دەم پارتی راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆنگرەی پەكەكە بڵاوكردەوە
  2025-05-09       155       

دەم پارتی لەراگەیەندراوێكدا لەبارەی كۆنگرەی پەكەكەوە دەڵێت، لەگەڵ بڕیارە مێژوییەکانی کۆنگرەی پەکەکەدا، لە ململانێی 50 ساڵەوە، هەنگاوێكی دیكە لە ئاسۆی ئاشتی نزیک دەبینەوە.

ئاوێنە: دەم پارتی لە راگەیەندراوەكەیدا لەبارەی كۆنگرەی پەكەكە وتویەتی، ئەمڕۆ ئێمە شایەتحاڵی ڕوداوێکی مێژویین سەبارەت بە یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین وەرچەرخانەکانی مێژوی نزیکی تورکیا.

 ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ بڕیارە مێژوییەکانی کۆنگرەی پەکەکە، لە ململانێی پەنجا ساڵەوە، هەنگاوێكی دیكە لە ئاسۆی ئاشتی نزیک دەبینەوە. ئەم هەنگاوە، هەنگاوێکە بۆ سەرلەنوێ چرۆکردن و گەشەکردنی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتی کە سەدەیەکە لە ناخی ئەم خاکە دێرینەماندا ئاواتی بۆ دەخوازرا.

 ئەوەشی خستۆتەڕو، ئێستا کاتی ئەوەیە ئیرادەی ژیانی هاوبەش و یەکسان بخەینە سەروی هەمو شتێکەوە. کاتی باوەڕی قوڵە بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، سیاسەتێکی ئازاد، یاسای جیهانی (بنەما گەردونییەکانی یاسا) و کاتی کارکردن و هەنگاونانە بۆ دیموکراتیزەکردن. چیتر هیچ گەنجێک نە لە شاخ و نە لە شار نەخرێتە ژێر خاک. با لەمەودوا لەم وڵاتەدا دەنگی سیاسەت بەرز بێتەوە، نەک ئینکار و چەک؛ دەنگی لێکتێگەیشتنی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی، نەک توڕەیی؛ دەنگی ژیانی پێکەوەیی و یەکسان، نەک جیایی.

 وتوشیەتی، وەک دەم پارتی، باوەڕمان وایە کە دوای ئەم وەرچەرخانە مێژوییە، پێویستە هەمو دامەزراوەکانی سیاسەتی دیموکراتی، لە سەروی هەمویانەوە پەرلەمانی تورکیا، بەرپرسیارێتی هەڵبگرن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی ڕاستەقینەی تورکیا.

 دەم پارتی هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەرکی مێژویی بەردەم پەرلەمان بۆ بونیادنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئەوەندە پیرۆزە کە نابێت بکەوێتە ژێر سێبەری هیچ بەرژەوەندییەکی سیاسییەوە. ئێستا سەرەکیترین بەرپرسیارێتیمان ئەوەیە کە پێکەوە ئەو زەمینە یاسایی-دامەزراوەییە دابمەزرێنین کە ئەم هەنگاوە مێژوییە بگۆڕێت بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی.

هەروەها وتوشیەتی،  لەم ساتە مێژوییەدا، جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی مێژویی لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە بۆ سەرخستنی دەرفەتی بونیادنانی داهاتوی دیموکراتی تورکیا، گەرەنتی ئاشتی دەبێت.

دەم پارتی سوپاسی ئۆحەلانی كردوە کە بەرپرسیارێتییەکی مێژویی لە ئەستۆ گرتوە لە پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا و وتوشیەتی، سوپاس بۆ گەلانی تورکیا کە باجی ئاشتییان بە گیانیان، بە ڕۆڵەکانیان و بە فرمێسکەکانیان داوە؛ سوپاس بۆ دەوڵەت باخچەلی کە پشتیوانی لە ئیرادەی چارەسەری کردوە و بۆ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان کە خاوەندارێتی لەم ئیرادەیە کردوە، هەروەها بۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ئۆزگور ئۆزەل و سەرجەم سەرکردەکانی تری ئۆپۆزسیۆن کە بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەیان لەگەڵ پرۆسەکەدا کردوە.

 دەم پارتی ئەوەشی وتوە، بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، ئەرکی پاراستن و بونیادنانی ئاشتی و مسۆگەرکردنی داهاتو لە ئەمڕۆوە دەکەوێتە ئەستۆی دامەزراوە سیاسییەکانمان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیمان و لە هەموی گرنگتر، هەر یەکێک لە ٨٥ ملیۆن هاوڵاتییەکەمان. دەمانەوێت ئاشتیی تورکیا ببێتە هیوا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیلهام بۆ جیهان.

جەختیشی كردۆتەوە كە وەک دەم پارتی، بەڵێنێکی پیرۆز دەدەین بە گەلانی میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ: لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستییەکان و چەسپاندنی دادپەروەری خۆمان نادزینەوە؛ هەرگیز ڕێگە نادەین بە هیچ هەنگاوێک کە ڕۆحی لەدەستچوانمان ئازار بدات، هیچ وتارێک کە زیان بە پرۆسەکە بگەیەنێت، و هیچ کردارێک کە ڕێگای ئاشتی ببڕێت. دەبینە بەرگریکار و هەڵگری ماندونەناسی هاوڵاتیبونی یەکسان، سیاسەتی دیموکراتی و ئاشتی.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ لە لایەکەوە هەست بە هیوایەکی گەورە دەکەین و لە لایەکی تریشەوە قورسایی بەرپرسیارێتییەکی قوڵی مێژوییمان لەسەرشانە. ئەمە کۆتایی نییە، بەڵکو دەستپێکێکی نوێیە. ئەم بەیانی ئیرادەیەی خۆمان بە یادکردنەوەی هاوڕێی ئازیزمان سری سورەیا ئۆندەر تەواو دەکەین، کە تەمەنی خۆی بۆ ئاشتی و برایەتیی گەلان تەرخان کرد و دڵی هەمیشە لەگەڵ چەوساوەکاندا لێیدەدا. بێگومان ڕوناکایی ئاشتی و برایەتی دەهێنینە سەر ئەم خاکە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×