بافڵ تاڵەبانی: چەكدادانی پەكەكە بەشێكی پڕۆسەكەیەو دەبێت بەشەكانی دیكەش جێبەجێ بكرێن
  2025-05-12       136       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، پێشوازی لە بڕیارەكەی پەكەكە بۆ چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە دەكات و بە "هەنگاوێكی مێژویی" ناوی دەبات و دەشڵێت، چەكدانان بەشێكی پڕۆسەی ئاشتییەو دەبێت هەنگاو و بەشەكانی دیكەی پڕۆسەكە جێبەجێ بكرێن تاوەكو بگەینە ئامانج.

ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكدا وتی"بڕیاری پەکەکە بۆ بەدەمەوەچونی بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان لەم قۆناغە هەستیارو چارەنوسسازەدا هەنگاوێکی مێژوییە و پێشوازیی لێدەکەین."

سەرۆكی یەكێتی وتوشیەتی، یەكێتی "وەک هەمیشە پەرۆشە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و هاوکار و پشتیوانی هەمو لایەک دەبین بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە، پێمانوایە چەکدانان بەشێکی پرۆسەکەیە و دەبێت هەنگاو و بەشەکانی دیکەی پرۆسەکە جێبەجێبکرێت تاوەکو بگەینە ئەو ئامانجانەی هەوڵمان بۆیان داوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال دا ستراتیجی نیشتمانیی خۆمان ئاڕاستە دەکەین کە وەک یەکەم سەرکردە شانی دایە بەر سەرپێخستنی پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆش بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژوییە."

بافڵ تاڵەبانی دوپاتی كردۆتەوە كە "تەنیا رێگا بۆ سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کوردە."

هەروەها وتوشیەتی"هیوام سەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە لە باکوری کوردستان و تورکیا، تاوەکو لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان هەڵبدرێتەوەو هەنگاو بۆ کارکردنی پێکەوەیی بنرێت و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی کوردستان هەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×