میدیاکانی ئەمریکا باسلەوەدەکەن، بەهۆی ئەو ناکۆکییەی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیڵۆن مەسک، ملیاردێری جیهانی دروستبووە، لە ماوەی یەک رۆژدا، زیاتر لە 34 ملیار دۆلار زیان بەر سامانەکەی مەسک دەکەوێت.
ئاوێنە: بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، پاش سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، سامانی مەسک گەیشتبووە نزیکەی 500 ملیار دۆلار، کە میدیاکان ئەو ماوەیەیان بە “رۆژە زێڕینەکانی مەسک” ناوبردووە.
لە راپۆرتێکی کەناڵی (ئەلعەرەبیە)ـدا ئەوە خراوەتەڕوو، دوای تێکچوونی پەیوەندیی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و ملیاردێرە جیهانییەکە، سامانی ئیڵۆن مەسک لە یەک رۆژدا بە بڕی 34 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، ئەوەش بەهۆی داڕمانی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا.
کەناڵەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا (کە ئیڵۆن مەسک خاوەنیەتی)، بە رێژەی 14% دابەزیوە، ئەوەش گەورەترین زیانی کۆمپانیاکە بووە لەم ماوەیەی رابردوودا.