بانكی رافیدەین: دۆخی داراییمان زۆر باشە و دەستمان بۆ پارەی دانراوی هاوڵاتیان نەبردوە
  2025-05-05       139       

بانكی رافیدەین رایگەیاند، دۆخی داراییان زۆر باشەو ئەو پارانەی لە بانكەكەیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە راكێشراون لە هەژمارە سیادییەكانی وەزارەتەكە بون و سەرجەم پارەی دانراوی هاوڵاتیان لە بانكەكە پارێزراوە.

ئاوێنە: ئەحمەد سامر، بەڕێوەبەری بەشی پێدان و ژمێریاری لە بانكی رافیدەین، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتوە، بانكەكەیان تاوەكو ئێستا هیچ حاڵەتێكی كورتهێنانی لە جێبەجێكردنی پابەندییە داراییەكانیدا تۆمار نەركردوەو كاروبارەكان بەشێوەیەكی دروست بەڕێوەدەچن.

جەختیشی كردۆتەوە "دۆخی دارایی بانكەكەمان زۆر باشە" و "بانك بەتەواوەتی خەرجی و پابەندییەكانی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی سودمەندی بانكەكەیان بەبێ هیچ كۆسپێك جێبەجێ دەكات."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو بڕە پارانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی لە بانكی رافیدەین راكێشراون، لە هەژمارە سیادییەكانی تایبەت بە وەزارەتەكە بوەو پەیوەندی بە پارەی دانراوی هاوڵاتییانەوە لە بانكەكەیان نییە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، زیاتر لە 80%ی هەژماری فەرمانگەكانی دەوڵەت لە بانكەكەی ئەوانن و ئەوەش لەژێر ركێفی سیاسەتی وەزارەتی داراییدایە و دەتوانێت ئەو پارانە بۆ خزمەتكردنی سیاسەتی دارایی دەوڵەت بخاتەگەڕ كە ئەوەش بەشێوەیەكی ئاسایی دەبێتە هۆكار بۆ بەرزبونەوەو دابەزینی كریدیتی بانكەكە.

هەروەها دڵنیاییشی داوە كە سەرجەم پارەی دانراوی هاوڵاتیان لە بانكەكەیان كە زیاتر لە حەوت ملیۆن هاوڵاتین، بەتەواوەتی پارێزراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×