میدیای ئەمریكی: ئێران لە كەمپەكانی عێراقەوە مەشق و ڕاهێنان بە سەربازانی سوری دەكات
  2025-05-05       219       

بەگوێرەی میدیایەكی ئەمریكی، ئێران هەنگاوەکانی بنیاتنانەوەی پێگەی سەربازی و سیاسی خۆی لە سوریا بە مەشق و ڕاهێنان بە دڵسۆزانی ڕژێمی پێشو لە کەمپە بیابانییەکانی ناوخۆی عێراق دەستیپێكردوە و لە بیابانەكانی ئەنباری هاوسنوری سوریا مەشق بە هەزاران سەربازی دڵسۆزانی ڕژێمی پێشو دەكات.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی میدیا لاین-ی ئەمریکی کە ڕوماڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە زاری شایەتحاڵان و سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە بڵاویکردوەتەوە، ئێران هەنگاوەکانی بنیاتنانەوەی نفوزی سەربازی و سیاسی خۆی لە سوریا بە مەشق و ڕاهێنان بە دڵسۆزانی ڕژێمی پێشوو لە کەمپە بیابانییەکانی ناوخۆی عێراق دەستپێكردوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو کەمپانە کە دەکەونە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق و نزیک سنوری سوریان، بە هاوکاری ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە چەکدارەكانی عێراق بەڕێوەدەبرێن، كە هەزاران چەکداری پێشوی ڕژێمی سوریای تێدایە و دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد هەڵاتون.

میدیا ئەمریكیەكە لە زاری سەرچاوەكانیەوە باسی لەوەكردوە، ئەو چەکدارانەی ڕژێمی پێشو کە هەڵاتون لە ناوچەکانی وەک ئەلقائیم و جورف سەخر کە بە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر بە ئێران ناسراون، بە بەردەوامی مەشق و ڕاهێنان وەردەگرن.
 
بەگوێرەی ئەو شایەتحاڵانەی کە قسەیان بۆ ئاژانسەكە کردوە، سەدان چەکداری سوریان بینیوە كە بە ئۆتۆمبێل گوازراونەتەوە بۆ کەمپەکانی بیابان کە پێدەچێت سەر بە گروپە چەكدارەكانی عێراقی بن. 

ئاژانسەكە باسی لە لێدوانێكی ئەم دواییەی ڕامی مەخلوف، بازرگانی سوری و ئامۆزای ئەسەد كرد، کە دەڵێت "هێزی تایبەت" بە هەماهەنگی لەگەڵ سوهەیل حەسەن، سەرکردەی سەربازی پێشوی سوریا ڕێکدەخات، کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڕوسیا هەیە، بە ئامانجی پاراستنی خەڵکی ناوچەی کەنار دەریاکانی سوریایە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×