی کلاسیکۆی بەرشەو ریاڵە، لای من رووداوێكی مێژووییهو پڕه لەسوپرایزو ههر ئیشوكارێكیشم ههبێت، وازی لێدەهێنمو ناهێڵم ئەم یارییەم لهدهستبچێت".
هەندێکجار رکابەریی گەرمو گوڕی هاندەرانی یاری کلاسیکۆی نێوان یانەی ریاڵ مەدریدو یانەی بەرشلۆنە ئەوەندە توندە، کێشەو شەڕ لەشەقامی ئیسکان لەنێوان هەوادارانی ئەم دوو یانەیەدا دروستدەبێت.
ئیبراهیم، کە خواردەمەنی فرۆشێکی شەقامی ئیسکانە باس لەوە دەکات یاری بەرشەو ریاڵ لەهەولێر وەک بۆنەیەکی گرنگی نیشتیمانی لێهاتووە، کە هەر کاتێک ئەم یارییە بێت خەڵکێکی بێ ئەژمار کۆدەبنەوە بۆ سەیرکردنی، ئەو بەئاوێنەی وت "ململانێی نێوان ئهو گهنجانه بۆ ئهو دوو یانهیه لهململانێی سیاسیهكان زۆر گەرمترهو چێژێكی زۆری لێدهبینن".
ئاماژەی بەوەش کرد کە یاری نێوان بهرشەلۆنهو ریال دەکرێت، هاندەرانیان بهتوڕهییهوه سهیری یهكتر دهكهن، ئەو وتی "هەرچەندە یارییەکە تهنها بۆ خۆشییهو رەنگە لەئیسپانیاش لەسەر ئەنجامی یارییەکە شەڕ دروست نەبێت، بەڵام لەهەولێر كێشهو شەڕی لەسەر دروست دەبێت".
وتیشی "لەبەرئەوەی لەکاتی یارییەکەدا کۆبوونەوەیەکی گەورەی گەنجان دروستدەبێتو هەموویان حەماس دەیانگرێت، هەندێکجار دوای یارییەکە ئاهەنگ گێڕانو دەربڕینی خۆشی دەگۆڕێت بۆ شەڕە دەبەو هەڵدانی جۆرەها کەلوپەل بەڕووی یەکداو پشێویەکی زۆر لەشەقامی ئیسکان دروست دەبێت، هەنێکجاریش بارگرژیو شەڕ لەنێوان هاندەرانی ئەم دوو یانەیە وا گەرم بووە، کە بەناچار هێزەکانی پۆلیس پەنایان بردووتە بەر تەقەکردن بەئاسماندا لەپێناو بڵاوەپێکردنی ئەو کەسانەی خەریکی شەڕنو بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات