فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران لە كۆبونەوەی نێوانیاندا لە تاران تاوتوێی هاوردەی غاز و كارەبای ئێران دەكەن. وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، هیوادارین دانوستانەكان نێوان تاران و واشنتۆن، رێككەوتن و هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێرانیان لێ بكەوێتەوە.
ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ دوشەممە، مەسعود پزیكشیان لە كۆمەڵگەی سەرۆكایەتی لە تارانی پایتەخت پێشوازی كردوە لە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا پزیشكیان ستایشی پەیوەندییە مێژوییەكانی نێوان عێراق و ئێرانی كردوەو جەختیشی كردۆتەوە كە وڵاتەكەی چاوی لە پەرەپێدانی هەماهەنگی دوقۆڵییە بەتایبەت لە بوارەكانی ئابوریی و پیشەسازیدا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا باسیان لە دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا كردوەو فواد حسێن پشتیوانی عێراقی بۆ دانوستانەكان دوپاتكردۆتەوەو وتوشیەتی، هیوادارین ئەو دانوستانانە ئەنجامێكی كۆنكرێتیان هەبێت و رێككەوتنی نێوان هەردولای لێبكەوێتەوە كە ببێتە مایەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە كۆوبنەوەكەدا وەزیری دەرەوەی عێراق باس لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردو وڵات كردوە كە رو لە گەشەكردنەو ئاماژەی بەوە بەرەوپێشچونی پەیوەندییە ئابورییەكان و ئاڵوگۆڕی كولتوری و گەشتیاری كردوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەردولا تاوتوێی پرسی هاوردەكردنی غاز و كارەبایان لە ئێرانەوە كردوە لەگەڵ تاوتوێكردنی ئەو ئاڵەنگارییانەی كە روبەڕوی ئەو دۆسیانە دەبنەوە.
هەر لە كۆبونەوەكەدا فواد حسێن جەختی لەوە كردۆتەوە كە گەشەپێدان بەبێ بونی سەقامگیرییەكی گشتگیر لەناوچەكەدا بەدی نایەت.