ئا: مەزهەر کەریم
زۆرینەی ژنان دان بەوەدا دەنێن وەک پێویست ئاگایان لەو یاسایەنە نییە کە داکۆکی لەمافەکانیان دەکات، پارێزەرێک دەڵێت "زۆرینەی یاساکانی تایبەت بەمافی ژنان، ژنان پێی ئاشنا نین تا ئەو کاتەی تووشی کێشەیەکی خێزانی دەبنو پێویستیان پێیدەبێت".
بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە، زۆربەی هەرە زۆری ژنان زانیارییەکی ئەتۆیان سەبارەت بەمافە یاساکانی خۆیان نییە، بەوانەشەوە کە ئاستی خوێنەوارییان بەرزەو خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە، ئەم نەبونی زانیاریو ئاشنا نەبوونە بەیاساکانی تایبەت بەژنانو خێزان، زۆرجار دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانیان.
"حکومەت وەک پێویست ژنانی بەمافەکانیان ئاشنا نەکردووە"
مەریەم حەمەد، ئەندامی لیژنەی داکۆکی لەمافەکانی ژنان لەخولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانو چالاکەوانی مافەکانی ژنان ئاماژە بەوە دەکات ھەر یاسایەک دەردەچێت، ژنان کەمتر ئاگاداری دەبنو حکومەت گرنگی بەیاساکە نادات، ئەو بەئاوێنەی وت "پێویستە ھەر یاسایەک دەردەچێت حکومەتو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆڕو سیمیناری تایبەتی بۆ ساز بکەن، بەتایبەت ئەو یاسایانەی تایبەتن بەمافەکانی ژنان، کە وەک پێویست ئەوە نەکراوەو لە ٨٠% ژنان نازانن ئەو یاسایانە کامانەن خزمەت بەمافەکانیان دەکات".
وتیشی "بەھۆی ئەوەی ژنان لەماڵەوەنو خەریکی خزمەتی ماڵو منداڵنو لەگەڵ ئەوەشدا ھۆشیاریی دەربارەی مافی ژنان لەلایەن سەرۆک خێزانەکانەوە وەک پێویست نییەو کێشە کۆمەڵایەتیەکان زیادی کردووە، ژنان لەبارەی مافەکانیانەوە وەک پێویست نازاننو بۆ خۆشیان لەو بارەیەوە ھەوڵی پێویستیان نەداوە ھەرچەندە زۆرینەی یاساکانی خێزان لەبەرژەوەندی ژناندایە".
"ژنان نازانن سوود لەیاساکانی ژنان وەربگرن"
پەیمان عێزەدین، پارێزەرو پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، سەبارەت بەئاشنا نەبونی زۆرینەی ژنان بەمافە یاسایەکانیان، ئاماژە بەوە دەکات کە ھەر یاسایەک، دەردەچێت بۆ ژنانو توێژو چینێکی دیاریکراو لایەنی پەیوەندیدار پێویستە ھەڵمەتی بڵاوکرنەوەی بۆ بکات، ئەو بەئاوینەی وت "جیاواز لەیاساکانی دیکەی ژنان یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزانی زۆرباش مامەڵەی لەگەڵ کرا، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەزوویی کەوتنە بڵاوکرنەوەی، ژنان دەتوانین بۆ دەستکەوتنی مافەکانیان دەستی پێوەبگرن، ھەر یاسایەکی ژنان ھەڵمەتی ھۆشیاری بۆ نەکرێت، وەک پێویست ژنان پێیی ئاشنا نابنو ناشزانن چۆن سوودی لێوەربگرن".
وتیشی "یاسای باری کەسێتی لەبەرئەوەی یەکێکە لەیاساکانی ئەندامانی خێزان لەکاتی دەرچوونیدا کاری زۆر باشی لەسەرکراو زۆرینەی ژنان پێی ئاشنا بوون، ھەرچەندە وەک پێویست مافی ژنانی تێدا بەدینەھاتووە، بەھۆی ئەو باکگراوندە کلتورییەی ھەیەتی یەکێکە لە یاسا زۆر باشەکان، ھەرچەندە لەسەرەتایی دەرچوونیەوە کۆمەلێک کەموکوڕی تێدا بوو، بەڵام لەدواجاردا دەبێت ئەوە بڵێین: رەفتاری توندوتیژ لەناو کۆمەڵگە دەناسێنێتو بەربەستێک دروست دەکات بۆ کەمکرنەوەی توندوتیژی خێزانی، دە توانین بڵین خزمەتی باشی بەژنان کردووە".
"ئەو مافانەی ژنان بەدەستیان هێناوە کەمن"
رێزان شێخ دلێر، پارێزەرو چالاکوانو پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراق، بەئاوێنەی وت "ھەندێک یاسا نەبێت تایبەتە بەڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەکوردستانو عێراق، کە سوودمەندی یەکەم ژنانو پاشان منداڵانن، وەک یاسای سزادانی عێراقی، بەڵام ھیچ یاسایەک نیە تایبەت بێت بەمافەکانی ژنان تا لەکاتی جیابونەوەدا مافەکانیان پارێزراو بێت".
وتیشی "بەپێی ئەو بەدواداچونانەی لەرێگەی تونوتیژیی ژنانەوە کارمان لەسەر کردووە، ھێشتا ژنان ھۆشیار نین بەرامبەر مافەکانیان، بەنموونە زۆرینەی ژنان ھێشتا ھۆشیاری ئەوەیان نیە لەکاتی جیابونەوەدا سکاڵا بکەن تا مافەکانیان پارێزراو بێت، بۆیە پێویستمان بەھۆشیاری زیاتری ژنانە، چونکە ئەو مافانەی ژنان بەدەستیان هێناوە کەمن".
"ژنان لە دادگاکان لەبارەی مافو نەفەقەوە ھیچ نازانن"
سەرگوڵ قەرەداغی، راوێژکار لەبارەی مافەکانی ژنان ئاماژە بەوە دەکات سەڕەرای زۆربوونی رێکخراوەکانی ژنانو کۆمەڵگەی مەدەنی، هێشتا ژنان ئاشنای مافەکانیان نین، ئەو بە ئاوێنەی وت "ژنان کاتێک رووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە ھیچ زانیاریەکیان نیە، بەتایبەت لەداداگاندا کە ئێمە لە دادگا کار دەکەن، ئاگادارین ژنان لەبارەی مافەکانیانو نەفەقەوە ھیچ نازانن ".
لەبارەی ئەوەی دەقی سایاکانی خێزان تاچەند خزمەتی بەژنان کردووە، قەرەداغی وتی "ھەر مافێک لەدەقێکی یاسایدا بێتو بەیاسا کرابێتو خزمەت بکات، جا ئەو یاسایە بۆ ژن بێت یان بۆ پیاو یان بۆ منداڵ بێت، یاخود یاساکانی تایبەت بەخێزان بێت خزمەتی خۆیی دەکات".
"کار دەکەین تا ژنان زیاتر باوەڕیان بەخۆیان بێت"
چرۆ محەمەد، بەرێوەبەری پرۆگرامەکان لەئەنجومەنی باڵای خانمان، لەبارەی کارو چالاکیەکانیان بۆ زیاتر ئاشنابوونی ژنان بەمافە یاساکانیان، بەئاوێنەی وت "سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکین لەسەر میدیاو سۆشیال میدیاو لیژنەیەکی باڵامان پێکھێناوە کە لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی ناوخۆو بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی خێزانی کار دەکەین کە زیاتر ژنان سەبارەت بەمافەکانیان ئاشنا بکەین".
وتیشی "یەکێک لەو شتانەی کە دەبێت بەردەوام کاری لەسەر بکرێت ھۆشیاری ژنانە تا باوەڕیان بەخۆیان بەتوانا بن لەھەموو بوارەکاندا تا زیاتر ئاشنای مافەکانی خۆیان بن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات