لە سلێمانی سبەینێ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ دەست پێدەکات
  2025-06-09       209       

سایلۆی سلێمانی ئاگاداری جووتیاران دەکاتەوە، سبەی بە چەند ڕێکارێک، وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ دەست پێدەکات.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی - سایلۆی سلێمانی لە ناحیەی پیرەمەگروون بڵاوی کردەوە، ئاگاداری جووتیاران دەکەنەوە، سبەی سێشەممە 10/6/2025، دەست بە پرۆسەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران بۆ وەرزی 2025 دەکرێت .

سایلۆکە داوای لە جووتیاران کردووە ڕەچاوی چەند خاڵێک بکەن، لەوانە:

- سبەی تەنیا جووتیارانی سنووری هەردوو بەشی کشتوکاڵیي پیرەمەگروون و تانجەڕۆ - عەربەت گەنمەکانیان بێنن، جگە لە جووتیارانی ئەو دوو بەشە کشتوکاڵییە، هیچ جووتیارێک لە بەشە کشتوکاڵییەکانی دیكە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانیان ڕانەگرن.

- جووتیاران ئوتۆمبێلە بارهەڵگرەکانیان بە یەک ڕیز ڕاگرن و دەبێت سەرجەم ئوتۆمبێلەکان پڕ بن لە دانەوێڵە، بە پێچەوانەوە باج بە دوو ڕیز و بە هیچ ئۆتۆمبێلێکی بەتاڵ و نیوە نادرێت.

- تراکتۆرەکان لای دیواری سایلۆوە بۆ سەرەوە بۆ لای سەربڕخانەکەی پیرەمەگروون بە یەک ڕیز بووەستن  و پێویستە دانەوێڵەیان پێ بێت، بە پێچەوانەی ڕێنوێنییەكان باج بە هیچ تراکتۆرێک نادرێت. 

- بۆ هەر بارهەڵگرێک پێویستە تەنیا شۆفێری بارهەڵگرەکە بێتە ژوورەوە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان هیچ بارهەڵگرێک نابێت لە یەک کەس زیاتری لەگەڵدا بێت.

- وەک تێبینی کراوە، خاوەن بارهەڵگرەکان بە پلێت و ئاسن بۆدیی گەڵابەکانیان بەرز کردووەتەوە، بۆ ئەوەی دانەوێڵەی زیاتری لێ بار بکرێت، بۆیە هەر بارهەڵگرێک، بە شێوەیەک بەرزی کردبێتەوە کە ئامێری ڕاکێشانی گەنم بۆ پشکنین نەگاتە بەشی ژێرەوەی بۆدییەكە، گەنمەکەی لێ وەرناگیرێت.

- داواکارین لە جووتیاران گەنمەکانیان تەنیا لەو بارهەڵگرانە بار بکەن کە خۆیان هەڵیدەڕێژن، واتە بارەهەڵگر بەپێچەوانەوە گەنمیان لێ وەرناگیرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×