بۆ یەکەمجار؛ هێزی دەریایی ئیسرائیل بەشداری لە بۆردومانی حودەیدە دەکات
  2025-06-10       329       

بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ سێشەممە، هێزی دەریایی ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی بۆ سەر بەندەری حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن ئەنجامدا، ئەوە یەکەمین بەشداریکردنی هێزی دەریایی ئیسرائیل بو کە بە ئاشکرا ڕاگەیەندرا لە ئۆپەراسیۆنە ڕاستەوخۆکان دژی پێگەکانی حوسییەکان، لە کاتێکدا کە ڕوبەڕوبونەوەیەکی توندتر لە نێوان تەلئەبیب و میلیشیاکانی سەر بە ئێراندا پەرەی سەندوە.

ئاوێنە: ئەو پێشهاتە جێی سەرنجە دوای ئەوە دێت کە هەواڵگری ئیسرائیل ڕاپۆرتی بڵاوکردەوە کە پێشێلکارییەکی ئەمنی ڕویداوە کە لەو ماوەیەدا مۆساد توانی گروپی حوسییەکان لەناو تۆڕی حزبوڵای لوبنان لە لوبنان کۆبکاتەوە. ئەوەش وایکرد ئیسرائیل زانیاری دروست لەبارەی ئەو شوێنە ستراتیژیانەی کە حوسییەکان لە یەمەن بەکاریان دەهێنن بەدەستبهێنێت.

هەر لە هەمان چوارچێوەدا ڕاپۆرتەکانی یەمەن ئاماژەیان بەوە کردوە کە مۆساد لە چەند مانگی ڕابردودا ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی بەرفراوانی لە ناو خاکی یەمەن ئەنجامداوە، ئەوەش وایکردوە ئیسرائیل هێرشه‌كانی فراوان بكات کە دامەزراوە دەریاییەکان و کۆگاکانی چەک و شوێنی هەڵدانی موشەک ده‌كاته‌ ئامانج، کە پێدەچێت حوسییەکان بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییە ئیسرائیلییەکان و نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوردا بەکاریبهێنن.

پێش هێرشەکە ئێوارەی دوێنێ دوشەممە هۆشدارییەکی گشتی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای چۆڵکردنی سێ بەندەری گەورەی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان بو کە بریتین لە حودەیدە، ڕاس عیسا و سەلیف.

ئەڤیخای ئەدرای، وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە وتی، "بە لەبەرچاوگرتنی بەکارهێنانی ئەو بەندەرانەی حوسییەکان بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکانیان، داوا لە هەمو ئامادەبوان دەکەین دەستبەجێ بەجێبهێڵن بۆ سەلامەتی خۆیان، تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر".

بەکارهێنانی هێزی دەریایی بۆ یەکەمجار نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی دەکات لە تاکتیکەکانی ئیسرائیلدا، بەو پێیەی هەمو هێرشەکانی پێشو لەلایەن هێزی ئاسمانی یان سیستەمی بەرگری موشەکییەوە ئەنجامدراون.

چاودێران پێیان وایە ئەو بەشدارییە دەریاییە ڕەنگدانەوەی پلەیەکی بەرزی وردبینی هەواڵگری و پلاندانانی ئۆپەراسیۆنە و لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە گۆڕینی بەندەرەکانی مەدەنی حوسییەکان بۆ سەکۆی لۆجستی و سەربازی.

هەروەها هەندێک ئاماژە بەوە دەکەن کە تەلئەبیب دەستی کردوە بە چاودێریكردنی یەمەن وەک هێڵی پێشەوەی ململانێی ناوچەیی لەگەڵ تاران و پەرەسەندنی بانکی ئامانجیش ڕەنگدانەوەی ئاراستەیەکی ستراتیژییە بۆ فشارخستنە سەر بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×