حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ماڵان، پارەى کارەبا لە وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکانیش وەردەگرێت و دەڵێت، دەبێت لەو بودجەیە بیدەن کە مانگانە بۆ مەسروفات بۆیان خەرجدەکرێت.
ئاوێنە: حکومەتى هەرێم پلانى هەیە هەموو فەرمانگەکان وەکو هەنگاوی یەکەم لەمەودوا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی پێوەری زیرەکیان بۆ دابنێت و کیلۆوات بە کیلۆوات لەسەریان هەژمار بکات و دەبێ مانگانەش وەکو ماڵان پارەی کارەبا بدەن.
بەگوێرەى پرۆژەى رووناکى حکومەتى هەرێم، هەر کیلۆواتێک بۆ فەرمانگەکانی حکومەت بە 160 دینارە، نرخەکە جێگیرە و ناگۆڕێت، واتە وەکو ماڵان نییە کە 400 کیلۆواتی یەکەم نرخێک بێت و 400ی دووەم گرانتر بێ، بۆنموونە ئەگەر فەرمانگەیەکی حکومەت مانگانە پێنج هەزار کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، ئەوا دەبێت مانگانە 800 هەزار دینار بدات.
ئەم هەنگاوەى حکومەتى هەرێم، مەبەست لێى کەمکردنەوەى بەفیڕۆدانى کارەبایە لە فەرمانگە حکومییەکان.