دوران کاڵکان دەڵێت "کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە لەهەموو کۆنگرەکانی تر زیاتر لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئامادە کراوە".
ئاوێنە: دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لەکۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە ڕایگەیاند "تێکۆشان کۆتایی نەهاتووە، ئەمە کۆتایی پێهێنان نییە؛ ڕێخۆشکەریی و ئافراندنی زەمینەی نوێیە بۆ مەزنکردنی تێکۆشان".
کالکان ئاماژە بەوە دەکات کە پەکەکە بە سەرکەوتوویی ڕۆڵی مێژوویی خۆی بەجێ گەیاند، ئەو وتی "هەموو کۆنگرەکانی پارتەکەمان لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئامادەکراون. ئەو هەرکاتێک نەیتوانی بێت بە پراکتیکی بەشداری کۆنگرە بکات، هەردەم کۆنگرەی ئامادە دەکرد و بەڕێوەی دەبرد. ڕەنگە ئەم کۆنگرەیشمان لە هەموو کۆنگرەکانی تر زیاتر لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئامادە کرابێت. ڕێبەر ئاپۆ ئێمەی گەیاند بەم قۆناغە. وەک میلیتانەکانی ژیانەوە، وەک پارتەکەمان، وەک گەل، ڕێبەر ئاپۆ ژیانەوەی بەدیهێنا".
وتیشی "ئەم کۆنگرەیە، وەک ڕێبەر ئاپۆ گوتی، لەڕووی ڕێکخستنییەوە دەبێتە دوایین کۆنگرەی پەکەکە... ئەم کۆنگرەمان بێگومان لەوانەی دیکە جیاوازترە. لە لایەک ئەمە لە کۆنگرەی یەکەم دەچێت. لە لایەنی مێژووییەوە ئەمە کۆنگرەی کۆتایی هێنانی پەکەکەیە، کۆنگرەی چەکدانانی پەکەکە لە شوێنی مێژوویی خۆییدا.
بێگومان ئەمە کۆتایی نییە. بە ئەنجامگرتنێکی بەمشێوەیە دەخوازرێت، بۆئەوەی ڕێگە لە پێش هەنگاوێکی نوێ بکرێتەوە. دەخوازرێت دەرفەتی هەنگاوی نوێ پێشکەش بکرێت. لە دۆخێکی بەم شێوەدا تەڤگەری ئاپۆچێتی ٥٢ ساڵەی ڕێپێوانی بە ناو پەکەکە کۆتایی پێ دێنێت... لەسەر بنەمای خۆ نوێکردنەوە، هەوڵدەدەین بە هێزتر بەشداری پڕۆسەی نوێ بین".
دوران کالکان ئاماژە بەوە دەکات کە "پەکەکە لە کۆتایی تشرینی دووەمی ١٩٧٨دا بونیاتنرا. تەڤگەری ئاپۆیی پێشتر وەک شۆڕشگێڕانی کوردستان، یەکێتی گەنجانی شۆڕشگێڕی کوردستان دەناسرا. لە دوای ساڵی ١٩٧٨ بە پێویستمان زانی ناوێکی هەبێ، خۆی وەک پارتێک بە ڕێکخستن بکات و ناوی پارتی کرێکارانی کوردستانیش بەمجۆرە بونیاتنرا. واتا وەک پەکەکە دەستی پێنەکرد. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەمە بزانرێت.
بێگومان پەکەکە بوو بە ڕێکخستنی هێڵی ئاپۆیی. ئەو جەوهەری وەرگرت و هەوڵی دا هۆشیاری ئەو بەرەو پێشەوە ببات. جەنگاوەرانی ئاپۆیی، جەنگاوەرانی پەکەکە لەسەر ئەم بنەمایە پێشکەوتن.
لە حیلوان، لە سێوەرەگ تروسکەی ڕووناکی دەستپێکی بەرخۆدان داگیرسا. لە بەرانبەر کودەتایی سەربازی فاشیستی ١٢ی ئەیلولی لە زیندان بەرخۆدانی ڕۆژی مردنی مەزنی ١٩٨٢ی ئافراند. لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا لەگەڵ هەنگاوی گەریلا لە چیا، لە ناو گەریلادا دەستی بە تێکۆشانی ژیانی نوێ، ژیانی ئازادی و فیدای کرد.
دەزانین لە سەرەتایی ساڵانی ١٩٩٠دا ئەنجامی گرنگی ئەمە بە دەستهێنرا. باسی شۆڕشی ژیانەوەی نەتەوەییمان کرد. شۆڕشی ژیانەوەی نەتەوەیی لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەریلا لەسەر ئەم بنەمایە لە ماوەیەکی کەمدا بە دی هات. ڕاپەڕین دەستی پێکرد. تێکۆشانی ئازادی ژن، شۆڕشی ئازادی ژن بوو بە ڕۆژەڤ.
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'پەکەکە لەوێ ئەرکی مێژووی خۆی تەواو کرد'. تەڤگەری بۆ بەیانکردنی حەقیقەتی کورد، هەبوونی، شکاندنی نکۆڵیکردن و لە ناوبردن بوو. ئەمە بە تێکۆشانی ساڵانی ١٩٧٠،٨٠ و لەگەڵ شۆڕشی ژیانەوەی نەتەوەیی سەرەتایی ساڵانی ١٩٩٠ سەرخست. بەمجۆرە ڕۆڵی مێژوویی خۆی جێبەجێکرد".