وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران: دەستمان بە گەنجینەیەکی زانیاریی ئەتۆمیی ئیسرائیل گەیشتوە
  2025-06-08       358       

ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند، دەستیان بە "گەنجینەیەکی گرنگ"ـی زانیاری لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئیسرائیلەوە گەیشتوە.

ئاوێنە: ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی وڵاتەكەی وتی، دەستیان بە "گەنجینەیەکی زانیاریی ستراتیژی، ئۆپەراسیۆنی و زانستیی رژێمی زایۆنی گەیشت" و بە هەوڵی زۆری هێزەکانیان گواستویانەتەوە بۆ نێو ئێران.

خەتیب بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەزاران لاپەڕە بەڵگەنامە بەدەستهێنراون و پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە بەمزوانە بڵاویان دەکەنەوە.

وتیشی: "بەڵگەنامەی ئەتۆمیی تەواو بەدەستهێنراون و گواستراونەتەوە. هەروەها بەڵگەنامەی دیکەی پەیوەست بە ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی دیکە و هەروەها بەڵگەنامەی هەواڵگری کە دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی توانای هێرشکردنی وڵات، لەنێویاندان."

 وەزیری ئیتڵاعات هیچ وردەکارییەکی لەبارەی شێوازی بەدەستهێنانی ئەو بەڵگەنامانە ئاشکرا نەکرد، وتیشی، شێوازی گواستنەوەی بەڵگەنامەكان گرنگە، بۆیە بەم زوانە ئەوە بڵاوناكەنەوە بەڵام بەڵگەنامەكان بەزویی بڵاودەكەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×