دارا سێكانیانی، پەرلەمانتاری یەكگرتو لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پاڵپشتی دەستوری هەیە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە تاوەكو ئێستا لایەنی كەمتەرخەم سزا نەدراوە.
ئاوێنە: دارایی سێكانیانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پاڵپشتی دەستوریمان هەیە، چونكە موچەخۆرانی كوردستان مافی خۆیانە شایستە داراییەكانیان وەربگرن، كێشەكە لەوەدایە كە هەتا ئێستا لایەنی كەمتەرخەم سزا نەدراوە و ئیجرائاتی لەگەڵدا نەكراوە.
سێكانیانی رونكردەوە"نابێت بە هیچ بیانویەك دەست بۆ قوت و موچەی موچەحۆران ببرێت، كێ كەمتەرخەمە لە حكومەتی هەرێم یان حكومەتی عێراق، دەبێت ئیجرائاتیان لەگەڵ بكرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا وەك ئەوەیە یەكێك كێشەی دروستكردبێت، بەڵام یەكێكی دیكە سزا بدرێت."
وتیشی، ئەوان لە سەردانی هەفتەی رابردویان بۆ لای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، باسی ئەوەیان كردوە كە دەبێت چارەسەرێك بۆ كێشەی موچە بدۆزرێتەوە، بەڵام سودانی وتویەتی، مانگەكانی رابردوش لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی موچەی ناردوە.