رێباز حەملان: پێویستە وەزیرە کوردەکان لە بەغدا هەڵوێستی کوردانەیان هەبێت
  2025-05-29       259       

رێباز حەملان، بریكاری پێشوی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ڕایگه‌یاند، پێویستە وەزیرە کوردەکان لە بەغدا هەڵوێستی کوردانەیان هەبێت ناوەندەكانی بڕیار و کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بکەنە مەیدانی بەرگریکردن لە مافی موچەخۆران و هاوڵاتیان بە دەنگی بەرز داواکاری گەلەکەیان بگەیەنن، ئەگەر ئەوەشیان پێ ناکرێت، قوت و ژیانی خەڵکی کوردستان زۆر لە پۆست و پلەو پایە گەورەترە.

ئاوێنە: رێباز حەملان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "وەزیری دارایی عێراق داردەستێکی سیاسیە، محەمەد شیاع سودانی و (چوارچێوەی هەماهەنگی) و دەوروبەر بۆ مەرامی سیاسی بانگەشەی هەڵبژاردن و فشاركردن لەسەر گەشەسەندن و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بەكاریدەهێنن هەركات بیانەوێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لیستی موچەی مانگی پێنج هیچ كێشەیەكی یاسایی و ئیداری و مالی نیە، ئەو بڕیارەی 100%سیاسیە و دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، رێز نەگرتنی دەستور و یاسای بودجەو بریاری ژمارە (224)ی دادگای فیدڕاڵییە، كە حكومەتی عێراق پابەند دەكات بە پێدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دەركردنی لە كێشەو ململانێكان.


رێباز حەملان باسی له‌وه‌شكردوه‌، "سەرەڕای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پشكی هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك لەلایەن بەغدادەوە بەتەواوی خەرجنەكراوە و تەنها موچەیان خەرجكردوە نەك پشكی هەرێم، بۆ ساڵی 2025 بەس بۆ موچە بری (11 ترلیۆن و 500 ملیار ) بۆ هەرێم دانراوە و رێككەوتنی لەسەركراوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا تەنیا (3 ترلیۆن و 800 ملیار) دینار بۆ موچەی هەرێم خەرجكراوە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئەوەی ئێستا لەبەغدادەوە دەكرێت ڕاستەوخۆ دژ بە موچەخۆران و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی كوردستانە، ئەوە بەشێكە لە فشارە بەردەوامەكانی بەغدا بۆسەر هاوڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ روبەروبونەوەی ئەم فشارانە ئەمڕۆ لە هەموكات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و پێکەوەبونە لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی خۆمان بێینە دەنگ، رەنگی حیزبی و بەرگی ناکۆکی بخەینە لاوە".

رێباز حەملان ده‌ڵێت، "پێویستە وەزیرە کوردەکان لە بەغدا هەڵوێستی کوردانەیان هەبێت ناوەندەكانی بڕیار و کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بکەنە مەیدانی بەرگریکردن لە مافی موچەخۆران و هاوڵاتیان بە دەنگی بەرز داواکاری گەلەکەیان بگەیەنن، ئەگەر ئەوەشیان پێ ناکرێت، قوت و ژیانی خەڵکی کوردستان زۆر لە پۆست و پلەو پایە گەورەترە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×