حكومەتی هەرێم: بەهۆی پڕۆژەی روناكییەوە لەسەدا 17ی مۆلیدەكان كوژێندراونەتەوە
  2025-06-05       184       

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە پاش جێبەجێکردنی پرۆژەی روناکی، لە کۆی حەوت هەزار مۆلیدە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان، هەزار و 260 مۆلیدە کۆژێندراونەتەوە، کە دەکاتە 17%ـی کۆی مۆلیدەکان.

ئاوێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی کردەوە، لە هەولێر هەزار و 92 مۆلیدە، لە سلێمانی 79 مۆلیدە و لە دهۆک 89 مۆلیدە کوژێندراوەتەوە و تاوەکو ئێستا 17٪ـی مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی کوردستان کوژێندراونەتەوە، کە لەڕوی ژینگەییەوە یەکسانە بە لابردنی 250 هەزار ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کاریگەرییەکانی کوژاندنەوەی مۆلیدەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی روناکی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 یەکسان دەبێت بە لابردنی یەک ملیۆن و 300 هەزار ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان و ئەم ژمارانەش دەبنەهۆی کەمکردنەوەی رێژەی دەردانی گازی ژەهراویی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بە رێژەی ٪4 لە هەرێمی کوردستاندا.

بەپێی راگەیەندراوەكە، پرۆژەی روناکی گرێبەستی لەگەڵ خاوەنەکانیان کردوە بۆ کوژاندنەوەی مۆلیدەکان و تەنها کارکردنیان وەک جێگرەوەیەک، جگەلەوەی خاوەن مۆلیدەکان بە بەردەوامی مانگانە شایستە داراییەکانیان وەرگرتوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×