دەستەی پەروەردە و فێرکردنی ئیدارەی خۆسەرو وەزارەتی پەروەردەی سوریا، دوای چەند کۆبونەوەیەک کە لە 5 و 6ی حوزەیراندا ئەنجامدران، لەسەر چەند خاڵێك لەبارەی تاقیكردنەوەكان رێككەوتن.
ئاوێنە: دەستەی پەروەردە و فێرکردنی ئیدارەی خۆسەر، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی لەبارەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانەوە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی سوریا لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتون.
بەپێی رێككەوتنەكە لەبەر بەرپرسیارێتی هاوبەشمان بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی پەروەردە و دەستەبەرکردنی مافەکانی خوێندکاران لە هەمو ناوچەکانی سوریا و لەسەر پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی هاوکاری و یەکگرتویی لە نێوان دامەزراوە پەروەردەییەکاندا، دەستەی پەروەردە و فێرکردنی ئیدارەی خۆسەرو و وەزارەتی پەروەردەی سوریا، دوای چەند کۆبونەوەیەک کە لە رۆژانی 5 و 6ی ئەم مانگە ئەنجامدران، بۆ ئەوەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بە ڕێکوپێک بەڕێوەبچن و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خوێندکاران و داهاتوی خوێندنیان بکات، لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتین:
١- دواخستنی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ئامادەیی لە بەرواری ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بۆ ٢١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥.
٢- دروستکردنی لیژنە هاوبەشە کاتییەکان بۆ چاودێری بەڕێوەچونی تاقیکردنەوەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەستەبەرکردنی شەفافیەت و پیشەیی لە بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکاندا.
٣- کردنەوەی ناوەندە هاوبەشە کاتییەکان بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران لە هەرێمە جیاوازەکان و ئاسانکردنی کاروبارەکانی تۆمارکردنیان بەپێی پێوەرە پەروەردەییە پەسەندکراوەکان.
٤- تۆمارکردن لە رێككەوتی ١١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دەستپێدەکات تا ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥.
٥- ئاسانکردنی گواستنەوەی تۆمارکردن بۆ ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تۆمارکراون و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکان بە بێ ئاستەنگ.
٦- لە شەش شارە گەورەکانی پێنج کانتۆن: قامیشلۆ، حەسەکە، ڕەقە، دێرەزۆر، تەبقە و کۆبانی (سرین)، تاقیکردنەوە ئەنجام بدرێت کە مەرج و بارودۆخی لۆجیستیکی باش بن و خوێندکاران بتوانن بە شێوەیەکی ئاسان خۆیان بگەیەننە ناوەندەکانی تاقیکردنەوە.
دەستەی پەروەردەو فێركردنی ئیدارەی خۆسەر جەختی كردۆتەوە كە ئەم ڕاگەیاندراوە پابەندبونمان نیشان دەدات بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی ئارام و تەندروست بۆ هەمو خوێندکارانی سوری، هەروەها پابەندبونمان بۆ کاری هاوبەش دوپات دەکاتەوە بۆ باشترکردنی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمە جیاوازەکان.